رۆژنامەی ھەولێر

سێ ڕێگەی نــــووسین بـــۆ منداڵان

وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(سی. ئێس. لوویس – C.S. Lewis)، نووسەری بەناوبانگی بەریتانی و نووسەری کۆمەڵەکتێبی (سەرکێشییەکانی نارنیا – The Chronicles of Narnia)، لە ساڵی ١٩٥٢ وتارێکی بە ناوونیشانی (سێ ڕێگەی نووسین بۆ منداڵان -On Three Ways of Writing for Children) پێشکەش کرد، کە دواتر لە کتێبێک بە ناوی (لە جیهانەکانی ترەوە؛ وتار و چیرۆکەکان – Of Other Worlds: Essays and Stories) چاپ کردەوە. ئەم وتارەی کە ئێستا دەیخوێننەوە، وەرگێڕانی بژاردەیەکە لە وتارەکەی لوویس.

بە بڕوای من، ئەوانەی بۆ منداڵان دەنووسن، بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجەکەیان، سێ ڕێگەیان لەبەر دەستە؛ دوو ڕێگەی باش و ڕێگەیەک کە خراپە.
بەم دواییانە و لە ڕێگەی دوو شاهیدی بێئاگا، ئەم ڕێگە و شێوازە خراپەم زانی. یەکێکیان ژنێک بوو کە دەستنووسی چیرۆکەکەی خۆی بۆ ناردم. لە چیرۆکەکەیدا، پەرییەکی بووکەڵەی سەرسوڕهێنەر دەخاتە بەردەست منداڵێک. دەستەواژەی «بووکەڵە» بەکار دەهێنم، ئاخر نە ئەڵقە و نە کڵاو یا عەبایەکی جادوویی و شتێکی کۆنی وا نەبوو. بووکەڵەیە ئامێری بوو، شتێک کە بەلۆعە، دەسک و دوگمەی پێوەبوو و دەتتوانی بەکاریان بێنیت. دەتتوانی بە داگرتنی یەکێک لە دوگمەکان ئایسکرێم وەربگریت، پاڵت بە دوگمەیەکی ترەوە دەنا بەچکە سەگێکت وەردەگرت، و شتی لەم بابەتانە. دەبوو ڕاستگۆیانە بە نووسەرەکە بڵێم زۆر گرنگی بەم شتانە نادەم. ئەویش وەڵامی دایەوە: «منیش گرنگییان پێ نادەم. بێزارم دەکەن. بەڵام ئەمە ئەو شتەیە منداڵانی ئەمڕۆ حەزیان لێیەتی.»

شاهیدێکی دیکەی من ئەمەیە:
«لە یەکەم چیرۆکمدا، بە وردی باسی چایەکی بەتامی دوانیوەڕۆم کردبوو کە پاسەوانی دارستان (کەسایەتییەکەی ئەفسانەییە) دەیداتە کیژۆڵەیەکی بچووک کە پاڵەوانی چیرۆکەکەم بوو. پیاوێک کە خۆی باوک بوو، گوتی: «ئۆی، تێدەگەم چۆن گەیشتوویتە شتێکی وا. ئەگەر نیازی ڕازیکردنی خوێنەرانی گەورەساڵت هەبوایە، باسی پەیوەندیی سێکسیت بۆ دەکردن، بەڵام بە خۆتت گوتووە: ناکرێت باسی پەیوەندیی سێکسی بۆ منداڵان بکەم، ئەی کەوایە باسی چی بکەم؟ دەزانم! ئەم مرۆڤە بچکۆلانانە (مەبەست منداڵانەی، حەزیان لە خۆراکی بەتامە.»
هەرچەندە من خۆم حەزم لە خواردن و خوارنەوەیە، بەڵام شتێکم لە کتێبەکەمدا گونجاند کە ئەگەر منداڵ بوومایە، حەزم دەکرد بیخوێنمەوە و تەنانەت ئێستاش کە لە تەمەنی پەنجا و چەند ساڵی، هێشتا حەزم لێیە بیخوێنمەوە.
