گۆهدار شوکری ئاکرەیی
ئێمە دەبێت ئەمە بەباشی بزانین، بۆ ئەوەی هزرەکانمان سەربەخۆ بمێننەوە، نابێت لە ناو هزرەکانی نەتەوەکانی تر بتوێنەوە، چونکە ئیستعماری هزری و ڕۆشنبیری، لە زۆر کاتدا مەترسیدارترە لە ئیستعماری سەربازی. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، دەبینین هەندێک هێزی زاڵ، بە بەردەوام شورەیەکی هزری و ڕۆشنبیری لە دەوری هۆشی تاکەکانی نەتەوەکەمان دروست دەکەن؛ شورەیەک کە مرۆڤ بە هێواشی لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دادەبڕێت، تا لە کۆتاییدا نەک تەنها خاکەکەی، بەڵکوو خۆناسی و هزری سەربەخۆیشی لەدەست بدات.لەوانەیە یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی تێکشکاندنی ئەم شورە هزری و ڕۆشنبیرییە ئەوە بێت،کە نووسەر و بیرمەندەکانمان بناسێنین؛ چونکە تاکی ئێمەی کورد بەگشتی، ئەوەندەی بیرمەندو نووسەر و زانایانی بێگانە دەناسین، ئەوەندە هی خۆمان ناناسیین، بە تایبەتی نەوەی نوێ و خوێنگەرمەکەی نەتەوەکەمان.دەبێت ئەوانەی خاوەنی ئەو هەموو کەلتوور و نەریت و ئازایەتی و خۆڕاگرییەن کە لە مێژوودا دروستیان کردوون، لە ناو هۆش و هزریان بژینەوە؛ چونکە هەر کاتێ هۆش لەکار کەوت و لۆژێکەکەیان هەڵخەڵەتا، بڕیارەکانیان نادروست و هەڵە دەبن ! کەواتا بە پێویست دەزانرێت بەهیچ جۆریک نابێت خودی دەسەڵات، نووسەرو بیرمەندو زانایانی فەرامۆش بکات . هەوڵی زانستی و سەردەمیانە بەکاربهێنێت، بەڕێگای راگەیاندەکانەوە، بە کتێب، بە فیلم، بە کورتە چیرۆک و داستانە پڕ لەئەزموونەکان، مێشکیان پڕبکات، بەهەموو ئەو شێوازانەی کە دەتوانن وێنەیەکی زیندوو لە بیرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیرەکانمان لە باخچەی ئەقڵی نەوەی نوێدا بچێنن، کەپڕن لە کەلتوور و نەریت و روحی نیشتیمانی و بەرخودان و ناسنامەی ڕەسەنمان ! نەک بەشتی بێ سوود پڕبکرێن . ئەمەش رێگایەکی دروست و لۆژیکانەیە بۆ ئەوەی، هەموو ئەو گیاوگۆڵە ژەهراوییانەی ناحەزانمان لە هزرو هۆشماندا چاندوویانە، بە هەمان ڕێگا و بە هەمان ئارامی، بە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵیبکێشین. بۆ من، بۆ ئێوەش، نموونەیەکی زۆر ڕوون بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە ئەوەیە، کە لە شەڕی نێوان تورکیا و کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بینیمان؛ چۆن دارەکانی زەیتون و گوێز و بەڕووی ئەو ناوچەیەیان بە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەکێشا.ئەم کارە تەنها زیانێکی سەربازی و ئابووری نەبوو؛ دەتوانرێت وەک نیشانەیەکی هزری و سیاسیی ئیستعمار لێی تێبگەین. چونکە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان بڕینی دار و هەڵکێشانی دار بە ڕەگ و ڕیشەوە.ئەگەر دارێک ببڕیت، لەوانەیە دوای ماوەیەک جارێکی تر شین ببێتەوە؛ بەڵام ئەگەر بەڕەگ و ڕیشەکەی هەڵبکێشیت، گەڕانەوەی بۆ ژیان زۆر قورس دەبێت.هەمان شت لە هزر و ڕووحی نەتەوەشدا ڕوودەدات.ئامانج تەنها ئەوە نییە خاکێکت لێ بستێنن؛ لە هەندێک کاتدا مەترسیی گەورەتر ئەوەیە، کە ڕەگ و ڕیشەی هزری و ڕۆشنبیرییەکەت لێ ببڕن، تا نەزانیت خۆت کێیت، لە کوێوە هاتوویت و چییە ئەو شتانەی کە شایانی شانازی پێکردنن.بۆیە شتێکی زۆر ئاساییە و پێویستە لەگەڵ هەموو هزرەکانی جیهان گفتوگۆ بکەین، لێیان فێربین و تەنانەت لەوانەشە زۆر شتی باشتر لە خۆمان دروست بکەین؛ بەڵام نابێت لە کاتی فێربوون لەوان، خۆمان لەبیر بکەین.چونکە سەربەخۆیی ڕۆشنبیری ئەوە نییە کە دەربەستی هزرەکانی جیهان نەبین؛ سەربەخۆیی ئەوەیە کە بتوانین لەگەڵ هەموویان گفتوگۆ بکەین، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی خۆمان لەدەست نەدەین.ئەوکاتەیە کە دەتوانین فه خر به دارەکانی بەڕوو، گوێز و زەیتونه وه بکەین؛ نەک تەنها چوونکە دارن، بەڵکوو «درەخت » لە ئاستی شتێکی سرووشتییەوە دەگۆڕێت بۆ سیمبوولی کەلتوور، ناسنامە، بیرەوەری و ڕەگ و ڕیشەی نەتەوە.

