ئاکام محسن*
لە پرۆسەی نوێبوونەوە و بەردەوامیی ڕیفۆرمە کارگێڕی و ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆدا، تێگەیشتنێکی هاوچەرخ بۆ ڕۆڵ و ئەركی دامەزراوەی پۆلیس بەرەو پێشەوە دەچێت. لە کاتێکدا کە لە ڕابردوودا وێنەی پۆلیس تەنیا لە ڕەهەندی هێز و سەپاندنی سزاکاندا کورت دەکرایەوە، وتەیەکی وردی بەڕێز وەزیری ناوخۆ چوارچێوەیەکی تهواو جیاواز و گشتگیر بۆ ئەم دەزگایە دیاری دەکات کاتێک دەفەرموێت: “پۆلیس دوو باڵی هەیە(باڵی هێز و باڵی ڕێز). ئەم تێڕوانینە تەنیا گوزارشتێکی زمانەوانی یان دروشمێکی میدیایی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی پیشەیی بەرزە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان سەروەریی یاسا و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا.
باڵی هێز: پەرژینی سەروەریی یاسا
هێز لە ئەدەبیاتی دەوڵەتداری و ئاسایشدا، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و بەرپەرچدانەوەی تاوان. باڵی هێز لای پۆلیس بە مانای زۆرداری یان بەکارهێنانی دەسەڵات ناهێت بەبێ یاسا، بەڵکو نوێنەرایەتی ئەم هەنگاوانە دەکات:
١- چەسپاندنی سەروەریی یاسا: جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و یاسا بەبێ هیچ جیاوازییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ناوچەیی.
٢- پاراستنی ئاسایشی گشتی: بەرەنگاربوونەوەی تاوانکاری، دروستکردنی ئارامی و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان.
٣- پاراستنی هەیبەتی هەرێمی کوردستان : نیشاندانی دەسەڵاتی یاسا بەرامبەر بەوانەی کە دەیانەوێت پشێوی بڵاو بکەنەوە یان سەلامەتی کۆمەڵگە بخەنە مەترسییەوە.
باڵی ڕێز: ئەخلاقی پیشەیی و خزمەتگوزاری
بەبێ باڵی دووەم، هێز دەبێتە ڕەفتارێکی ڕەق و دوور لە گیانی دادپەروەری. باڵی ڕێز جەخت لەسەر لایەنە مرۆیی و ئەخلاقییەکەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە دەکاتەوە کە بریتییە لە:
١- خزمەتگوزاری بە بەرزترین ئاست: مامەڵەکردنی بەڕێزانە و ئاسانکاریانە لەگەڵ هاووڵاتییان لە فەرمانگە کارگێڕییەکان و خاڵەکانی پشکنیندا.
٢- ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ: پاراستنی کەرامەتی تاک لە هەموو قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردن و ڕاپەڕاندنی مامەڵەکاندا.
٣- فەرهەنگی دیالۆگ و هاوسۆزی: پەرەپێدانی ئیتیکی ئاخاوتن و دروستکردنی کەشێکی پرۆفێشناڵ کە تێیدا هاووڵاتی هەست بە ئاسودەیی و ڕێز بكات.
هاوسەنگیی هەردوو باڵەکە: کلیلەکە بۆ متمانەی جەماوەر
گرنگیی ئەم ڕوانگەیە لەوەدایە کە پۆلیس ناتوانێت بە تەنیا بە یەک باڵ لە ئاسمانی دادپەروەریدابفڕێت. هێز بەبێ ڕێز دەبێتە هۆی دروستبوونی مەودا لەنێوان هاووڵاتی و پۆلیسدا، هەروەها ڕێز بەبێ هێز دەبێتە هۆی لاوازبوونی سەروەریی یاسا.
سەرکەوتنی پرۆسەی ڕیفۆرم لە وەزارەتی ناوخۆدا پەیوەستە بە پڕاکتیزەکردنی ئەم دوو چەمکە لە تێکڕای جومگەکاندا. کاتێک هاووڵاتی درک بەوە دەکات کە پۆلیس لەلایەکەوە پارێزەرێکی بەهێزە بەرامبەر یاساشکێنان و لەلایەکی دیکەشەوە خزمەتکارێکی بەڕێزە بۆ کۆمەڵگە، ئەوا متمانەی بەخشراو بە دامەزراوەی ئەمنی دەگاتە بەرزترین ئاست، و هاووڵاتی خۆی دەبێتە هاوکار و پشتیوانی سەرەکیی پۆلیس.
*عقیدی پۆلیس
بەرپرسی بەشی پەنابەرانی ناوشار لە ب . نشینگەی پارێزگای هەولێر

