رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆمانی كوردی و ڕۆمانی بیانی

 

 

سەدیق سەعید ڕواندزی

هیچ ژانرێكی ئەدەبی وەكو ڕۆمان، ناتوانێت پانتایی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە و ڕەهەندە جیاوازەكانی بە لایەنی كەسی و پەروەردەیی و مێژووییشەوە پیشان بدات. زۆرجار ڕۆمان، وەك دەقێك دەبێتە ئاوێنەنمایێك بۆ ناسینی كۆمەڵگەیەك و كولتوور و ژیان و ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی. بۆ نموونە وەك ڕۆمانەكانی خالید حوسێنی و محمەد شوكری و نەجیب مەحفوز و گەلێكی دیكەش. ڕۆمانی كوردی، كە مێژووێكی درێژی سەرهەڵدانی نییە و گەر بیبەستینەوە بە پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی، ئەوا هەر تەنها شەست ساڵێك زیاتر دەبێت دەركەوتووە، بەڵام بە درێژایی قۆناغە ئەدەبییەكانی كۆمەڵگەی كوردی لە هەر دەیەیەك، چەندین ڕۆمانی جوان و ناوازە، كە تێماكانیان ڕەنگدانەوەی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بووە، نووسراون و ئێستاش وەك دەقی جوان و داهێنەرانە ماونەتەوە، وەك ئەندێشەی مرۆڤێكی حوسێن عارف و پاییزەخەونی مەم و هێلانەی نغرۆ و بەهاری ڕەش و چەندانی تر.
ڕۆمانی كوردی، لە ڕووی ناوەڕۆكەوە نەك هیچی لە ڕۆمانەكانی دیكەی دنیا كەمتر نییە، بگرە داهێنەرانەتر و هونەریتریشە و بڕوام وایە، كە ڕۆمانی كوردی تا ئێستا بە جیهانی نەبووە، لە سۆنگەی دوو هۆكارەوەیە ئەوانیش خەمساردی وەرگێڕەكانی ئێمە لە وەرگێڕانی ڕۆمانە كوردییە خۆماڵییەكان و هەروەها ژێردەستەیی و چەوساوەیی سیاسی و نەتەوەیی ئێمە، چونكە بێگومان كاتێ نەتەوەیەك ژێر دەستە دەبێت ئەوا هەر تەنها خاك و نیشتمانەكەی نا، بەڵكو كولتوور و ئەدەب و زمانیشی كۆلۆنیال دەكرێت. بەردەوام وەك خوێنەرێك، ڕۆمانی بیانی وەرگێڕدراو لە زمانەكانی دیكەی دنیا دەخوێنمەوە، ئەم ڕۆمانانە گەر بەراوردیان بكەی لەگەڵ ڕۆمانێكی كوردی، ڕەنگە لە پەراوێزدا بن. بە دە ڕۆمانی جیهانی، ناگەنە دامێنی ڕۆمانێكی وەك (عاجباتی هەشتەم)ـەکەی مامۆستا (عەبدوڵا سەراج) لە ڕووی گوتار و ماناوە، زمان و وێنەو وەسف. ئێمە نەتەوەیەكین بەردەوام دژمنان هەوڵیان داوە، ڕەگی خۆبەكەمزانی لە دڵ و ناخ و هزرماندا بڕوێنن و تێگەیشتنێكمان لا دروست بكەن، كە لە ئاست ئەوانیتر و نەیاردا خۆمان بە كەم بزانین، وا هەست بكەین، ئەدەب و فەرهەنگ و بگرە هیچ مێژوویەكمان نییە، لە كاتێكدا ئەمە بە پێچەوانەوەیە. ئەدەبی كوردی، بە تایبەتیش ڕۆمانی كوردی لە ئاستی ڕۆمانی جیهانی دایەو هیچی كەمتر نییە و گەر جیاوازییەك هەبێت، لە داهێناندا نییە، بەڵكو لە سەربەخۆیی و ژێردەستەییدایە!