ئادار عەبدوڵڵا
ئافرەتی کورد لە مێژووی هاوچەرخی گەلەکەیدا بەشێکی کاریگەر و دانەبڕاو بووە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی. لە شۆڕشی ئەیلوولدا ئافرەتانی کورد شانبەشانی پیاوان ڕووبەڕووی کۆسپەکان بوونەوە و ڕۆڵێکی فرەلایەنیان لە پشتگیریی پێشمەرگە و ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا گێڕا.
ڕۆڵی ئافرەتانی کورد لە شۆڕشی ١١ی ئەیلوولدا ڕۆڵێکی سەرەکی و فرەلایەن بوو؛ ئەوان هەم بەشدارییان لە خەباتدا کرد و هەم بوونە ماڵ و پزیشک بۆ پێشمەرگەکانمان. لەو کاتەدا، ئافرەت لە دێهات و گوندەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و بارگرانیی سەرەکیی بژێویی ژیان و پشتی پەردەی شۆڕشی لە ئەستۆ بوو؛ بە میوانداری کردنی پێشمەرگەکان، دروستکردنی خۆراک، بەرگدووری و دوورینی جلی پێشمەرگە. هەروەها وەک پزیشک و پەرستار برینەکانیان چارەسەر دەکردن، لە ماڵ و شاخەکاندا دەیانشاردنەوە و چەک و زانیارییان لە نێوان شار و شاخدا دەگوواستەوە، کە ئەمەش بەشێک بوو لە ئەرکی ڕۆژانەیان.
دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە ١١ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٢دا، هەنگاوێکی گرنگ و وەرچەرخانێک بوو بۆ ئەوەی ئافرەتان تواناکانیان لەناو جەرگەی شۆڕشدا وەگەڕ بخرێن و بە دوژمنانی نیشان بدەن. جگە لەوەی ئافرەتان دایک بوون، پارێزەری پێشمەرگەش بوون؛ لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر لە شێرەژنانی کورد چەکیان هەڵگرت، چوونە نێو شەڕەوە و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان بە چاونەترسییەوە دەجەنگان. ئافرەتان لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵایەتی، پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و بەشداریکردن لە خەباتی ڕاگەیاندن و سیاسیی شۆڕشدا. ئافرەتانی خوێندەوار لە ڕێگەی بەیاننامەکان و ئێزگەی دەنگی کوردستانەوە بە هاوکاریی ڕێکخراوەکان دەنگی شۆڕشیان دەگەیاند.
لە کاتێکدا پیاوان لە سەنگەرەکاندا بوون، ئافرەتان بە تەنیا بەرپرسیارێتیی بەخێوکردنی منداڵان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاوارەیی، تاڵانی و بۆردومانی گوندەکانیان لە ئەستۆ گرت. ئەوان بە خۆڕاگرییان ڕێگەیان نەدا ڕووخانی ورەی خێزانەکان ببێتە هۆی لاوازبوونی شۆڕش و بوونە پشتوپەنایەکی ئاسنین بۆ پێشمەرگە.
هەروەها لە ناوچە ئازادکراوەکانی شاخدا، ئافرەتانی خوێندەوار، پزیشک و پەرستاران نەخۆشخانەی مەیدانییان بەڕێوە دەبرد. لە بارودۆخێکدا کە دەرمان و کەرەستەی پزیشکی زۆر کەم بوون، ئەوان بە شێوازی کلتووری و خۆڕاگرانە برینداری شەڕەکانیان چارەسەر دەکرد. لەلایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە نەوەستێت، مامۆستا ئافرەتەکان لە ئەشکەوت و ژێر خێمەکاندا وانەیان بە منداڵانی ئاوارە دەوتەوە تاوەکو لە خوێندن دانەبڕێن.
ئافرەتانی کورد تەنیا پشتیوان نەبوون، بەڵکو خۆشیان بوونە ئامانجی ڕاستەوخۆی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم. سەدان ئافرەت بەهۆی هاوکاریکردنی شۆڕش یان لەبەر ئەوەی هاوسەر و ڕۆڵەکانیان پێشمەرگە بوون، دەستگیر کران و خسترانە ژێر دژوارترین ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی؛ زۆرێکیان زیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام سەریان بۆ داواکارییەکانی ڕژێم دانەنواند.
ئەم بەشدارییە بەرفراوانەی ئافرەتان لە شۆڕشی ئەیلوولدا، تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردیی لەسەر پێگەی ئافرەت گۆڕی. سەلماندی کە ئافرەت تەنیا پەروەردەکاری خێزان نییە، بەڵکو هێزێکی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیی کارایە؛ ئەمەش دواتر ڕێگەی خۆش کرد بۆ بەشداریی بەرفراوانتری ئافرەتان لە شۆڕشی نوێ و ئیدارەدانی سیاسیی دوای ڕاپەڕیندا.
لە ئینجاڕا بۆمان سەلمێندرا کە خەباتی ئافرەتانی کورد لە شۆڕشی ئەیلوولدا سەلماندی کە سەرکەوتنی نەتەوەیی بەبێ بەشداریی ئافرەت مەحاڵە. دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ئازایەتیی ئافرەتان لە سەردەمی شۆڕشدا ببوونە بەردی بناغە بۆ بەهێزبوونی پێگەی ئافرەت لە قۆناغەکانی دواتری مێژووی کوردستاندا، کە تاوەکو ئێستاش ڕۆڵی ئافرەت بڕبڕەی پشتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەیە.

