رۆژنامەی ھەولێر

هاوردەکردنی عەرەبی میسری بۆ كه‌ركووك، پێـــــــــــدانی شوققە و زەوی و پاداشت و دامەزراندنیان! خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: تــــــــــــاوانەکانی تەعریب لە كه‌ركووك

ئاری ئاغۆک

کاتێ باس لە چەمکی تەعریب دەکەین، دەبێ لە چەندین لاوە سەیری ئەودیوی پلان و مەبەست و ئامانجەکان بکەین، چونکە بە تەعریب بوون لە ڕەهەندێکی قوڵی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرێ بۆ چەندین لق و پۆپی دیکە، کە هەر یەکێکیان بە ئامرازێکەوە لکێندراوە، ڕاستە تەعریب لە سەپاندنی زمان و شوناسەوە دەست پێ دەکات، بەڵام هەوڵی دیکەشی بۆ دەدرێ وەک ( گواستنەوەی بەزۆرە ملێ و هێنان و نیشتەجێ بوونی کەسانی نەتەوەی دیکە، گۆڕینی ناوی گەڕەک، شەقام، تابڵۆ، شوێن …. هتد، بۆ ناوی بێگانە، گۆڕینی شوێنی جوگرافی پێکهاتەی نەتەوەیەک و پەرتەوازەبوونیان، فەرامۆشکردنی زمانی دایک و لە ڕێگەی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆ و تا لاوازکردنی ناسنامەی نەتەوەیی).
بۆیە باسکردن لە تەعریب لەڕێگەی کتێبەوە وەک سەرچاوەیەکی زیندوو و نزیک و باوەڕپێکراو دەچێتە ئەو خانەیەی کە وەک بنەمایەک بۆ توێژینەوە و بەدواداچوون کاری لەسەر بکرێ، وەک بەڵگە و دیکۆمێنتێک لە دەفتەری مێژوودا هەمیشە بە سەرچاوەی زیندوو دەخوێندرێتەوە، خوێنەر دەگەڕێنێتەوە سەر ئەو مێژووەی چۆن دەستپێکراوەو، لەکوێ کۆتایی پێهاتووە.
بەشێوەیەکی گشتی هەر هەوڵێکی (تاکەکەسی – یا دەستە جەمعی ) بۆ پڕۆسەی مێژووی تەعریب ئەنجام بدرێت، ئەوا کارێکی مرۆیی و ئەمانەتێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییە، دەبێ بە ووردی و ووریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بە بەڵگەی زیندوو وەڵامی هەمووان بداتەوە.
لە کتێبی( تاوانەکانی تەعریب لە كه‌ركووك لە بەڵگەنامەکانی حیزبی بەعس دا) لە نووسینی: ڕێبوار تاڵەبانی، خۆی لە فۆڕمی ئەو پێناسەیەی سەرەوە دەدۆزێتەوە کە ئاماژەم پێکردووە، بۆیە وەک ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی و مێژوویی بۆ زیاتر شیکردنەوە و شیکاری ئەم هەوڵەی نووسەر، خوێندنەوەیەک بۆ ناوەڕۆک و پەیام و پێکهاتە و گرنگیی ئەم کتێبە دەخەینەڕوو.
بەر لە هەموو شتێک ئەو پرسیارە لای خوێنەر دروست دەبێ، ئایا نووسەر بۆ چ مەبەست و ئامانجێک ئەم کتێبەی بەچاپ گەیاندوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین، ڕێبوار تاڵەبانی لە نێوەندە سیاسی و کارگێری و کۆمەڵایەتیەکان دا ناوێکی نامۆ نیە، ئەو وەک کوڕی ئەوشارە، لە پێودانگەی خەمخۆری و دڵسۆزی بۆ دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی شارەکەی بە هەوڵ و ماندووبونێکی زۆر و بێ وچان پرۆژەی ئەم کتێبەی بەچاپگەیاندوە، هەر وەک لە بەشێکی پێشەکی ئەم کتێبەی دا دەڵێت: لێکۆڵینەوەو خوێندنەوەو توێژینەوە لە تاوانەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیی شارێکی مێژوویی وەک کەرکووک، هەروا ئاسان نیە، تەنانەت بەکتێبێک و دوو کتێب و بگرە کۆبەندێکیش تەواو نابێت، ئەمە بۆ خۆی ئینسایکلۆپیدیایەکی هەمەلایەنەی دەوێت، بەڵام هەر هەوڵێک بدرێت بۆ تیشکخستنە سەر قۆناغێکی مێژوویی شارەکە لە ڕووی گۆڕانی دیمۆگرافی بۆ نەوەی داهاتوو کارێکی زۆر گرنگە……هتد.
