رۆژنامەی ھەولێر

چەکی ئیرادە، مێژوویەکی پڕ فیداکاری و پێگەی ئافرەتانی کورد لە شۆڕشی ئەیلوولدا

چـــــاوان خـــــورشید

کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلەکەمان هەڵدەدەینەوە، شۆڕشی مەزنی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، وەک گەورەترین و درێژخایەنترین شۆڕشی نەتەوەیی دەدرەوشێتەوە. بەڵام ئەوەی قووڵایی و جوانیی زیاتر بەم مێژووە دەبەخشێت، تەنیا دەنگی تفەنگی سەر کەشخە و کێوەکان نەبوو، بەڵکو ئەو چەکە بێدەنگەی ئیرادە و فیداکاری بوو کە لە دەستی ئافرەتانی کورددا بوو.
لە شۆڕشی ئەیلوولدا تەنیا باسی چەمکێکی گشتی ناکەین، بەڵکو باسی ناوی درەوشاوەی ئەو ئافرەتە پێشەنگانە دەکەین کە بوونە سەمبولی نەبەردیی ئافرەتان؛ بۆ نموونە مامۆستا شوکریە حەمەدئەمین کە وەک سکرتێری یەکێتیی ئافرەتان، دەنگی ڕاستەقینەی کچانی شۆڕشگێڕ بوو. کە لە ساڵی ١٩٥٢دا یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دامەزرا، لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بزوێنەری سەرەکیی چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە نەمێنانی نەخوێندەواری و کردنەوەی خول لەناو ئەشکەوتەکاندا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری. هەروەها دایکی نیشتمانپەروەر، ڕەعنا حەوێزی، کە لەناو دڵی شارەوە بەنهێنی چەک و دەرمانی بۆ شاخ دەگواستەوە بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە.
ئافرەتان لە شۆڕشدا ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبوو؛ بەشدارییان تەنیا لە پشتگیریکردنی پیاوان و پێشمەرگەدا کورت نەدەبووەوە، بەڵکو لە بواری کۆمەڵایەتی، مرۆیی و پزیشکیدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە خزمەتکردن و تیمارکردنی برینداران. ئافرەتان لە گوند و شارۆچکەکاندا بڕبڕەی پشتی شۆڕش بوون؛ ئەوان بە نانکردن، دابینکردنی خۆراک و جلوبەرگ بۆ پێشمەرگە، لەگەڵ گەیاندنی دەرمان بۆ سەنگەرەکانی شۆڕش، پشتوانییەکی بەردەوام بوون. لە کاتێکدا باوکەکان لە سەنگەردا بوون، ئەركە قورسەکەی بەخێوکردنی خێزان و بەڕێوەبردنی ژیان لە ئەستۆی دایکاندا بوو.