لە ڕوانگەی ژنەکەی نموونەی یەکەمم و پیاوە هاوسەردارەکەی نموونەی دووەم، نووسین بۆ منداڵان بەشێکی تایبەتە لە هزری «هەمان ئەو شتە ببەخشە بە بەردەنگ کە خوازیاریەتی». بە بڕوای هەردووکیان، منداڵان بەردەنگێکی تایبەتن و ئەو شتەی کە گەرەکیانە، ئێمە دەیدۆزینەوە و دەیاندەینێ، هەرچەندەیش خۆمان زۆر حەز بەو شتە نەکەین.
ڕێگە و شێوازی دووەم دەکرێت سەرەتا زۆر لە هی یەکەم بچێت، بەڵام وابزانم ئەم لێکچوونە ڕوواڵەتییە. ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە لویس کارۆل، کێنێت گراهام و تۆلکین بەکاریان دەهێنا. چیرۆکی چاپکراو لە دڵی چیرۆکێکەوە سەر هەڵدەدات کە کەسێک ڕەنگە هەر گۆترە بۆ منداڵێکی گێڕابێتەوە.
پێکچوونی لەگەڵ شێواز و ڕێگەی یەکەم لەبەر ئەوەیە کە ئێمە بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدەین ئەو شتە بدەینە منداڵ کە دەیهەوێت، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئێمە لەگەڵ کەسێکی ڕاستەقینە مامەڵە دەکەین؛ ڕاستە ئەم منداڵە لە منداڵانی تر جیاوازە، بەڵام خۆ «منداڵان» بوونەوەرێکی سەیروسەمەرە نین کە ئێمە وەک مرۆڤناس یان فرۆشیار، جانتای حەز و خووەکانیمان لەبەرگرتبێتەوە.
گومانم لەوە نییە دەکرێت منداڵ بە شتگەلێک سەرگەرم و ڕازی بکرێن کە لای ئێمە هیچ و سووکن، بەڵام دڵنیام منداڵەکە بەم بابەتە دەزانێت. لە هەر پەیوەندییەکی ئینسانیدا، هەردوو لایەنەکە ڕێک یەکتری تەواو دەکەن. ئێمە کەمێک گۆڕانکاریمان بەسەردا دێت، چونکە سەرقاڵی قسەکردنین لەگەڵ منداڵێک و منداڵەکەش بە شێوازێکی جیاواز ڕەفتار دەکات چونکە قسەکەرەکەی گەورەساڵە. جۆرێک هاوڕێیەتی، جۆرێک کەسایەتیی تێکەڵاو فۆرموولە دەبێت و لە هەناویەوە چیرۆک گەشە دەکات.
ڕێگەی سێیەم کە تاقە ڕێگەیە من دەتوانم بەکاری بەرم، ئەوەیە چیرۆکی منداڵان بنووسین، چونکە چیرۆکی منداڵان باشترین شێوەی دەربڕینی ئەو شتەیە کە دەمانەوێت بیهێنینە سەر زمان: ڕێک وەک ئاوازدانەرێک کە سروودی مەرگ دروست بکات نەک بۆ ئەوەی لە فکری مەراسیمی بەخاکسپاردنە، بەڵکو بەو هۆیەی ئەو ئایدیا تایبەتییە مۆسیقییەی بە مێشکیدا هاتووە، لەو چوارچێوەیەدا باشتر و جوانتر جێدەگرێت.