نووسەر بەردەم دەبێت و لە کۆتایی دا دەڵیت؛ ئەوەی لەم کتێبەدا کردوومەتە سەرچاوە بۆ تاوتوێکردن و خوێندنەوە و دانانی بۆچوون و چارەسەر، زیاتر لە ٥٠٠ نووسراوی نهێنی ڕژێمی بەعسە لە ساڵەکانی ١٩٧٥ تا ٢٠٠٣ لە بوارەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی نەخشەی پارێزگای کەرکووک و تاوانەکانی ڕاگواستن و تەعریب، بێگومان دەشێ دەیان هەزار نووسراوی تر هەبێ و دەستی من نەکەوتبێ، بەڵام زۆربەی ئەو نووسراوانە لە سنووری ئەو تاوانە دەخولێنەوە کەوا ئامانجی کۆتایی حیزبی بەعس بە عەرەبکردنی پارێزگاری کەرکووک و سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی بووە. ل ١٣، ١٦
ئەم پێشەکی و نووسین و بەرچاوڕوونییەی خاوەن کتێب ئاماژە گەلێکن بەوەی کە بەدرێژایی مێژوو، لە چەندین لاوە حزبی بەعس هەوڵی بەتەعریبکردنی ئەم شارەی داوە، لەیەکەم ڕۆژی هاتنە سەردەسەڵات بە چاوی نامۆ و تەعریب لەم شارەی ڕوانیوە، بەدرێژایی حکومداری حیزبی بەعس، تا ڕووخانیان لەساڵی ٢٠٠٣ وێرای چەندین کێشەی سیاسی نێوخۆیی و دەرەکی و جیهانی کەچی هەر چاوی لە كه‌ركووك بووە، تا رێژەو ژمارەی یەک خێزان کەم بکات و لەجێی ئەوان چەندین عەرەبی هاوردە بهێنێتە ئەم شارەو بیکات بە خاوەن ماڵ!.
-پێکهاتەی کتێب.
کتێبی؛ تاوانەکانی تەعریب لە كه‌ركووك لە بەڵگەنامەکانی حیزبی بەعس دا، لە دوو توێی ٦٠٤ لاپەڕەیی دا، لە هەشت بەشی جیا و گرنگ دا، زیاتر لە ٥٠٠ بەڵگەنامە و دیکۆمێنتی باوەڕپێکراو پێکهاتوە، ئەم بەڵگەنامانە تەعریبییانە تەنیا لەسەردەمەی حیزبی بەعس دایە، لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژووی حکومڕانی عیراق، شاری كه‌ركووك بە شێک بووە لەو ململانێیە سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەی کە بەسەری داهاتوە، لەپێناو کاڵبوونەوە تا سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەو شارە کوردیە کە بەداخەوە هەموو ڕژێم و حکومڕانیەکانی ئەو وڵاتە بەر لە هەموو شتێک چاویان بڕیوەتە ئەو شارە.
بۆیە ئەوەی لەم کتێبەدا باسکراوە و ئاماژەی پێکراوە و وەک دیکۆمێنت بڵاوبۆتەوە ئاماژە گەلێکن لەو زوڵم و ستەمەی کە حیزبی بەعس بەرانبەر بە نەتەوەی کوردی ئەنجام داوە بە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانیەوە تا کار گەیشتۆتە ئەوەی بە ئاشکرا غەدر و زوڵمی ئاینی و مرۆیی و نیشتیمانیان لێ بکرێ.
لێرەدا وەک کتێبێکی زیندووی سەردەم، ئاماژە بە هەر ٨ بەش دەکەین و لەهەر بەشێکدا نموونەیەک یا دوان دەخەینەڕوو و شرۆڤە و ڕوانینی خۆمانی بۆ دەکەین.

بەشی یەکەم/ گۆڕینی دیمۆگرافی لە نێوان بارودۆخی سروشتی و تاوانکاریدا.
لاپەڕە ١٧ – ٢٠ تەرخانکراوە بۆ بەشی یەکەم چەند بابەتێک لە خۆ دەگرێ تایبەت بە گۆڕینی دیمۆگرافیای سروشتی بە پێی بارودۆخ، نووسەر لە ڕێگەی چەند خاڵێکەوە پلانەکی خستۆتەڕوو، لێرەدا تەنیا ئاماژە بە سەردێری بابەت و خاڵەکان دەکەین: ( گۆڕینی دیمۆگرافی بەپێی ڕەوشی کەش و هەوا، گۆرینی دیمۆگرافیی پەیوەست بە وەچە، گۆڕینی دیمۆگرافیی لەڕووی چین و توێژەکانەوە، گۆڕینی دیمۆگرافی بە پێی تاوانەکان، گۆڕینی دیمۆگرافیی بەهۆی جەنگەوە، گۆرینی دیموگرافی نەتەوەیی بەهۆی نیشتەجێکردنی زۆرە ملێ، گۆرینی دیمۆگرافیی ئاینی).
