ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
ئازاری سووڕی مانگانە بە یەکێک لە باوترین و ناخۆشترین ئەو ئەزموونە جەستەییانە دادەنرێت کە زۆربەی ژنان لە تەمەنی پیپێگەیشتن و منداڵبووندا پێیدا تێدەپەڕن. ئەم ئازارە لە هەندێک باردا تەنیا گرفتێکی جەستەیی سادە نییە، بەڵکو دەروون و جەستە پێکەوە دەگرێتەوە و ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر کار و چالاکییەکانی ڕۆژانە.
نیشانەکان و ماوەی ئازارەکە
ئازارەکە زۆربەی کات چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی خوێنبەربوون دەردەکەوێت و دەکرێت تا دوو بۆ سێ ڕۆژ بەردەوام بێت. نیشانە باوەکان بریتیین لە:
1-ئازاری توند لە ناوچەی سک، کەمەر، پشت و قاچەکان.
2-گرفتەکانی هەرس وەک سکچوون، دڵتێکەڵهاتن، ڕشانەوە و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.
3- گۆڕانکاریی دەروونی، دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە بێتاقەتی و خەمۆکی.
4- ئەم ئازارە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن یان دوای منداڵبووندا، لە زۆربەی ژناندا ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات.
ڕێکارەکانی خۆپاراستن و کەمکردنەوەی ئازار
پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی ڕۆژانە یارمەتیدەرە لە کۆنترۆڵکردنی توندیی ئازارەکە:
*چالاکیی جەستەیی و پشوودان: ئەنجامدانی وەرزشی سووک، وەک پیاسەکردن، لەگەڵ پشوودانی پێویست و شێلانی هێواشی ناوچەی سک، هۆکارن بۆ خاوبوونەوەی گرژبوونەکان.
* سیستەمی خۆراکی تەندروست: پێویستە لەم ماوەیەدا گرنگی بە خواردنی نانی دانەوێڵەی تەواو، بەرهەمە شیرییەکان، گۆشت، سەوزە و میوە بدرێت.
* دوورکەوتنەوە لە هاندەرەکان: کەمکردنەوەی خواردنەوەی قاوە (کافایین)، شەکر و خوێ لە ژەمەکاندا، ڕێگری دەکات لە قەتیسبوونی ئاو و توندبوونی ئازارەکە.
کەی پێویست دەکات سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر ئازارەکە لە ئاستێکی یەکجار بەرزدا بێت و بە ڕێکاری ئاسایی دانەمرکێتەوە، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ پێویستییەکی تەندروستییە؛ چونکە ڕەنگە نیشانەی گرفتێکی دیکەی وەک گرژهەڵگەڕان یان تەسکبوونەوەی ملی منداڵدان بێت. لەم حاڵەتانەدا، پزیشک دەتوانێت دەرمانی گونجاو یان حەبی رێگری لە دووگیانی بۆ ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان و کۆنترۆڵکردنی ئازارەکە دیاری بکات.

