رۆژنامەی ھەولێر

پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

ئەمڕۆ لە یادی شەست و پێنج ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادی ڕابەری شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بارزانیی نەمر و ته‌واوى تێکۆشەرانی دڵسۆز و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە هێز و بازوو و کۆڵەگەی شۆڕش بوون.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕش و سڵاو و پێزانین بۆ بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزیان. سڵاو لە هەموو ئەو پێشمەرگە و خەباتگێڕە دێرینانە دەکەین کە لە ژیاندان و هیوای تەمەندرێژی و تەندروستيى باشییان بۆ دەخوازین.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، دایکی شۆڕشەکانی کوردستان، لە قۆناغێکی سەخت و دژواردا کە نکوڵی لە بوون و مافەکانی گەلی کوردستان دەکرا، بووە هەوێنی وریایی و بیر و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی. شۆڕش بە کۆکردنەوەی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی کوردستان لەژێر یەک چەتردا، بووه‌ ئیرادەیەکی پۆڵایین و دەنگی ڕەوای ئازادیخوازیی گەلی كوردستانى گەیاندە تەواوی جیهان و بناغەی یەکەم دانپێدانانی فەرمی و دەستکەوتە دەستوورییەکانی دواتری داڕشت.

لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئەم یادە مەزنە دەکەینەوە، جەخت لە بەها باڵاکانی شۆڕش لە یەکڕیزی، تەبایی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و ئاشتیخوازی دەکەینەوە. وەک چۆن سەرکەوتن و مانەوەی شۆڕشی ئەیلوول بەرهەمی یەکگرتوویی بوو، ئەمڕۆش تاقه‌ ڕێگەی پاراستنی فیدراڵی، قەوارەی هەرێمی کوردستان، مافە دەستوورییەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان، پێكه‌وه‌يى و پتەوکردنی گیانی تەبایی و هاوکاریی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانە تا بتوانین داهاتوویەکی سەقامگیر و گەشتر بۆ نەوەکانمان مسۆگەر بکەین.
بەرز و شکۆدار بێت یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
2026/9/11