دەستنیشانکردن و ڕوونکردنەوەی هەر خاڵێک لەو ناونیشانانە، وەک دەسپێک و دەروازەی چوونە نێو ئامێزی ئەم کتێبە مێژووییە وەک کلیلێکی گرنگ، نووسەر کۆد و نیەت و پەیامی خۆی بۆ خوێنەران ڕوون و ئاشکرا دەکات، ئەمەش لە پێناو ئاسانکاری و ئاشنابوون و شارەزابوونی خوێنەر بە کون و کەلەبەرەکانی ئەو تاوانە گەورەو مێژووییەی دەرحەق بە نەتەوەی کورد کراوە، لەئەنجام دا دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ ئاشنابوون و بەردەوامی خوێنەر.

بەشی دووەم/ مێژووی گۆڕینی دیمۆگرافیی شاری كه‌ركووك.
بەشی دووەم لە لاپەڕە ٢١ – ٣٤ بەو ناونیشانەی سەرەوە کۆمەڵە بابەتێکی مێژوویی لەخۆدەگرێ کەهەر بابەتێک لە چەمکێکی مێژووییەوە تاوان و بەڵگەنامە فەرمییەکانی حکومەتی عیراق لە خۆدەگرێ کە هەر دەسەڵاتدارەو لە مێژووی حوکمڕانیدا بە چاوی تەعریببوون لە شاری كه‌ركووكی ڕوانیووە، نووسەر زۆر بە وردی ئاماژەی پێکردوە، ناونیشانی بەڵگەو بابەتەکانی بریتین لە:( سەردەمی پاشایەتی، مێژووی تاوانەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای كه‌ركووك لە کاتی ڕژێمی کۆماری دا، تاوانی گۆڕینی دیمۆگرافی لەقۆناغی یەکەمی حیزبی بەعسدا ١٩٦٣، تاوانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە قۆناغی کۆتایی بەعسییەکان لەساڵی ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣).
لە بابەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە قۆناغی کۆتایی بەعسییەکان لەگۆشەیەک دا نووسەر دەڵێت: ( قورسترین و پیسترین قۆناغ بۆ تاوانی گۆڕینی دیمۆگرافیی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، قۆناغی هاتنە سەر دەسەڵاتی حیزبی بەعس بوو بۆ دووەم جار لەساڵی ١٩٦٨، سەردەمی حیزبی بەعس تراژیدیترین و خوێناویترین قۆناغ بوو، کە کورد بەسەری هات، لە بەکارهێنانی سەرجەم تاوانەکانی سڕینەوەی نەتەوەیەک بەناوی کورد… هتد).
ئەم نووسین و بابەتەی نووسەر ڕاستەوخۆ وێنەیەکی ناشیرین و لەکەدارمان نیشان دەدات، کە حیزبی بەعس لە یەکەم هەنگاوی و دەسپێکی دامەزراندنی لە نێو هەناوی چەندەها شەڕ و کێشە و ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی، کەچی هەمیشە ڕووی لە تاوان و تەعریبکردنی شاری كه‌ركووك بووە، بزانە ئەم ڕق و ئایدیا ڕەشەی بەرانبەر بە ناسنامەی نەتەوەی کورد لە چ ترۆپکێکی دابووە!.

بەشی سێیەم/ جۆرەکانی تاوانی گۆڕینی دیمۆگرافیی پارێزگای كه‌ركووك.
لەم کتێبەدا لاپەڕە ٣٥ – ٤٢ لە ڕێگەی ١٨ خاڵ دا بەفراوانی باس لە جۆرەکانی تاوانی گۆرینی دیمۆگرافیی پارێزگای كه‌ركووك دەکات، لە گۆشەیەک دا نووسیویەتی: ( دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کە گۆڕینی دیمۆگرافیا لە چ کاتێک دا دەبێت بەتاوان؟ تاوان خۆی لە ڕووی یاساییەوە چییە و چۆن تاوان ئەنجام دەدرێت و تاوانبار دەبێت چی لەگەڵ دا بکرێت و چۆن ئاسەوار و لێکەوتەکانی تاوان نەمێنێت؟ ئەمانە هەمووی پرسیار گەلێکن لەوانەیە پارێزەران و دادوەران و یاساناسان زیاتر قسەی لەسەر بکەن).
ووروژاندنی ئەم بابەتەی ڕێبوار تاڵەبانی خۆی لە خۆیدا پێویستی بە دیبەیت و گفتوگۆ و توێژینەوەی فراوان هەیە، چونکە بێنە پێش چاوی خۆت، دەسەڵاتدار و حکومداری ووڵات، لە کاتێکدا ئەرکی پاراستن و پارێزگاری هاوڵاتیانیەتی بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و ئایدیا جیاواز و نەتەوە جیاوازەکانەوە، کەچی لوتکەی دەسەڵات خۆی تاوانی گەورەی مێژووی بەرانبەر بە نەتەوەیەک ئەنجام داوە کە لەگەڵ نەتەوەکانی تر بە هاوبەشی ژیاوە و لە ڕوبەڕوبونەوە سەختەکان دا هەڵوێستی هەبووە، کە چی حیزبی بەعس کە حکومڕانی ووڵاتی کردوە، خۆی تاوانبارەو کەسیش نەیتوانیوە سزای بدات و دادگایی بکات، نووسەر وەک ئەمانەتێکی مێژوویی بە چەند پرسیارێک بۆ دادوەر و پارێزەر و یاساناسان ئەم مێژووەی باسکردوەو گۆمەکەی شلەقاندوە!.
