دوا ڕۆژەکانی بابلۆ

کۆمیدیا نزیک لە کێشەکانی سەردەم

مامەڵەکردن لەگەڵ “کۆمیدیا” مامەڵەیەکی ئاسان نییە، زۆر کەمن ئەو بەرهەمە هونەرییە کوردییانەی کە توانیویانە لە کارێکی هونەریی کۆمیدییدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ئاستێکی بەرزی نواندن و هاوکات هەڵگری پەیام و تایبەتمەندی هونەریی بن. زۆرجار کۆمیدیا لای هەندێک گروپی هونەریی کورتکراوەتەوە بۆ هەڵڕشتنی قسەی ڕووتی رۆژانە و بە کۆمەڵێک جنێوی بازاڕییەوە، لە کاتێکدا کۆمیدیای ڕاستەقینە دوورە لە جنێو و قسەی سووک و کردەی نەشیاو، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بینەر بەجێ بهێڵێت. کۆمیدیا ڕێگەیەک بۆ دەرخستنی شتێک و گەیاندنی گوتارێک کە لە ڕێگەی دیکەوە ئیمکانی گەیاندنی کەمە، یان بەو شێوەیە ناتوانرێت بگەیەنێرێت.

زۆرجار بەرهەمە کۆمیدییە کوردییەکان، بەرهەمگەلی خۆڕسک نەبوون، لە هەناوی کۆمەڵگەوە سەریان دەرنەهێناوە، یان ڕیشەیان لەنێو ئەدەب و کولتووریی ئێمەوە نەبووە، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوردەکراو بوون. بێگومان قسەی من لەسەر ئەوە نییە کە بەرهەمی هاوردەکراوی هونەریی و کولتووریی، خراپە یان باشە، مەبەستم لەوەیە هەر بەرهەمێکی هونەریی “زۆر بەتایبەت شانۆیی” کە لەسەر شانۆیەکی کوردی نمایش دەکرێت پێویستە بکوردێنرێت، بەو مانایەی لەنێو زەمینەی کولتووریی ئێمەدا جێگەی بکرێتەوە و کاتێک بەرهەمێکی شانۆیی دەکوردێنرێت دەشێ ببێتە بەرهەمێکی سەرکەوتوو و جێگەی خۆی لە دڵی بینەردا بکاتەوە.
ماوەی هەفتەیەک زیاترە شانۆیی “دوا ڕۆژەکانی بابلۆ” لە شاری سلێمانی نمایش دەکرێت، کە ئەم شانۆییە لە دەرهێنانی “شوان کەریم”ـە و کۆمەڵێک هونەرمەندی شانۆکاری شاری سلێمانی رۆڵیان تێدا گێڕاوە، کە هەم هونەرمەندی بە ئەزموونی تێدایە هەم هونەرمەندی لاو. بێگومان ئەرکی ئێمە نییە شانۆییەکە بگێڕینەوە، تەنها دەمانەوێت سەرنجێک سەبارەت بە چەمکی “کۆمیدیا” لەم شانۆییە بدەین. بەو پێیەی ئەم شانۆییە دەیەوێت بڵێت شانۆییەکی کۆمیدییە، هاوکات دەشیەوێت شانۆییەک بێت زۆرترین بینەر لە خۆی کۆ بکاتەوە، واتە گوتارەکەی ئاراستەی تەواوی کۆمەڵگەیە لە هەموو ئاستەکاندا. نەک شانۆیەک بێت گوتارەکەی، گوتارێکی نوخبەوی بێت.
“دوا ڕۆژەکانی بابلۆ”، لە یەکەم ساتەکانی نمایشەوە دەیەوێت ئەوە بڵێت خاوەنی گوتارێکی نوخبەوی و هاوکات “کۆمیدیایەکی ڕاقی”یە، بەڵام ئەمە لە بەردەمی نمایشدا بەرەو دواوە دەڕوات، کاتێک ئاستی هەندێک دیالۆگ دادەبەزێتە ئاستێکی گەلێک سادە. ڕاستە سادەیی بەشێکی کۆمیدیا پێکدێنێت، بەڵام سادەییەک کە خاوەنی قوڵاییە. خاڵێک کە لە کۆمیدیای کوردیدا (کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمیدیای میسریی) جێگەی سەرنجە لام ئەوەیە هەمیشە (جلی ژنان و قسەی وروژێنەر) دەبێتە جۆرێک لە بابەتی سەیر و سەمەرە، کە زیادەڕەوی لەمەدا دەبێتە مەهزەلە، نەک کۆمیدیا، وەکو ئەوەی لە گرتەیەکی ئەم شانۆییەدا بەری کەوتین، کە لاموایە ئەمە زیادە بوو. پرسیاری ئەوەی ئایا ناکرێت کۆمیدیایەک بکرێت بەبێ ئەوەی باسی “جلی ژێرەوەی ژنان” بکرێت و بکرێتە کەرەستەیەک بەدەست ئەکتەرەوە بۆ پێکەنین، بێگومان پرسیارێکی دروستە، بە نموونەیەکی سادە و نزیک لە خۆمان. ئەگەر سەرنجی فیلمە کۆمیدییە ئێرانییەکان بدەین ئەوسا دەبینین کە کۆمیدیا بەبێ باسکردن و پیشاندانی “وشە و کەرەستەی سێکسی” چ کۆمیدیایەک بەرهەم دەهێنن. کۆمیدیایەک کە ئاستێکی باڵای ڕەخنەییدا.
بۆ ئەوەی هەڵە تێگەیشتن لەم سەرنجەم دروست نەبێت دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە باسکردن لە “وشە و کەرەستەی سێکسی” لە کۆمیدیادا قەدەغە نییە و لە شکۆی کۆمیدیا ناهێنێتە خوارەوە، بەڵام پێویستی بە سیاقی تایبەتی و زەمینەسازی تایبەتی هەیە و لە جێگەیەک بێت کە شوێن بگرێت، یان ئەوەندە بەکار بهێنرێت کە پێویستە. نەک وەکو لە “دوا ڕۆژەکانی بابلۆ” جانتایەک، کە جلی ژنانەی تیایە، نەک جارێ دووجار پیشانی بینەر بدرێت. ئایا جانتای ژنان تەنها ئەوەی تێدایە؟ من وەڵامی ئەم پرسیارە نادەمەوە ئەمە بۆ برادەرانی شانۆییەکە. بە هەرحاڵ ئەمە کەموکوڕی زۆربەی کارە هونەرییە کۆمیدییە کوردییەکانە، کە هاوردەکراون بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە کۆمیدیای میسرییەوە هێنراون، کە هیچی ئەوتۆ ناخەنە سەر هزر و بیرکردنەوەی بینەر و گوتاری شانۆش بەرەو پێشەوە نابەن، چونکە شانۆ خاوەنی گوتارێکە لەسەرووی گوتاریی ئاساییەوە بێت، ئەمەش پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی بینەری ئاسایی بۆ ئاستی ئەو گوتارەی هەڵی گرتووە.
سەرەڕای ئەم سەرنجە “دوا ڕۆژەکانی بابلۆ”، لە ڕیزی ئەو شانۆییانەیە کە شایانی بینینە و وزەیەکی نوێیە بە ڕۆحی شانۆی کوردییدا. بریا مانگانە نمایشی شانۆیی لەم چەشنە لە شارەکەماندا هەبوایە تا وزەیەکی نوێ بە بەری ڕەوتی شانۆی کوردییدا بکرایە. دەستخۆشی بۆ ستافی ئەم شانۆییە و هیوای کاری باشتریان بۆ دەخوزام.

ھەواڵی زیاتر