ئاگری بێ دووكەڵ

حەمەسەعید حەسەن

لە 7ی شـــوباتی 2022دا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئەوەوە کە ئوکراینا بە ڕێککەوتننامەی مینسک قایل نییە، پووتین دەبێژێت: ”پێت خۆش بێت یان پێت ناخۆش بێت، ئەوە ئەرکی سەر شانتە جوانکیلەکەم.” ئەمەیش ڕستەیەکە لە گۆرانییەک کە تێیدا عاشقی شەیدا، با نازادرەکەی لە تابووتیشدا خەوی یەکجاریی لێ کەوتبێت، هەر ئاوێزانی دەبێت. واتا: ڕووسیا چی بوێت، ئەوە جێبەجێ دەکات، بەبێ گوێدانە خواستی ئوکراینا، بەڵام بە دەربڕینێکی تەواو بازاڕییانە، ئاخر ئەو لەئامێزگرتنە لەو گۆرانییەدا، مەبەست لێی لاقەکردنە، با ژنە گیانیشـــی لە دەست دابێت. ئەو جۆرە لاقەکردنە لای داعش، (جیماعی ویداع)ی پێ دەگوترێت کە بە کوردی دەبێتە: جووتبوونی ماڵئاوایی! هەر پووتین 2002 لە پرێس کۆنفرانســـێکدا بە ڕۆژنامەنووسێکی خۆرئاواییی گوتبوو: ئەگەر دەخوازیت ببیت بە ئیســـلامییەکی توندئاژۆ، وەرە بۆ مۆسکۆ، پێیان دەڵێم وەهات خەتەنە بکەن، ئاسەواری نەمێنێت. کەواتە سەرۆک هاوزەمان وەستای لاقەکردن و خەساندنیشە.
ئەوە پارادۆکس بوو کە 1991 خەڵکی ئوکراینا، بەدەم داواکردنی سەروەریی نیشتمانییەوە، پەیکەرەکانـــی (لینین)یان تێکدەشـــکاند، هەرچەنـــدە لینین لەگەڵ مافـــی دیاریکردنی چارەنووسی گەلاندا بوو بە ئوکراینایشەوە. ڕاستییەکەی ئەوە ستالین بوو، بە زەبر وڵاتانی دەهێنایە بن چەپۆکی ڕووسیاوە و ناچاریشی دەکردن بڵێن: ئێمە بە ویست و بە خۆشیی خۆمان، بن دەواری یەکێتیی ســـۆڤیەتمان هەڵبژاردووە. سیاســـەتی پووتین درێژەدانە بە هەمان سیاسەتی قەیسەر – ستالین کە هۆکاری هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت بوو، کە لینین تا ژیا دژی ئەو سیاسەتە ستەمکارانەیە بوو.
ڕووســـە نەتەوەپەرســـتەکان سەرزەنشـــتی لینین دەکەن کە داوای سەربەخۆیی بۆ گەلان کردووە، ئاخر پێیان وایە بەهۆی ئەو سیاســـەتەوە، کۆتایی بە هەژموونی ڕووس بەســـەر گەلانی دیکەدا هاتووە، بۆیە ئەوە ســـەیر نییە، هەنووکەیش ســـەروەختی خۆنمایشکردنی ســـوپا، وێنەی ســـتالین بڵند بکرێتەوە و هیچ بایەخێک بە وێنـــەی لینین نەدرێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر، ڕاپرسییەک بۆ هەڵبژاردنی سێ کەسایەتییە هەرە مەزنەکەی ڕووسیا ساز کرا، ستالین یەکێکیان دەرچوو، باسێک لە لینین نەبوو. ئەو ڕێزەی بۆ ستالین دادەنرێت، لە ســـۆنگەی ئەوەوە نییە کە کۆمۆنیســـت بـــووە، لەبەر ئەوەیە گیانی نەتەوەپەســـتیی بووژاندووەتەوە. ڕقیشـــیان لە لینین زادەی ئەوەیە، گوایە نانیشـــتمانی بووە و ئەوە ئەو بووە دوای شۆڕشی ئوکتۆبەر، ئوکراینای داهێناوە. پووتین لە 20ی شوباتی 2022دا گوتی: “با لەو حەقیقەتەوە دەست پێ بکەین کە ئوکراینای هاوچەرخ، ڕووسیای بەلشەفیک دوای
شۆڕشی 1917 دایمەزراندووە.”
پووتین بێجگە لە نەتەوەپەرستێکی کۆنەپارێزهیچی دیکە نییە، با هیچ چەپێک بەوە فریو نەخوات کە گوایە میراتگری یەکێتیی سۆڤیەتە. ئەو سیاسەتەی پووتین ڕەچاوی دەکات، شـــەڕی ساردی سەردەمی یەکێتیی ســـۆڤیەت نییە، بەڵکوو ئاشتییەکی گەرمە، کە خۆی لە دەســـتتێوەردانی ســـەربازی و جەنگدا دەبینێتەوە، سیاسەتێکە بە پاساوی پاراستنی مافی مرۆڤەوە، ســـڵ لە کۆکوژی ناکاتەوە. لینین گوتەنی: ئەدی چار چییە؟ وەک چۆن بۆ ئەوەی ڕێگە لە دەســـتدرێژیی سێکسی بگیرێت، چارەسەر خەساندنی دەستدرێژیکارە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بێجگە لە خەســـاندنی ڕووســـیای پووتین، هیچ چارەسەرێکی دیکەی لە بەردەستدا نەماوە.(*)

ھەواڵی زیاتر