وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتیی سیدەکان بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا ٩٠٪ی کارەکانی ئەنجام دراون، نەخۆشخانەکە بە توانای ٥٠ قەرەوێڵە دروست دەکرێت و بەشێکی فریاکەوتنی ٢٤ کاتژمێری لەخۆدەگرێت.
دوێنێ، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە دابینکردنی بودجەی تایبەت پڕۆژەی نەخۆشخانەی گشتیی سیدەکانی خستەوە سەر هێڵی جێبەجێکردن، بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییانی دەڤەری برادۆست.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە دا: پڕۆژەکە تاوەکوو ئێستا ٩٠٪ی کارەکانی بەئەنجام گەیەندراون. نەخۆشخانەکە بە توانای ٥٠ قەرەوێڵە دروست دەکرێت و بەشێکی فریاکەوتنی ٢٤ کاتژمێری لەخۆدەگرێت، ئەمەش وا دەکات دانیشتووانی قەزای سیدەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست ناکات سەردانی پارێزگایەکی دیکە بکەن.
تایبەتمەندی و بەشە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکە:
هۆڵی نەشتەرگەری: جێبەجێکردنی گەورەترین هۆڵی نەشتەرگەری لە ناوچەکەدا، کە بە تەواوبوونی ١٠٠٪ ی پڕۆژەکە دەکەوێتە کار و پرۆسەی ڕەوانەکردنی نەخۆش (إحالة) بۆ دەرەوەی قەزاکە ڕادەگرێت.
ڕاوێژکاری و پشکنین: دروستکردنی بەشێکی گەورەی ڕاوێژکاری بۆ گشت پسپۆڕییەکان، لەگەڵ بەشی تیشک و تاقیگەیەکی پێشکەوتوو بەپێی ستانداردی جیهانی.
سەنتەری ددان: تەرخانکردنی بەشێکی تایبەت بە تەندروستیی ددان کە وەک سەنتەرێکی گشتگیر سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی شارەزایی ددان پێشکەش دەکات.