بۆیە دەبێت کەس و لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کات وەڵامی ئەم پرسیارانەی بدەنەوە، تا هەمووان بزانن کێ تاوانبارە و بۆ تاوانبارە؟!.

بەشی چوارەم/ سزای تاوانەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ئیسلامدا.
لاپەڕە ٤٣- ٥٥ بۆ ئەم پرس و بابەتەی سەرەوە دەستنیشانکراوە، بابەتەکان بریتین لە: ( چارەسەری ستەمی گۆڕینی دیموگرافی لە ئیسلامدا، خەبات و کۆشش و هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاران، قەرەبووکردنەوەی ستەملێکراوان و سزادانی ستەمکاران، تاوانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە سوننەتی پێغەمبەر – درووی خوای لەسەر بێت-
لەبەشێکی ئەم بابەتەدا هاتووە: لە بواری ستەمکاری و دەستبردن بۆ ماڵی خەڵکی، دەیان فەرموودەی پێغەمبەری خودا هەیە، کە قەدەغەی کردووە و لە فەرموودەیەکدا کۆی دەکاتەوە دەفەرموێت (الظلم ظلمات یوم القیامە) واتە هەموو ستەمێک تاریکییە بۆ ڕۆژی دوایی. لێرەدا ئەو پرسیارەمان بۆ دروست دەبێت، قورئانێک بە زمانی عەرەبی بۆ هەموو جیهان و زیاتر لە دوو ملیار مرۆڤ دابەزیوە ئێستا پەیڕەوی دەکەن. قسەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا هەندێ لەو هۆز و عەشیرەتە عەرەبە هاوردانەی كه‌ركووك، بۆچی دژایەتیی قورئان و سوننەت و پەیڕەوی ئیسلام دەکەن؟ لە کاتێک دا خۆیان بە موسڵمان دەزانن و لە مزگەوتەکان نوێژ دەکەن و ڕۆژوو دەگرن و پێشیان ئاساییە بۆ دەیان ساڵ ستەم و تەعەدا لە هاوڵاتی کورد بکەن!.
ئەم بابەتەی نووسەر ڕێبوار تاڵەبانی ڕەهەندێکی فراوانی ئایینی لە خۆ دەگرێ، کە نەک نووسەر، هاوڵاتی دیکە و باوەڕدارانی ئایینەکانی دیکەش پێیان سەیرە، موسڵمان بەرانبەر بە براموسڵمانەکەی ئەم تاوانە گەورە نامرۆییەی ئەنجام داوە، کە خودای گەورە هیچ کات ئەو زووڵمە قبوڵ ناکات و لەسەر دنیا یا لە قیامەت، دەبێ باجی ئەو تاوانە بدەن.
بۆیە بە بۆچوونی من دەکرێ کتێبێک، یا توێژینەوەیەکی ئەکادیمی – مێژوویی، یا گفتوگۆیەکی تایبەت لەسەر سزای تاوانەکانی گۆڕینی دیموگرافی لە ئیسلام دا ببێتە شیکار و بابەتگەلێکی گرنگ نەک لەسەر ئاستی تاک و نەتەوە، بەڵکو سەرجەم زانایان و مامۆستایانی ئایینی لەسەر ئەم پرس و بابەتە قسان بکەن، لەچەندین لاوە بابەتەکە خورد بکەنەوە، بۆ نموونە داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد لە لایەن عەرەبە هاوردەکان و خواردنی بەربوومەکە بە حەلاڵی!.
ئەم نموونە و بابەتە و چەندان نموونە و بابەتی دیکە پێویستە لە ڕەهەندە ئایینیەکەوە سەرجەم ئایین و ئایزاکانی دیکە باس لەم غەدر و زوڵمە بکەن.

بەشی پێنجەم/ تاوانەکانی تەعریب
لە دوووتوێی ئەم کتێبەدا لە لاپەڕە ٥٥- ٢٤٦ بەناونیشانی تەعریب ١٩١ لاپەڕە تەرخانکراوە بۆ ٦١ بابەتی چروپڕ، کە هەمووی لە چوارچێوەی بە تەعریببوون خۆی دەدۆزێتەوە لەگەڵ خستنەڕووی بەڵگەنامەکان کە لەلایەن حیزبی بەعسەوە دەرچووە و جێ بەجێکراوە، لێرەدا لەبەر کەمی دەرفەتی ڕووبەری نووسین ناتوانین ناونیشانی هەر شەست و یەک بابەت ئاماژە پێ بکەین، بەڵام دوو بابەتی گرنگ ئاماژە پێ دەکەم و دواتر شرۆڤەی خۆمانی بۆ دەکەین.

