هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئه‌مڕۆ سیروانی نوێ و هه‌ندرێن له‌ یاریی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پێشه‌نگ رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ گه‌ڕی بست و دووی یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چه‌ندین یاریی گرینگ له‌خۆوه‌ ده‌گرێت، كه‌ به‌شێكیان هه‌وڵی وه‌رگرتنی پێشه‌نگ ده‌ده‌ن، سیروانی نوێ و هه‌ندرێن ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حسابی یه‌كتر پێشه‌نگی خوله‌كه‌ به‌ ته‌نها بگرنه‌ ده‌ست، ده‌ربه‌ندیخان ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ ئارارات شكسته‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی له‌بیر بكات، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش هه‌وڵده‌دات تۆڵه‌ی خۆی له‌ چه‌مچه‌ماڵ بكاته‌وه‌، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر(3:00) ئه‌نجام ده‌درێن.

سیروانی نوێ و هه‌ندرێن یاریی نازناو ئه‌نجام ده‌ده‌ن
سیروانی نێ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، تیپه‌كه‌ی رزگار عه‌لی له‌ دۆخێكی باش دایه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ست نه‌دات و پێشه‌نگ له‌ هه‌ندرێن وه‌ربگرێته‌وه‌، پێكهاته‌كه‌ی رزگار عه‌لی له‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانی باش و لاو پێكهاتووه‌، كه‌ پشت به‌ تواناكانی یاریزانان عه‌زیز كه‌لاری و هه‌مزه‌ عه‌باس و راستكۆ فه‌ریق و به‌هادین به‌كر له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌و تیپه‌ن، ئه‌وان له‌ یاریگه‌ی خۆیان له‌و وه‌رزه‌ ته‌نها یه‌ك یارییان له‌ دژی دهۆك دۆڕاندووه‌، سیروانی نوێ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ هه‌ندرێن تۆڵه‌ی شكستی یاریی چوونیش بكاته‌وه‌ كاتێك به‌ گۆڵێكی بێوه‌ڵام پێی دۆڕاند، له‌ ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی یاریی ئه‌مڕۆیان هه‌م تۆڵه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌م پێشه‌نگ وه‌رده‌گرنه‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هه‌وێنی بردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م نازناو بۆ یانه‌یه‌كی شاری سلێمانی 40 خاڵیان هه‌یه‌ له‌ پله‌ی دووه‌م دێن.
هه‌ندرێن، گه‌ڕی رابردوو پشوو بووه‌، بۆیه‌ ده‌رفه‌تیكی باشتری له‌به‌رده‌ستدا بووه‌، تا تیپه‌كه‌ی باشتر ئاماده‌ بكات، دڵشاد مه‌عروفی راهێنه‌ر به‌ لایه‌نی كه‌م به‌ دوای به‌رانبه‌ر بوون ده‌گه‌ڕێت، چونكه‌ هه‌ر له‌ پێشه‌نگ ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ بردنه‌وه‌شی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی ئاماده‌ن، به‌تایبه‌تی هێمن نازم و سۆران عه‌زیز و محه‌مه‌د شێرزادی كاپتن و عه‌لا محه‌مه‌دی هێرشبه‌ر و سه‌نگه‌ر عه‌بدولكه‌ریمی به‌رگری راستی و ماجد سه‌لامه‌ی ناوه‌ڕاستكاری، ئه‌م یارییه‌ بۆ هه‌ردوو یانه‌كه‌ به‌ یاری نازناو هه‌ژمارده‌كرێت، 40 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پێشه‌نگن.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر چه‌مچه‌ماڵ به‌ دوای ساڕیژی برینه‌كانیان ده‌گه‌ڕێن
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕی رابردوو به‌ ئارارات دۆڕا، ئاستی پێشمه‌رگه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ وه‌ك پێویست نییه‌، له‌ته‌مه‌نی ئه‌و یانه‌یه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌میر بابۆ، دۆخی خراپی وای به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی یاریزانه‌كانیه‌وه‌یه‌تی، به‌ڵام ئه‌مرۆ ده‌یه‌وێت له‌ چه‌مچه‌ماڵ بباته‌وه‌، ساڕێژی برینه‌كانی بكات، تۆڵه‌ی یاریی چوونیش له‌ چه‌مچه‌ماڵییه‌ان بكاته‌وه‌، كاتێك له‌ (2-0) پێی دۆڕاندن، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر خاوه‌نی 2 نازناوه‌ له‌ خولی نایابی كوردستان، ئێسته‌ به‌ 25 خاڵ له‌ خانه‌ی ده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
چه‌مچه‌ماڵ، دۆخیان باش نییه‌ سێ یارییه‌ بردنه‌وه‌یان بیرچووه‌ته‌وه‌، له‌ چه‌ند رۆژی رابردووش ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ر یانه‌كه‌ی جێهێشت و یونس سلێمان شوێنی گرته‌وه‌، سه‌وز وسپی پۆشه‌كان به‌ 29 خاڵ له‌ خانه‌ی چواره‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێن، به‌ڵام به‌هۆی شكستی گه‌ڕی رابردوویان به‌رانبه‌ر سیروانی نوێ ده‌یانه‌وێت له‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ببه‌نه‌وه‌ و باری لاسه‌نگی خۆیان راست بكه‌نه‌وه‌.
ئارارات و ده‌ربه‌ندیخان له‌ یارییه‌كی هاوسه‌نگ رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
ده‌ربه‌ندیخان له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری ئارارات ده‌كات، هه‌ردوو یانه‌كه‌ به‌ 29 خاڵ له‌ خانه‌كانی شه‌شه‌م و حه‌وته‌م دێن، ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌و یارییه‌ هه‌نگاویك بچنه‌ پێشه‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ریبردنه‌وه‌یان و دۆڕاندنی ركابه‌ره‌كانیان ره‌نگه‌ بگه‌نه‌ خانه‌ی سێیه‌می خوله‌كه‌، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێگی گه‌وره‌یه‌ بۆ ریزه‌كانی پێشه‌وه‌، شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند پشت به‌ تواناكانی دیار عه‌لی هێرشبه‌ر ده‌به‌ستن، كه‌ له‌ نیوه‌ی وه‌رزی دووه‌م په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ربه‌نده‌وه‌ كرد و دوو گۆڵی بۆ كردوون و شه‌ش خاڵی بۆ كردوونه‌ته‌وه‌.
ئارارات، له‌ دۆخێكی ده‌روونی باش دایه‌ تایبه‌ت دوای بردنه‌وه‌ی دێربی پیرمام له‌ ركابه‌ره‌ مێژوویه‌كه‌ی كه‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێره‌، ئه‌مه‌ هێنده‌ی دیكه‌ هێزی به‌و یانه‌یه‌دا تا ئه‌نجامی باشتر تۆمار بكه‌ن، 29 خاڵیه‌ن هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌م دێن.