نووسینی: کاروان کاکەسوور
خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ئەم ڕۆمانە چیڕۆکی کوڕەقژدرێژ دەگێڕێتەوە، ئەم کوڕە هەر لە سەرەتاوە ناوی نییە هەر بە کوڕەقژدرێژ دەناسرێت، کوڕێکی نامۆ و یاخییە و یاخیبوونەکەی خۆی خۆشدەوێت، ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆی دەبێتەوە، بە پێچەوانەی ئەو ڕێچکە ئاسایی و نەریتییەی هەموو خێزانێک هەیەتی و منداڵەکەی تێدا پەروەردەکردووە. کوڕەقژدرێژ یاخییەکی ئازادە کەس بەسەریدا نەسەپاندووە وا هەڵسوکەوت بکات. بەڵکوو خۆی بە ئازادییەوە ئەو جۆرە ژیان و بیرکردنەوەیەی هەڵیبژاردووە و چێژی لێوەردەگرێت. بە پێچەوانەی نامۆبوونی کۆمەڵایەتی، کە لە ڕێگای دەوروبەر دروست دەبێت.
چەندین جار کوڕەقژدرێژ لەلایەن پۆلیسی پاراستنی ڕەوشتەوە دەگیرێت و لە خەونەکەی دووری دەخەنەوە، کەچی لە زیندان بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر ماوەیەکی زۆر لەزیندان بێت، چۆن خەونەکەی بێنێتەدی، کە ئەویش لەدەستدانی سامانی باوکییەتی! واتە لەدەستدانی ئەو میرات و سامانەی، کە لە باوکییەوە بۆى بەجێماوە، تا ڕابردووی خۆی ڕەشبکاتەوە، ئەو زنجیرە بەهایە نەخوازراوانەی پێوەی لکاون بپچڕێنێت، چونکە هەست دەکات ئەو بەهایانە هی ئەو نین و بە زۆر لەلایەن دامودەزگا کۆمەڵایەتیەکانەوە بەسەریدا سەپێنراون. پێش هەموویان دابونەریتی کۆمەڵایەتی، کە پۆلیسی پاراستنی ڕەوشت نوێنەرایەتی دەکات و دەستەڵاتی سیاسی، کە لە ئەمندا بەرجستەیە. تێکەڵکردنی چیڕۆکی فۆلکلۆری کوڕەچەڵ و کوڕەقژدرێژ و شێوازی ژیان و تێکەڵکردنی لەگەڵ چیڕۆکی خەیاڵی گوایە نازانێ کوڕی گایە. ئەم جۆرە کارکردنە بە تەکنیکی پاشنوێخوازیی، کە پەیوەندی نێوان واقیع و خەیاڵ کاڵ دەکاتەوە، چونکە نووسەر «بابەتە واقیعی و خەیاڵی و فەنتازییەکان، گشت ئەم پێکهاتانە تێکەڵ یەکتر دەکات، لەم بەرهەمانەدا ڕاستییەکان و وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە دەردەکەون و ڕوون دەکرێنەوە، لە هەمان کاتدا لە هەندێک بەشی ئەو دەقەدا پێکهاتەی خەیاڵی و نائەتواری دەخرێنەڕوو، کە بە هۆکاری ئەم تەکنیکە لایەنی لۆجیکی و ئەقڵانییەکەی بەرەو پانتاییەکی نالۆجیکی و نائەقڵانی دەگۆڕێت». (تۆدۆڕۆڤ ١٩٨٢: ١٨٢)
کوڕەقژدرێژ زۆرجار لە لایەن ئەمن و پۆلسی پاراستنی ڕەوشت دەستگیر دەکرێت، بە هۆکاری جیا جیا، بۆ نموونە لەسەر قژەدرێژەکەی دەخرێتە زیندان و بە شێوازی جیاواز قژی دەبڕن و هەتکی دەکەن، بەڵام قژی ئەم کوڕە ئاسایی نییە، دوای دوو ڕۆژ درێژ دەبێتەوە و دەگاتەوە سەر شانی. یان کەرستەی سەیر و سەمەرە دەهێنێتە ناوەوەی وڵات بۆ فرۆشتن، کە کەس پێویستی پێی نییە، کەچی ڕۆژی دواتر دەبێتە مۆدە و هەموو کەسێک بە دەستیەوەیەتی. دەستگیرکردنەکانی دیکە بە هۆکاری ئەوەی وەکو تەواوی خەڵکی شار هەڵسوکەوت ناکات، چەندین جار دەستبەسەر دەکرێت، بەهۆی ئەوەی جیاوزە لەوانی دیکە ترسێکی دروستکردووە، هەرچەندە تەنیا تاکە کەسێکە، بەڵام دامودەزگاکان لێی دەترسن. هەر ئەو جیاواز بوونە تایبەتمەندی و هێزێکی بە کوڕەقژدرێژ بەخشیوە.