-جۆرەکانی تەعریب
تەعریب: پڕۆسەیەکی ڕژێمی بەعس بوو بۆ گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕەسەنی کوردستانیبوونی كه‌ركووك بۆ نەتەوەی عەرەب، بە واتایەکی تر بە عەرەبکردنی سیمای شاری كه‌ركووك لەسەر جەم ڕەهەندەکانییەوە ( زمان، کولتوور، نووسین، جلوبەرگ و ….).
تاوانی تەعریب بەشێکی زۆر گرنگی گۆڕینی دیمۆگرافیای نێگەتیڤی شاری کەرکووکە ل ٥٩
ئەم بابەتەی نووسەر زۆر بەڕوونی و سادەیی باس و پێناسەی تەعریب دەکات، بەڵام قوڵ مانا، هەموو چەمکەکانی تەعریب شیدەکاتەوە بۆ ئەوەی هەمووان بۆ ئێستا و ئاییندە بزانن تەعریب چییە و چۆنە و کێ ئەنجامی داوە ؟!.
بێگومان ئەم بابەتە وەک ڕەهەندێکی مێژوویی گرنگی و بایەخی خۆی هەیە لە چوارچێوەی کارێکی نامرۆیانە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد.
-گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی
باسکردنی بابەتی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی لە هەموو ڕووەکانی ( مرۆیی، ئایینی، نەتەوەیی و ئەخلاقی … هتد) زۆر هەڵدەگرێت، لەوانەیە کەس مافی ئەوەی نەبێت بەتەواوی و دروستی بڵێت؛، من هەموو ڕەهەندەکانی دەتوانم پۆلێن بکەم، بەندەیش لەگەڵ ئەو بۆچوونەدام، بەڵام بۆ ناساندنی ئەم تاوانە قێزەوونەی کە حیزبی بەعس لەگەڵ کوردی ڕەسەنی شاری كه‌ركووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردی، ناچارم تا ڕادەیەک هزرم بخەمە کار. ل ٢١
ئەم بۆچوونەی نووسەریش بە هەمان تەرازووی لاسەنگی نەتەوەیی و شوناسی نەتەوەیی خۆی دەدۆزێتەوە و بۆچوونی جیاواز بەدی دەکرێت، ئەوا جێی تێڕامان و پرسیار و بەدواداچوونە، کە ئایا ماف خواردن و غەدر و ڕق لە نەتەوەی کورد، گۆڕینی ناسنامە و زمان و کەلتوور گەورەترین زوڵمی مرۆییە بەرانبەر بەگەلی کورد کراوە بەردەوام زەرەوزیانەکەی دەبینین هەم بۆ خۆمان، هەم بۆ نەوەکانی دادێ، چونکە وەک نووسەر ئاماژە پی دەکات، هیچ کەسێک ناتوانێ بڵێ هەموو ڕەهەندەکان پۆلین بکەم، لە چوارچێوەی کەلتووری و گۆرینی زمان دا گەورەترین تاوان هەست پێ دەکەین. کەواتە ئەرکی ناوەندە ڕۆشنبیریی و زانکۆکانە ئەم پرس و بابەتە بوروژێنن، تا ئەو مێژووە ناشیرینەی حیزبی بەعس بۆ هەمووان نیشان بدرێت.
