رۆژنامەی ھەولێر

هۆشداریی لە بەکارهێنانی هەڕەمەکییانەی دەرمان دەدرێت

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

تێکەڵکردنی ئازاری پشت و ئازاری گورچیلە یەکێکە لە باوترین ئەو هەڵە تەندروستییانەی ڕۆژانە هاووڵاتییان ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ زۆر جار لەگەڵ دەرکەوتنی هەر ئازارێک لە بەشی خوارەوەی پشت یان لاتەنیشتەکان، کەسەکە ڕاستەوخۆ وا دەزانێت کێشەی گورچیلەی هەیە. ئەم لێکچوونە زۆرجار وادەکات هاووڵاتییان بەبێ پرس و ڕاوێژی پزیشکی پسپۆڕ پەنا بۆ بەکارهێنانی حەب و دەرمانی ئازارشکێن بەرن، کە لە ڕاستیدا مەترسیی و زیانی گەورە بە تەندروستییان دەگەیەنێت.

د. ئەحمەد عەبدولحەمید عەبدولکەریم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە، پرۆستات، کۆئەندامی میز و نەزۆکیی پیاوان، چەند زانیارییەکی ورد و گرنگ دەربارەی جیاوازییەکانی نێوان هەردوو حاڵەتەکە دەخاتە ڕوو و هۆشداری دەدات لەوەی دەبێت نەخۆش بەپێی نیشانەکان حاڵەتەکەی خۆی بناسێتەوە.

نیشانە باوەکانی ئازاری گورچیلە
بەپێی وتەی پزیشکی پسپۆڕ، ئازاری گورچیلە زۆربەی کات پەیوەندیی بە کۆئەندامی میز و باری گشتیی جەستەوە هەیە و گرنگترین نیشانەکانی بریتین لە:

• پێویستیی بەردەوام بە میزکردن.
• هەستکردن بە سووتانەوە و ئازار لەکاتی میزکردندا.
• تۆخبوونی ڕەنگی میز یان دەرکەوتنی خوێن تێیدا.
• دڵتێکچوون و ڕشانەوە.
• کێشەکانی کۆئەندامی هەرس، وەک قەبزی یان سکچوون.
• بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش (تا).
• بێهێزی، بێتاقەتیی گشتی و سەرگێژخواردن.
• هەڵئاوسانی پێیەکان و لاقەکان.
• تەنگەنەفەسی و قورسی لە هەناسەدان لە کاتی تو. ندبوونی ئازارەکەدا.

نیشانە باوەکانی ئازاری پشت
ئازاری پشت زیاتر پەیوەستە بە ماسوولکە، جومگە و بڕبڕەکانی پشتەوە، کە دیارترین نیشانەکانی ئەمانەن:
• هەستکردن بە ئازار، ڕەقبوون و گرژبوون بەدرێژایی بڕبڕەی پشت.
• پەڕینەوەی ئازارەکە بەرەو مل لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا.
• سەختی لە جووڵە و دروستبوونی ئازار لەکاتی ڕاوەستان یان ڕۆیشتندا.
• بێهێزی یان سڕبوونی هەردوو ڕان و قاچەکان.
• لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی میز یان بەپێچەوانەوە، نەمانی توانای بەتاڵکردنەوەی تەواوەتیی میزەڵدان بەهۆی پەستانی دەمارەکانەوە.
پزیشکانی پسپۆڕ جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەکاتی دەرکەوتنی هەر ئازارێک لە ناوچەی پشت و کەمەردا، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکرێت تا هۆکاری بنەڕەتی دەستنیشان بکرێت، چوونکە بەکارهێنانی هەڕەمەکییانەی دەرمان دەکرێت کێشەی سادەی پشت بگۆڕێت بۆ سستبوونی کتوپڕی گورچیلەکان.