ئایە عەلی محەمەد
ئەم شۆڕشە بە یەکەم جەنگی نێوان کورد و عێراق ناسراو بوو. گرنگیی ئەم شۆڕشە لەوەدا دەرکەوت کە توانی حکومەتی عێراق ناچار بکات دان بە بەشێک لە مافە سیاسی و ئیدارییەکانی کورددا بنێت، کە لە ڕێککەوتنامەی مێژوویی ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا ڕەنگدانەوەی هەبوو و دەرگای بۆ قەوارەیەکی فەرمی لە شێوەی ئۆتۆنۆمیدا کردەوە. هەرچەندە ئەو ڕێککەوتنامەیە دواتر لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتەوە پێشێل کرایەوە، بەڵام شۆڕشی ئەیلوول سەلماندی کە ئیرادەی گەلی کورد لەناوچوونی بۆ نییە.
عەبدولکەریم قاسم سەندیکا پیشەیییەکان، ڕێکخراوەکانی قوتابیان، لاوان، ئافرەتان و دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی کوردی، لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی داخست؛ لەوانەش ڕۆژنامەی (خەبات) کە زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. هەروەها پارتی کە پارتێکی مۆڵەتپێدراوی ڕەسمی بوو، چالاکییەکانی قەدەغە کران و بارەگاکانی داخران.
لە ٢٠ی تەمووزی ١٩٦١دا، مەکتەبی سیاسیی پارتی یاداشتێکی مێژوویی دا بە عەبدولکەریم قاسم و داوای لێ کرد پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت، بە گیانێکی برایانەوە چارەسەری بارودۆخی کوردستان بکرێت، بەڵام یاداشتەکە بایەخی پێ نەدرا.
لە دوای چەندین مانگرتن، بەریەککەوتن و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە، شۆڕشی ئەیلوول لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی هەڵگیرسا. ئەم شۆڕشە یەکێکە لە پڕشکۆترین و کاریگەرترین وێستگەکانی مێژووی خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد لە پێناوی بەدیهێنانی مافە ڕەواکان و ئازادیدا. شۆڕشی ئەیلوول تەنیا هەڵمەتێکی چەکداری نەبوو، بەڵکو هەڵوێستێکی نەتەوەیی وەڵامدەرەوە بوو بەرامبەر بە سیاستە زۆردارەکان و نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەیی کورد.
کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە مەزنە تا ئەمڕۆش لە هزری نەتەوەییدا بە زیندوویی ماونەتەوە، چونکە بناغەیەکی فکری و مەیدانیی قایمی دانا کە هێز و ورەی بە شۆڕشەکانی دواتر و ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ بەخشیوە و بووەتە چرایەکی ڕووناککەرەوە لە ڕێگەی ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کوردستاندا.