دەکرێت ئەم ڕێگەیە جگە لە چیرۆک، لە جۆرەکانی تری ئەدەبیاتی منداڵان بەکار ببرێت. بە منیان گوتووە (ئارتور می – arthur mee) هەرگیز منداڵێکی نەبینی و هەر نەشیویست منداڵ بیبینێت: بەڵام خۆی بە بەختەوەر زانیوە بەرامبەر. بەوەت کە کوڕێژگەکان حەزیان لە خوێندنەوەی ئەو شتانەیە کە حەزی لێبووە بیاننووسێت. ئەم بەسەرهاتە دەکرێت خەیاڵی بێت، بەڵام خۆ مەبەستەکەی من ڕوون دەکاتەوە […]

[…] من هەموو ڕوانگەیەک ڕەت دەکەمەوە کە بەم پرسیارە دەست پێبکات: «منداڵانی ئەمڕۆ حەزیان لە چییە؟». دەکرێت لە من بپرسن «ئایا ئەو ڕوانگەیەش ڕەت دەکەنەوە کە بەم پرسیارە دەست پێبکات (منداڵانی ئەمڕۆ پێویستییان بە چییە؟) یان بە واتایەکی تر، ڕوانگە ئەخلاقی یان پەروەردەیییەکان ڕەت دەکەیتەوە؟»
وابزانم وەڵامەکەم ئەرێنییە. نە بەهۆی ئەوەی حەزم لەوە نییە چیرۆکەکان ئەخلاقی بن یا نەک لەبەر ئەوەی پێم وابێت بچکۆلەکان ڕقیان لە ئەخلاقیات دەبێتەوە. زیاتر لەبەر ئەوەی دڵنیام پرسیاری «منداڵانی ئەمڕۆ پێویستییان بە چییە؟» ئێمە بەرەو ئەخلاقیاتی باش ئاڕاستە ناکات. بە بوونی پرسیارێکی وەها، هەڵوێستێکی زۆر گەورەتر وەردەگرین.
باشترە بپرسین «من پێویستیم بە چ ئەخلاقیاتێکە؟» چونکە هەست دەکەم بتوانین بڵەین ئەوەی زۆر بۆ خۆمان گرنگ نییە، ڕەنگە سەرنجی زۆری بەردەنگەکانیشمان ڕانەکێشێت، بەڵام باشترە هەر ئەو پرسیار نەکەین.
با وێناکردنەکانمان ئەخلاقیاتی خۆیان پێمان نیشان بدەن، چونکە ئەخلاقیاتی شاراوەیان لە ڕەگ و ڕیشە مەعنەوییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە درێژایی ژیان توانیومانە پێیان بگەین، بەڵام ئەگەر وێناکردنەکانمان هیچ ئەخلاقیاتێکیان نیشان نەداین، نابێت بیانخزێنینە نێو چیرۆکەکانمانەوە، چونکە بەدەر لەمە، ئەم ئەخلاقیاتە ڕەنگە قسەی باو یان تەنانەت درۆیین بن کە تەنیا ڕووکەشانە سەرنجمان لەسەریان بووە.
بێشەرمانەیە شتێکی وەها پێشکەشی منداڵان بکەین، چونکە زانیاریی پشتڕاستکراوەمان هەیە لە پانتایی ئەخلاقدا کە ڕەنگە منداڵان بە قەدرا ئێمە ژیر و ئاقڵ بن. هەموو کەس دەتوانێت چیرۆکێکی منداڵانە بێ بوونی پەیامی ئەخلاقی بنووسێت ـ ئەگەر بیهەوێت چیرۆکی منداڵانە بنووسێت ـ با ئەم کارە بکات. تاقە ئەخلاقیاتێک کە بەنرخ هەژمار دەکرێت، ئەو ئەخلاقیاتەیە لە کرۆکی مێشکی نووسەرەوە هەڵقوڵابێت.
لە ڕاستیدا، دەبێت هەموو شتێکی نێو چیرۆک لە مێشکی نووسەرەوە هەڵقووڵابێت. ئێمە دەبێت لەبەر خەیاڵە هاوبەشەکانمان بۆ منداڵان بنووسین. ئێمە لەگەڵ بەردەنگە منداڵەکانمان جیاوازین، هەڵبەت نەک لەبەر ئەوەی ئەوان حەزێکی کەمتریان هەیە و یا زۆر جددی نین بەرامبەر بەو شتانە ئێمە پێوەیان سەرقاڵین، بەڵکو بەهۆی ئەم ڕاستییەی کە ئێمە خەیاڵ و خولیای تریشمان هەیە هاوبەش نین لەگەڵ بچکۆلەکان.