تەکنیکەکانی ڕۆمانی مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ
میتافیکشن-سەروو خەیاڵ
پاشنوێخوازەکان لە ڕۆمانەکانیاندا لە گفتوگۆیەکی بەردەوامدان لەگەڵ خوێنەر، وەک کارەکتەرێکی دەرەکی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەروەها جیهانێک دروست دەکەن لەنێوان واقیع و خەیاڵ و بە ئاسانی ناتوانرێت لە یەکتریان جیابکرێنەوە. «لەم جۆرە ڕۆمانانەدا ڕوونکردنەوە دەدرێ و وردەکاری تەواوی ژیانی ڕۆژانە دەخرێتەڕوو، هەندێکجاریش بەشێکی ڕۆمانەکە تەواو خەیاڵی و ناواقیعی پیشان دەدرێت. زۆرجار ڕووداوەکان نا لۆژیکین». (تۆدۆرۆف ١٩٩٤: ٩).
سەروو خەیاڵ یەکێکە لە تەکنیکەکانی ڕۆمانی پاشنوێخوازى، کە ڕۆماننووس لە ڕێگای ئاوێتەکردنی خەیاڵ و واقیع خوێنەر تووشی سەرسوڕمان و سەرلێشێوان دێت واقیع و خەیاڵ لە یەکتر جیاناکاتەوە.
کاروان کاکەسوور لە ڕۆمانی مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ تەکنیکی میتافیکشن- سەرووی خەیاڵ وەک تەکنیکی سەرەکی بەکارهێناوە لەو کاتەی دەکەوێتە قسەکردن لەگەڵ خوێنەر، بۆ تێکەڵکردن و ئاوێتەکردنی لەناو چیڕۆکەکەدا، بە تایبەتی لە سەرەتای ڕۆمانەکە. ئەم تێکەڵکردنی واقیع و خەیاڵە وای لە خوێنەر کردووە، تووشی سەختی و ئالۆزیببێ لە دۆزینەوەی ڕاستی و دروستی و واقع و خەیاڵ. ئینجا ڕۆماننووس بەردەوام دەبێ لەسەر ئەم تەکنیکە و ڕاکێشانی خوێنەر بۆ ناو ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی و پرسیاری لێ دەکات.
فرەدەنگی
کوڕەقژدرێژ پێچەوانەی باوکی بیردەکاتەوە و دیدی بۆ ژیان جۆرێکی دیکەیە، دژی ئەو پەروەردە و بیرۆکەیە، کە باوکی بڕوای پێی هەیە، جیاوازییەکەش لەمەوە بەدی دەکرێت، کە نایەوێت گوێ لە ڕێنوماییەکانی باوکی بگرێت، هەتا ئەگەر هەموو میراتەکەشی پێ ببەخشێت، دوو دەنگی تەواو جیاوازن. لێرە ڕوونتر هەست بە جیاوازی دەنگەکان دەکەین، کە باوکی پێوایە کوڕەکەی دەبێ جێگەی ئەو بگرێتەوە لە چۆنیەتی کارکردن و مامەلەکردن، بەڵام کوڕەقژدرێژ دەنگ و بۆچوونێکی تری هەیە. لێرەدا بە تەکنیکی فرەدەنگی کێشەیەکی جیاواز دەخاتەڕوو، ئەویش جۆرێکی دیکە لە بیرکردنەوەی کوڕەقژدرێژ بەرانبەر تەواوی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە، بگرە زۆربەی کۆمەڵگەکان.
گاڵتەجاڕی
ئەم تەکنیکە لە ڕۆمانی نوێخوازیش بەکارهاتووە، بەڵام بەو فۆرم و شێوازە نییە، کە لە ڕۆمانی پاشنوێخوازىی سوودی لێ وەرگیراوە، نووسەرانی پاشنوێخوازی، بۆ خستنەڕوو، یان پیشاندانی دیمەنێک پەنا بۆ تەکنیکی گاڵتەجاڕی دەبەن، تا بتوانن باشتر کاریگەری لەسەر وەرگر دروست بکەن و بیخەنە دۆخی بیرکردنەوە. لە ڕۆمانی مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ تەکنیکی گاڵتەجاڕی بەکارهاتووە و لەسەر کۆی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە ڕەنگیداوەتەوە. بۆ پیشاندانی ئەو کومەڵگایە گاڵتەجاڕییەی لە ناو ڕۆمانەکەیدا دروستی کردووە، نووسەر لە زاری کارەکتەرەکانەوە دیمەنی گاڵتەجاڕی پیشان دەدات و گاڵتەجاڕییەکە گشتگیر دەکات. بەڵام بە شێوەیەکی ئازاربەخش بۆ شکاندن و ڕیسواکردنی ئەو مرۆڤانە تەکنیکی گاڵتەجاڕی بەکارهێناوە، کە بێ بایەخ و نابەرپرسیارن.