بەشی شەشەم/ میکانزمەکانی تەعریب
تەعریب کردن وەک پڕۆسەیەکی ڕەشی حیزبی بەعس لەشاری كه‌ركووك لە هەوڵ و پلان و بەرنامە ڕێژیەوە چۆتە بەکرداریکردن، یەکێک لەو بنەمایانەی کاری لەسەرکردوە بریتی بووە لە دەستنیشانکردنی میکانیزمێک تا بە زووترین کات مەبەست و ئامانجی بگەیەنێت، بۆیە هەوڵەکان بە بەرنامەڕێژی بوونە، لەم کتێبە مێژوویی و بەڵگەنامەییەدا لە لاپەڕە ٢٤٧- ٣٥٤ نووسەر لەڕێگەی نووسین و بەڵگە و بابەتی پەیوەستدار بەفراوانی باسی لە میکانزمەکان کردووە ناونیشانی بابەت و خاڵەکانی نێو ئەم بەشە بریتین لە؛ ( ئاسانکاری و نەهێشتنی بیرۆکراتیەت لە ڕاییکردنی پڕۆسەی تەعریب، هەموارکردنەوەی پڕۆسەی تەعریب لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە، قۆڕغکردنی پێدانی مۆڵەت و وەکالەتە خزمەتگوزارییەکان بە نەتەوەی عەرەب، دابینکردنی پڕۆژەی زەبەراح بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پاراستنی ئەمنیی پڕۆسەی تەعریب، هاوردەکردنی عەرەبی میسری، پێدانی هەلی کار، بەکارهێنانی هۆز و عەشیرەتەکان، دووجار بەکارهێنانی عەشیرەت بۆ تەعریبکردن، پاساوی بەناو (عەرەبی ڕەسەن) !، پاساوی بەزۆر هێنانی هۆزەکانی عەرەب، دروستکردنی کۆمەڵگا، پاڵپشتی بنکە سەربازییەکان بۆ کۆمەڵگا عەرەبییەکان، لابردنی مەرجەکانی سوود وەرگرتن لە دەستکەوتەکانی بەعس، هەموارکردنەوەی یاسای زەویی قەدەغەکراو، خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی کورد، بە عەرەبکردن لەڕێی کۆنتڕۆڵکردنی ژووری بازرگانییەوە، دروستکردنی باڵەخانەی بازرگانی، گۆڕینی دەستەواژەی تەعریب بۆ پەڕەسەندن ( تطویر )، ڕێنمایی نوێی تەعریب بە ناوی پێشکەوتن، پێدانی ڕیزبەندنی نیشتەجێکردنی زۆرە ملێ بە ناوەندی شار، هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکانی تەعریب دوای قەیرانی ئابووری، پێدانی دەسەڵات بە دادگاکان، پێدانی کۆگا بازرگانییەکان، سوودوەرگرتن لە بڕیاری٤٢ ی ساڵی ١٩٨٦).
ئەم ٢٤ بابەتە هەر یەکەیان بە کۆمەڵە زانیاری و بەڵگە و ڕونکردنەوە، هەمووی ئاماژە گەلێکن کە نووسەر هەوڵی داوە زۆر بە وردی و فراوانی ( میکانیزمەکانی تەعریب ) بخاتەڕوو، بە بۆچوونی من ئەم بەشە هەرەگرنگ و پڕ ماندووبونەکەی نووسەرە کە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ڕەسەن و باوەڕپێکراو ڕاستییەکان نیشان هەمووان دەدات، چونکە ئەم هەوڵە دەبێتە ئاسانکاریەکی باش بۆ ئەو کەسانەی توێژینەوە لەسەر (تەعریب – مێژوو- كه‌ركووك) دەکەن، بەڵگەو نوسراو و دیکۆمێنتی زیندوون بۆ ئێستا و ئاییندە.
هەر لەم بەشەی ئەم کتێبەدا بابەتی ( هاوردەکردنی عەرەبی میسری) سەرنجی منی خوێنەری ڕاکێشا، لە لاپەڕە ٢٦٧ – ٢٧٩
لە گۆشەیەک دا نووسەر ئاماژە بەوە دەکات: دوای ئەم هەنگاوانە ڕژێمی بەعس دەستی بەدانانی پیلانی بەعەرەبکردنی كه‌ركووك و ناوچە کوردستانییەکان کرد، لەڕێی هاندانی هەر هاوڵاتییەکی میسری کەوا ناسنامەی عێراقییان وەرگرتووە، بەدامەزراندن و وەرگرتنی پارچە زەوییەک یاخود شوققەیەک لەگەڵ وەرگرتنی پاداشتی سەدهەزار دینار بە مەرجی ڕازیبوون بە گواستنەوەیان لە شارەکانی عیراقەوە بۆ پارێزگای كه‌ركووك.
کاتێ منی خوێنەری کورد، دانیشتووی شاری هەولێر، ئەم بابەتەم خوێندەوە لە ناخەوە دڵپەست و پەرێشان بووم بەو پلانە نامرۆیی و نا نەتەوەیی و نا نیشتیمانیەی حیزبی بەعس، جگە لە تەعریبکردنی فیکر و ژینگە و جوگرافیاو زمان و شوناس، جگە لە هێنانی عەرەبی هاوردەکراوی شارەکانی دیکەی عیراق، کەچی هەر بەوەندە نەوەستاوە ئەمجارەیان هەوڵ و بەکرداریکردنی (هاوردەکردنی عەرەبی میسری) لە ١٨ پارێزگای عیراق، تەنیا بۆ شاری كه‌ركووك، جگەلەمەش پێدانی زەوی و شوققە و پارە، ئەمانە هەمووی ئەوپەری کارە قیزەون و ناشیرینەکانی حیزبی بەعس بوو بەرانبەر بە کوردانی شاری كه‌ركووك.
دوای زیاتر لە چل ساڵ لەم کار و پلان و مێژووە ڕەشە، ئێستاش دڵنیام عەرەبە میسریەکان خۆیان پێ خاوەن ماڵ و موڵکە، لەبەرانبەریش دا کوردە ڕەسەنەکە بوونەتە بێگانە!
کەواتە ئەمە گۆڕینی دیمۆگرافیی و زمان و هزری و کەلتووری شارە بۆ بێگانەیەک،
ئەم پرس و بابەتە خۆی لە خۆی دا پێویستی بە هەڵوەستەکردن و نووسین و کتێب و توێژینەوە هەیە لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕان و خەمخۆرانی ئەم بوارە.

