مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
كیلیان ئمباپێ: دوای رۆیشتنی من لە پاریس، عوسمان دێمبڵی بووە ئەستێرە
كیلیان ئمباپێ، یاریزانی فەڕەنسیی یانەی ریاڵ مەدرید، رایگەیاند دوای رۆیشتنم لە یانەی پاریس سان جێرمان، عوسمان دێمبلی بووە ئەستێرەی یانەكان.
كیلیان ئمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە كە بە خۆپەرست و خۆویست ناویان بردووە لەو ماوەیەی لە یانەی پاریس سان جێرمان بووە یان دوای گواستنەوەی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید.
لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی لیكیپی فەڕەنسی، كاتێك پرسیار لە خۆویستی و خۆپەرستیی ئمباپێ كرا، وتی: هەموو یاریزانان خۆویستن، لە گۆڵپارێزەوە تا هێرشبەری سەرەڕم، بێڕێزی نییە ئەگەر بڵێین هەندێک جار زۆر گرنگی بە هەندێک ناوەند و شوێنی یاریكردن نادەین. هێرشبەری سەرەڕم هەمیشە چاو و سەرنجی لەسەرە. پێویستە مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو سەرنجانەدا بكات، كە هەندێ جار شایستەن و هەندێ جار شایستە نین.
وتیشی: هەندێ یاری گۆڵم كردووە كە تێیدا یاریزانانی دیكە لە من باشتر بوون. بەڵام لە تۆپی پێدا تۆماركردنی گۆڵ هەمیشە بەشێكی سەخت و زۆر گرنگ و بەهادارە. بۆیە ئاساییە هەندێ جار ئیرەیی و خۆویستی تێدا بێ و هەندێ جار پێچەوانەكەی بێت.
لە بارەی تێكەڵبوونی بازرگانی و یاری، وتی: نازانم چۆن یاری و بازرگانی لێك جیا بكەمەوە، خۆەویستی بۆ یاری بە هیچ شێوەیەك ناشاردرێتەوە، من لە خۆشەویستیدام بۆ ئەو یارییە. خۆ ئەگەر وازیش لە یاریكردن بهێنم، لە سەیركردنی یارییەكان و چوون بۆ یاریگەكان بەردەوام دەبم. بەڵام ڕەنگە دواتر پەیوەندیی فەرمیم بە تۆپی پێوە نەبێت. لەگەڵ ئەزموون، فێر دەبی چۆن جیاوازییەكە بدۆزیتەوە.
كیلیان ئمباپێ، ئەوەشی ڕاگەیاند، كە لە پاریس سان جێرمان جگە لە خۆی ئەستێرەی لێ نەبووە، دوای رۆیشتنی ئەو عوسمان دێمبڵی بووەتە ئەستێرەی یانەكە.
وتیشی: خەڵك هەمیشە خۆویستی وابەستەی ئەستێرەكان دەكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا یاریزانگەلێكی زۆر هەن ئەو حەزی خۆویستییەیان هەیە و كەسیش داوای واژۆیان لێ ناكات. خەڵكێكی زۆر (ئیگۆ – خۆویستییان) هەیە. نەك تەنیا یاریزانان، بەڵكوو خەڵكی دیكەش كە نایانبینین، لە ئۆفیسەكاندا كار دەكەن.
هەڕەشەی بەرشلۆنە، ترسی لەلای ئینتەر لەسەر ئەستێرەیەكی دروست كردووە
یانەی ئینتەرمیلان هەوڵی مسۆگەركردن و دەستەبەرکردنی داهاتووی فێدریکۆ دیمارکۆ دەدات، دوای ئەوەی یانەی بەرشلۆنە بۆ گواستنەوەی لە دوایین ڕۆژەکانی ماوەی گواستنەوەی هاوینیە یاریزانان بە هەوڵەكانی، ترس و نیگەرانیی بۆ یانە ئیتاڵییەكە دروست كرد و ئینتەر دەیەوێ گرێبەستەكەی تا ساڵی 2030 درێژ بكاتەوە.
ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی ئیسپانی ئاشکرای کرد، دیمارکۆ یەکێکە لەو یاریزانانە ناوی وابەستەی ئامانج و تەماكانی یانەی بەرشلۆنە كرا لە دوایین سات و كاتەكانی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان. ڕوونیشی کردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ ئینتەرمیلاندا کراوە سەبارەت بە گرێبەستێكی ئاڵوگۆڕكاری، كە تێیدا ئەو یاریزانە بە ئەلیخاندرۆ باڵدێ بگۆڕدرێتەوە، بەڵام گرێبەستەکە سەری نەگرت و شکستی هێنا.
هەوڵەكانی یانەی بەرشلۆنە بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە، یانەی ئینتەر میلانی خستووەتە دۆخێكی پڕ لە هۆشداری، بە جۆرێك وەكوو رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی باسی كردووە، یانە ئیتاڵییەکە هەوڵەكانی دەست پێ كردووە تا گرێبەستی ئەو یاریزانەی بۆ ساڵی 2030 درێژ و نوێ بكاتەوە.
فێدریۆ دیماركۆ، تەمەنی 28 ساڵە و لە ئێستادا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمیلان تا ساڵی 2027ـە، لەگەڵ بژاردەی درێژكردنەوەی بۆ ساڵێكی دیكەش.
دیمارکۆ خۆی لە هاویندا سەرسووڕمانی خۆی دەربڕی کە یانەکە بژاردەی درێژکردنەوەی گرێبەستەكەی لە ماوەی هاویندا نەخستووەتە بەر باس. لەم دواییانەشدا ڕایگەیاندبوو: پێشبینیم دەکرد یانەکە پەیوەندیم پێوە بکات دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ئەو ئاستەم پێشكەش كرد.
رۆژنامە ئیتاڵییەكە ئاشكرای كردووە، كە ئینتەر بەم دواییە جوووڵەیەكی كرد پێش یارییەكەیان لە چامپیۆنس لینگ بەرانبەر ریاڵ مەدرید، گفتوگۆ لە نێوان داریۆ باچینی بەڕێوەبەری نوێیو ەرزشیی نیراتزۆری و ئەرتۆر كانالیسی بریكاری كارەكانی ئەو یاریزانە و ڕەنگە ئەو پەیوەندییەكان كارەكانی درێژكردنەوە و نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی خێرا بكات.
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە دانوستانەكان لە مووچەی ئێستەی یاریزانەكە لە ئینتەر دەستی پێ كردووە، كە ئێستە 4 ملیۆن یۆرۆ و زیادەیشی لەگەڵدایە، كە بەهای ئەو مووچەیە بە بەرز دادەنرێ، سەرەڕای ئەوەی ئێستە ئەو یاریزانە بە یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی بەرگریی چەپ دادەنرێت.
لای خۆیەوە یانەی بەرشلۆنە چاودیریی پێشكەوتن و پێشهاتەكانی ئەو دانوستانە دەكات، چونكە ئێستە جگە لە بەرگریكارێكی چەپ، هیچی دیكەی نییە ئەویش ئەلیخاندرۆ باڵدێیە، كە لە نێو پلانی ئێستەی هانز فلیكی راهێنەردا نییە.
بە هۆی ئەو ئاستە بەرز و باڵایەوە، دیماركۆ بووەتە جێی سەرنجی یانەی بەرشلۆنە و دەیەوێ بیباتە ریزەكانیەوە.
ئەو یاریزانە لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیایش لە بەرگریی لای چەپ یاری دەكات و لە یانەی ئینتەر میلانیش خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە.