ڕاڕاییەکان لە نێوان باو و یاخیبووندا
ڕۆمانی مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ دەقێکە لەسەر سنووری جیهانبینیی نەریتی و پاشنوێخوازی دەوەستێت. ڕۆمانەکە لە هەناوی خۆیدا خەمێکی قوڵی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی هەڵگرتووە، کە خۆی لە یاخیبوونی تاک بەرامبەر دامودەزگا سەپێنراوەکان و بەها مێژووییە کۆنەکاندا دەبینێتەوە. کارەکتەری سەرەکی، کە ناوێکی دیاریکراوی نییە و تەنیا بە کوڕەقژدرێژ دەناسرێتەوە، بەرجەستەکردنی نموونەییی تاکی نامۆ و یاخییە، تاکێک کە ناچێتە ژێر باری کۆتوبەندە جێگیرەکانی کۆمەڵگە و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانەوە. ئەم یاخیبوونە لای کوڕەقژدرێژ دۆخێکی دەروونی کاتی، یان کاردانەوەیەکی سەرپێیی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنێکی ئازادانەی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانە.
لە ئاستی گوتاردا، ڕۆمانەکە دەستپێکێکی ئاڵۆز لە نێوان ڕابردوو و ئایندە، یان لە نێوان باوکی نەریتگەر و کوڕی یاخی دروست دەکات. لە کاتێکدا باوک نوێنەرایەتی سەرمایەداری، کۆکردنەوەی سامان و ملکەچبوون بۆ بەها دامەزراوەییەکان دەکات، کوڕەقژدرێژ تەواوی هەوڵی خۆی تەرخان دەکات بۆ لەناو بردنی ئەو میراتەی لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە. ئەم هەوڵە بۆ لەدەستدانی سامان، لە جەوهەردا ئامرازی بڕینی ئەو زنجیرە بەهایانەیە، کە بە زۆر بەسەریدا سەپێنراون، تا بتوانێت ڕابردووی خۆی پاک بکاتەوە و لە ژێر سایەی پۆلیسی پاراستنی ڕەوشت و دەسەڵاتی سەرکوتکەری سیاسی ڕزگاری بێت.
ڕۆمانی مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ تەنیا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یاخی نییە، بەڵکو لە ڕووی شێواز و تەکنیکی گێڕانەوەشەوە یاخیبوونێکە بەسەر پێوەرە نەریتییەکانی ڕۆماننووسیندا. کاکەسوور بە لێهاتووییەوە چەندین تەکنیکی سەرەکیی گێڕانەوەی پاشنوێخوازی تێکەڵ بە بونیادی دەقەکە دەکات.
لەم ڕۆمانەدا، نووسەر بەردەوام بەربەستەکان دەشکێنێت و بە ڕاستەوخۆ دەچێتە دیالۆگەوە لەگەڵ خوێنەردا. خوێنەر چیتر وەرگرێکی پاسیڤ یان بێدەنگ نییە، بەڵکو دەکرێتە بەشێک لە گێڕانەوەکە و ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکان.
مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ چیڕۆکی کوڕێکی سەیروسەمەرە و قژدرێژ نییە، بەڵکو مۆزەخانەیەکە بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو بەها، یاسا و سەرمایانەی، کە مرۆڤی هاوچەرخ زیندانی دەکەن. یاخیبوونی کوڕەقژدرێژ و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ سڕینەوەی مێژووی باوکی و خەرجکردنی کۆتا فلسی سەرمایەکەی، گەیشتنە بە جۆرێک لە ئارامیی ناوەکی و رزگاربوون لە بارگرانیی مێژوو.
کاروان کاکەسوور لە ڕێگەی بەکارهێنانی کارامەییانەی تەکنیکەکانی پاشنوێخوازی، بەرهەمێکی ئەدەبیی هاوچەرخی دەوڵەمەندی خوڵقاندووە، کە تێیدا زوڵم و پووچیی جیهانی واقیعی لە ئاوێنەی خەیاڵ و فەنتازیادا دەستنیشان دەکات و خوێنەر ڕووبەڕووی پرسیارە جەوهەرییەکانی بوون، ئازادی و ناسنامە دەکاتەوە. ڕەنگە هەموو خوێنەرێک چێژ لەم ستایل و شێوازە وەرنەگرێت، بەڵام ئەمە لە بایخی ڕۆمانەکە کەم ناکاتەوە.
سەرچاوە:
کاکەسوور، کاروان، ٢٠٢١، مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ، ناوەندی ڕۆشنبیری ئاشتی
Jameson, F. (1991). Postmodernism, or, The Cultural Logic of Late Capitalism. Duke University Press.
Lodge, D. (1992). The Art of Fiction. Penguin Books.
Todorov, T. (1982). The Fantastic: A Structural Approach to a Literary Genre. Cornell