بەشی حەوتەم/ چاودێری کردنی پڕۆسەی تەعریب.
لەلاپەڕە ٣٥٥ – ٤٢٨ تەرخانکراوە بۆ بەشی حەوتەم، لەم بەشەش لەبازنەی چاودێریکردنی پڕۆسەی تەعریب ناونیشانی ئەم بابەتانە لە خۆدەگرێ ( مۆڵەتنەدان بەڕاگواستنی عەرەبە هاوردەکان بۆ زێدی خۆیان، قەدەغەکردنی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەی عەرەب بۆ نەتەوەیەکی تر، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییە ئەنجامنەدراوەکان، خاوەندارێتیی خانووبەرە و کڕین و فرۆشتن تەنیا لەدەسەڵاتی پارێزگارە، پێنەدانی مۆڵەتی دروستکردنی باڵەخانەی بازرگانی و نۆڕینگە بە هاوڵاتیانی کورد، وەرگرتنەوەی زەوی لە کاتی کەمتەرخەمی لە درەستکردنی خانوودا، ڕێپێنەدان بە درەستکردنی تەکیەی کەسنەزانی لە دەروازەی شاری كه‌ركووك، پێنەدانی موڵکداریی خانوو بە کوردی تەعریبکراو، ڕاگرتنی یاسای کوژاندنەوەی زەوی بۆ عەرەبی هاوردە، ڕاگرتنی پێدانی دەسکەوت بۆ ئەو عەرەبانەی ناسنامەی خۆیان بۆ كه‌ركووك نە گواستۆتەوە، زیادکردنی پڕۆژەکان بۆ کۆمەڵگاکانی تەعریب، هەموارکردنەوەی سیاسەتی تەعریب، دەرکردنی ڕێنمایی نیشتەجێکردنی زۆرە ملێ، قەدەغەکردنی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ کورد، سزادانی ئەو فەرمانبەرانەی کە لە ڕاییکردنی دۆسیەی تەعریب کەمتەرخەم بوون، سزادانی کۆمپانیا کەمتەرخەمەکانی نیشتەجێکردنی تەعریب، ڕێپێنەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەی کورد لە پارێزگاکانی عیراق، بێبەشکردنی دیلی سەربازی کوردی كه‌ركووك لە دەستکەوتی زەوی، هەماهەنگی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن بۆ بڵاوبوونەوەی بڕیارەکانی تەعریب).
لە ژێر تایتلی ئەم بابەتانە کۆمەڵە پرس و بابەتێکی پەیوەستدار بە چاودێری کردنی بەردەوام تەعریب کاریگەری خراپی لەسەر هەموو جومگەکانی ژیان هەبووە، هەیە، بۆیە ناوەڕۆکی نمونەیەک دەخەینەڕوو دواتر شرۆڤەی دەکەین، ئەویش لە بابەتی بێبەشکردنی دیلی سەربازی کوردی كه‌ركووك لە دەستکەوتی زەوی دا لە بەشێکدا هاتووە:( دیلە سەربازە کوردەکانی پارێزگای كه‌ركووك داواکارییان بۆ پارێزگا بەرزکردەوە بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی، بەڵام بە هۆی ئەوەی کوردبوون و تۆماری باری کەسییان لە پارێزگای كه‌ركووك نەبوو، لەو دەستکەوتە بێ بەش بوون، لە کاتێکدا ئەو دەستکەوتە بۆ دیلێکی عەرەبی هاوردە زۆر بە ئاسانی دەدراو پارچە زەوییەکەی پێدەدرا، ئەمەش بوو بە کێشە بۆ پارێزگای كه‌ركووك بەهۆی جیاوازی لە نێوان دوو سەربازی دیل کە هەردووکیان بوونەتە قوربانی شەڕی نێوان عیراق و ئێران!.
ئەم بابەتە دەمانباتەوە سەر ئەو چەمکەی کاتێ مرۆڤ گیانی خۆی بۆ نیشتیمان دەخاتە قوربانی، کەچی دەسەڵاتدارانی نیشتمان لە بری ڕێز و شکۆی شانازی، پەراوێزیان دەخەن و بێ بەها لێیان دەڕوانن، ئەوە نموونەیەکی حاشا ‌هەڵنەگرە کە نەتەوەی کورد بەئاشکرا کەوتۆتە بەرداشی حیزبی بەعس و ئەو خەبات و چەکەی لە شەڕی عێراق و ئێران بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانی هەڵگرت، ئەمە پاداشتەکەیەتی دوای بەدیلگیران و ئازار و نەهامەتی چەندین ساڵەی، ئەوا خەونی گەڕانەوە بۆ خاک و شار بووە، بەڵام حیزبی بەعس لە سەرەتاتریین ماف بێ بەشیانی کردوە و پارچە زەوییەکانیان پێ ڕەوانە بینیوە وەک مافی خۆی نەک پاداشت!. ئەمەش گەورەترین زوڵ و غەدری مرۆیی و نیشتیمانی لێ بەدی دەکرێت.

