ڕائیب جادر – هەولێر
تا ئێستا وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ساڵنامەی فەرمی و ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)ی بە شێوەیەکی کۆتایی و گشتی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی ساڵانی ڕابردوو، دەوامی قوتابخانەکان لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولدا دەستپێدەکاتەوە.
د. سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ھێشتا وەزارەتی پەروەردە ھیچ بڕیارێکی نەداوە، بەڵام ساڵی ڕابردوو ١٥ی ٩ دەوام دەستیپێکرد، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵیش ھەر لەو کاتانەدا بێت.
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ھەموو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن کراوە، ئەو قوتابخانانەی نۆژەنکرانەوەیان پێویست بوو کارەکانیان تەواو بووە، کورسی و مێزی پێویست بۆ قوتابخانەکان دابین کراوە، پەرتووک بەسەر پەروەردەکان دابەشکراوە، ھەموو شتێک ئامادەیە، ئەوەی ئێستا وەزارەتی پەروەردە پێوە خەریکە ڕێکخستنەوەی میلاکاتی قوتابخانەکانە، بەشێک لە قوتابخانەکان ژمارەی مامۆستایانی زۆرە، بەشێکی دیکەش پێویستیان پێیە، ئەمانە ڕێکدەخرێنەوە بۆ ئەوەی کەمترین بۆشایی لە قوتابخانەکان دروست بێت.

