رۆژنامەی ھەولێر

عەقڵیەتی ناوەندگەرایی بەسەر عێراقدا زاڵە

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

سیستەمی فیدراڵیی عێراق کە لە دەستووردا جێگیر کراوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و لە عێراق تەنیا یەک هەرێمی فیدراڵی هەیە کە ئەویش هەرێمی کوردستانە لە کاتێکدا دەبوایە عێراق هاوشێوەی هەرە دەوڵەتێکی دیکەی فیدراڵی دەبوایە لە کۆمەڵێک هەرێمی فیدراڵی پێکبێت و هەرێمەکان خاوەنی پەرلەمان و حکوومەتی تایبەت بەخۆیان بان و هەمووشیان لە ناوەند نوێنەرایەتییان هەبوایە و بەیەکەوە وڵاتیان بەڕێوە بردبا بەڵام کێشە لەوەدایە عەقڵیەتی ناوەندگەرایی تا ئەم ساتە بەسەر عێراقدا زاڵە.

سیستمی فیدراڵیی عێراق تەنیا بۆ رازیکردنی کورد چەسپێنرا و سەرکردەکانی ئەوکاتی عێراق تەنیا لەبەر ئەوەی پێیان وابوو ئەگەر سیستمی فیدراڵی نەچەسپێنرێت کورد داوای جیابوونەوە دەکات و بۆیەش بەوە ڕازی بوون کە سیستمەکە بۆ فیدراڵی بگۆڕدرێت.
دەستووری عێراق ئاماژەی بەوە نەکردووە عێراق تەنیا یەک هەرێمی فیدراڵی هەبێت بەڵکوو بۆ ئەوەی دەسەڵات و سامان و بەڕێوەبردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت یەک یا چەند پارێزگایەک دەتوانن هەرێمی نوێ دابمەزرێنن.
دامەزراندنی هەرێمی سەربەخۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی ویستی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی عێراقە و هەر چەندە داواکارییەکە دەستووری و یاساییە بەڵام بەرپرسانی بەغدا ناخوازن دەستوور بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و تەنانەت کەم نین ئەو بەرپرسانەی کە پێیان وایە دەبێت هەرێمی کوردستانیش نەمێنێت و دەوڵەتێک کە هەموو دەسەڵاتەکانی لە ناوەند کۆ کراونەتەوە درێژە بە فەرمانڕەوانیی خۆی بدات.
هێشتا عەقڵیەتی ناوەندگەرایی زاڵە و بەشێکی زۆر لە شیعەکان دەخوازن هەموو دەسەڵاتەکان لە ژێر دەستی ئەواندا کۆ کرابێتەوە و بەشێک لە سوننەکانیش خەون بە دەسەلاتی پیسووی عێراق دەبینن و هەر دوو لایەنیش دژایەتی هەر جۆرە مافێکی کورد دەکەن.
یەکێک لەو پارێزگایانەی کە چەندین جار خەڵکەکەی داوای دامەزراندنی هەرێمیان کردووە بەسرە بووە بەڵام گوێ لە داواکارییەکەیان نەگیراوە.
خەڵکی بەسرە دەڵێن پارێزگایەکەیان زۆر دەوڵەمەندە بە نەوت و بەرهەمی پێترۆکیمیایی و داهاتەکەیان زۆرە و بۆ هەموو عێراقە کەچی لە رووی خزمەتگوزارییەوە هیچ ئاوڕێک لەو پارێزگایە نەدراوەتەوە و چۆن دەکرێت ژێرەوەت سامان و زێر بێت بەڵام لە خزمەتگوزاریی زۆر سەرەتایی وەک ئاو و کارەبا و رێگاوبان بێبەش بن.
داوای هەرێمی فیدراڵی پێشتریش لە نەینەوا، ئەنبار و چەندین پارێزگای دیکەی عێراق باس کراوە. ئەگەر عێراق بۆ نموونە بەسەر پێنج هەرێم یان زیاتر دابەش بووبا ئەوا دۆخی دیموکراسی و دادپەروەری لە عێراق زۆر باشتر دەبوو خەڵک لە هەرێمەکانی خۆیان زیاتر بەشدار دەبوون لە فەرمانڕەوانیی و هەر خۆشیان چاودێر دەبوون بەسەر حکوومەت و پەرلەمان و کێشەکانی عێراق لە ئێستە زۆر کەمتر دەبوون.
زۆر گونجاو دەبوو ئەگەر عێراق بەسەر سێ هەرێمی سوننە و شیعە و کوردستان دابەش بوایە و دەکرا لەپاڵ ئەم هەرێمانە بەغداش هەرێمێکی تایبەت بەخۆی هەبوایە.
ئەو هۆکارانەی کە وایانکردووە فیدراڵییەت لە عێراقدا سەرنەکەوێت یان بە تەواوی جێبەجێ نەبێت زۆرن گرنگترینیان کاڵبوونی متمانەی سیاسییە. لایەنە باڵادەستەکانی عێراق بە تایبەتی شیعەکان ترسیان لە سیستمی فیدراڵی هەیە و پێیان وایە ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت دەبێتە هۆی دابەشکردنی عێراق.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە راستە دەستوور هەیە و سیستەمی فیدراڵی دەستنیشان کردووە بەڵام کۆمەڵێک یاسا بۆ جێبەجێکردنی سیستەمەکە دەبێت دابنرێن کە هێشتا دانەنراون.
بۆ نموونە هێشتا ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق دانەنراوە. وڵاتانی فیدراڵی خاوەنی دوو ئەنجوومەنی جیاوازن کە یەکێکیان نوێنەرایەتی هەرێمەکان دەکات، بۆ نموونە لە ئەمریکا دوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران هەیە و هیچ یاسایەکی ئەنجوومەنی نوێنەران جێبەجێ ناکرێت ئەگەر بە ئەنجوومەنی پیرانیشدا تێنەپەڕێت. سیستەمەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە و دەسەڵاتەکان جۆرێک دابەش کراون کە هیچ هەرێمێک ستەمی لێ نەکرێت.
بەربەستێکی دیکەی جێبەجێنەکرانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق نەبوونی یاسای نەوت و گازە کە ناکۆکیی قووڵی لەسەرە و حکوومەت نەیتوانیوە لەو ماوەیەدا لەسەر یاسایەکی دیاریکراو ساغ ببێتەوە.