بەشی هەشتەم/ ڕاگواستن ( ترحیل ).
ئەم تەوەرە بە بەشە هەرە گرنگەکە هەژمار دەکرێ، دوای خوێندنەوەی سەرجەم خاڵ و پرس و بابەتەکان ئەوەم بۆ ڕوونبۆوە کە نووسەر خۆتەرخانکردنی ژیان و تەمەنی بۆ کۆی گشتی ئەم کتێبە و ئەم بەشە کە تایبەتە بە ڕاگواستن کە بەڕۆحی کردارەکان دادەنرێ، چەندین بابەت و ڕاستی خستۆتەڕوو.
لە ١٦٣ لاپەڕە دا واتە لە لاپەڕە ٤٢٩- ٥٩٢ ڕێبوار تاڵەبانی ٤٣ بابەتی گرنگی مێژوویی لەم بەشەداناوە، لەیەکێک لە بابەتەکان بەناونیشانی ( ڕاگواستنی کوردی بە عەرەبکراو و بەعسی) لە لاپەڕە ٤٨٩ لە دەسپێکدا دەڵێت: ( لە چەند بەڵگەنامە و نووسراوێکی پێشووی حیزبی بەعس، ئاماژەیان بەوە کرا کە بەشێک لە خەڵکی شاری کەرکووک لە نەتەوەکانی غەیرە عەرەب، بەمەبەستی مانەوە لە زێدی خۆیان بوونەتە ئەندام لە حیزبی بەعس و نەتەوەی خۆیان بۆ نەتەوەی عەرەب گۆڕیوە، بەڵام وادیارە ئەم بەرخودان و بەرەڤانیکردنە لە پێناو مانەوە لە زێدی خۆت، لای حیزبی بەعس زۆر بەهای نەبوو…. هتد.
ئەم پرس و بابەتەی نووسەری کتێب ئاماژەی پێکردوە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە حیزبی بەعس قبوڵ ئەوەی نەبووە هەرگیز کوردی كه‌ركووك لە رێزی ڕێکخستنەکانی کاربکەن، تەنانەت ئەگەر نەتەوەی خۆیان بگۆڕن!!!، ئەمەش بە چەندین هۆکار لە قەڵەم دەدرێ کە هەمووی خۆی لە ڕەفزکردن و تەعریبکردن و پشتگوێخستن دەدۆزێتەوە.

-ئەنجامی ئەنجامەکان
لە دوا بەشەکانی کۆتایی ئەم کتێبە مێژووییە نووسەر بەناونیشانی(ئەنجامەکان) لە لاپەڕە ٥٩٣ – ٥٩٨ لە گۆشەیەکدا دەڵێت: بەندە لەم لێکۆڵینەوەیەمدا تەنیا باسی قۆناغێکی ستەمی تەعریبکردنی شاری كه‌ركووكم لە نێوان ساڵانی ( ١٩٧٥ بۆ ٢٠٠٣ ) کردووە. کە لەکاتی ڕژێمی بەعسدا دژ بە هاوڵاتیانی کورد ئەنجامدراوە، بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە، بەڵام بە گشتی لەدوای لە دەستدانی دەسەڵات و دەوڵەتی کوردی لە مێژوودا، دەیان و سەدان جۆری پلان بۆ سڕینەوەی ناسنامە و بوونی کورد هەبووە…. هتد)
ئەم ئەنجام و بەرچاوڕوونیەی نووسەر قسەی دڵی هەمووانە بۆیە ئێمەش وەک خوێنەر و شرۆڤەکاری ئەم کتێبە بەناونیشانی (ئەنجامی ئەنجامەکان) کۆتایی بەم شرۆڤەیە دێنین و دەڵێێن: ئەم کتێبە گرنگە بۆ ئێستا وئاییندە، ئەوەتا دوای ڕوخانی حیزبی بەعس کەچی خەریکە گۆڕینی ئەم دیمۆگرافییایە لەسەر نەخشەوە دەبێتە ئەمری واقیع، لەگەڵ ئەوەی لە نەخشە و زەین و زاکیرەی هەموو کوردێک شاری کەرکووک کوردستانییە، بەڵام ئەگەر حالەتەکان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بۆچوون و بەڵگە و دیکۆمێنت و نووسینەکان تەنیا لە کاغەز خۆیان بدۆزنەوە و نەبنە کردار و هەڵوێست، دواجار ئەگەر بەهانای ئەم پرس و بابەتە گەورەیە نەتەوەیی و نیشتیمانییە نەچین، ڕەنگە عەرەبی میسری و نەوەکانیان خۆیان بکەنە خاوەن ماڵی هەمیشەیی!.