پرسی چیرۆکەکەمان، دەبێت بەشێک بێت لە پێداویستییە هەمیشەییەکانی هزر و مێشکمان. بە بڕوای من، لای هەموو نووسەرە گەورەکانی ئەدەبیاتی منداڵان هەر وا بووە، بەڵام زۆرینەی خەڵک تێگەیشتنێکی وەهایان نییە. ماوەیەک بەر لە ئێستا، ڕەخنەگرێک لە ستایشی چیرۆکێکی پەرییە دەریاییەکان، زۆر جددی گوتی: تەنانەت نووسەر بۆ جارێکیش گاڵتە و جەفەنگێکی نەکردووە.
بەڵام بۆ دەبوو نووسەر گاڵتەیەک بخاتە نێو چیرۆکەکەیەوە ؟ بە بڕوای من، لەم هونەرەدا هیچ شتێک کوشندەتر لەم بیرۆکەیە نییە هەر شتێک کە دەیدەینە منداڵان، بە مانای نەرێنییەکەی «منداڵانە» هەژمار دەکرێت و هەر شتێک کە ناوی منداڵانەی لەسەر بێت، ئەوا پێکەنیناوییە؟!
ئێمە لەو بەشەی سرشت و تەبیعەتمان کە لەگەڵ منداڵان هاوئاستین، دەبێت وەک هاوئاستەکانی خۆمان ڕەفتاریان لەگەڵدا بکەین. ڕەنگە تا ئاستێک باڵادەستیمان بەسەر بەشەکانی تر و تا ڕادەیەکیش لەوەی کە ئێمە لە چیرۆکگێڕانەوە لەوان باشترین، دەرکەوێت.
لەگەڵ منداڵ، دەبێت وەک خوێنەر ڕەفتار بکەین نەوەک باڵادەست؛ دەبێت وەک گفتوگۆی دوو مرۆڤ لەگەڵ یەکتر، بدوێین.
خراپترین کار، بوونی ڕوانگەیەکی پیشەییانەیە کە منداڵان بە کەرەستەیەکی خام تەماشا دەکات و دەبێت ڕاهێنانیان پێبکرێت و پەروەردە بکرێن. بێگومان لەسەرمانە هەوڵ بدەین زیان بە منداڵان نەگەیەنین؛ دەکرێت هەندێک جار لەژێر دەسەڵاتی ڕەها بوێری ئەوەمان هەبێت هیوای چاکەیان بۆ بخوازین، بەڵام دەبێت ئەو چاکەیە لەگەڵیان بە ڕەفتارێکی بەڕێزانەوە بێت. نابێت خۆمان بۆ ئەوان، بە چارەنووس بزانین. من ناڵێم لە وەزارەتی پەروەردە کەسێک هەرگیز ناتوانێت چیرۆکێکی باش بۆ منداڵان بنووسێت، چونکە ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێک هەیە، بەڵام گرەوێکی گەورە دەکەم کە بە پێچەوانەی ئەمە ڕوو دەدات.
جارێکیان لە هۆڵی نانخواردنی هۆتێلێک، بە دەنگێکی کەمێک بەرز گوتم: «ڕقم لە هەڵووژە وشکەیە.» دەنگی چاوەڕواننەکراوی منداڵێکی شەش ساڵان، لە مێزەکەی تەنیشتمەوە گوتی: «منیش.» ئەمە هاوسۆزییەکی ڕاستەوخۆ بوو. هیچکاممان پێمان

وانەبوو قسەکەمان پێکەنیناوییە. هەردووکمان دەمانزانی وشکە هەڵووژە زۆر بێتامترە لەوەی پێکەنیناوی بێت. ئەمە هەمان ئەو ڕووبەڕووبوونەوە دڵخوازانەیە کە لە نێوان پیاوێک و مناڵێک وەک دوو کەسی سەربەخۆ بەرهەڤ دەبێت.
لێرەدا لەسەر پەیوەندییە زۆر نزیک و ئاڵۆزترەکانی نێوان (منداڵ و دایکوباوک) و (منداڵ و مامۆستا) هیچ ناڵێم، چونکە نووسەر (وەک نووسەر)، لە دەرەوەی هەموو ئەمانەیە. نووسەر، تەنانەت مام یان خاڵۆش نییە، بەڵکو کەسێکی ئازاد و هاوئاستە، وەک پۆستەچی، قەساب و سەگی دراوسێکەی تەنیشت.
سەرچاوە: وینش – vinesh