كارزان گلی – ههولێر
چوارچێوەی پڕۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، بەلای زۆرێك لە سیاسی و شڕۆڤەكارانەوە حۆبەدەستەوەدانی پەكەكەیە، بەڵای زۆرێكیش نەخێر ئەم سیاسەتە رێگە راستەكەیە، چونكە لەم سەردەمەدا پێویستە خەباتی مەدەنی بكرێت. لایەنی باش و خراپی ئەو پرۆژەیاسایە بەردەوام باس دەكرێت، یەكێك لەو خراپیانەش، ئیدی ئەڵمانیا و بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەورووپا، مافی پەنابەری بە باكورییەكان نادەن.
ئەڵمانیا لەریزبەندی یەكەم وڵاتە لە جیهاندا كە زۆرترین توركی تێدایە، بەڵام ئەو توركانە لە بنەڕەتدا بەشێكی زۆری كوردن و بەهۆی خراپی سیاسەتی توركیا بەرەو ئەو وڵاتە كۆچیان كردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، لە هەر ١٠ پەنابەرێك لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا كە روویان لە ئەڵمانیا كردووە، ٧یان كورد بوونە و خەڵكی باكووری كوردستان بوونە.
بەشێكی زۆری باكوورییەكان، كاتێك لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێكی تری ئەورووپا داوای مافی پەنابەری دەكەن، دەڵێن ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ توركیا، چونكە گەریلا بوینە و ئەگەر بگەڕێینەوە دەستگیر دەكرێین، یاخود دەڵێن ئێمە بەهۆی كوردبوون و خەباتكردن بۆ مافی كورد، ناتوانین لە توركیا بمێنینەوە، بۆیە داوای مافی پەنابەری دەكەین.
زیاتر لە ٩٠٪ی باكوورییەكان، مافی نیشتەجێبوونیان پێدراوە بەهۆكاری سیاسی، واتە بەهۆی خراپی سیاسەتی حكوومەتی توركیا لەگەڵیاندا وڵاتیان جێهێشتووە و ئیدی ناتوانن بگەڕێنەوە.
بەگوێرەی چواچێوەی یاسای چەكدانانی پەكەكە، بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی دوای ٢٠٠٥ توركیایان جێهێشتووە و بەهۆكاری سیاسی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ توركیا، رێگەیان دەدرێتێ بگەڕێنەوە و ژیانی ئاسایی خۆیان بكەن. ئەگەرچی بەهەزاران باكووری لە ئەورووپا پێش ٢٠٠٥ كۆچیان كردووە و دژی سیستەمی توركیا وەستاوەنەتەوە، واتە زۆرینە ناتوانن سوود لەو یاسایە وەربگرن، چونكە بەر لە ٢٠٠٥ توركیایان جێهێشتووە و ناویان لە لیستی تیرۆر و رەشە لە توركیا، بەڵام بەشێكی زۆریش دەتوانن سوود لەو یاسایە وەربگرن.
لایەنێكی خراپی ئەو یاسایە بۆ باكوورییەكان ئەوەیە، ئەگەر بێت و ئەو پرۆژەیاسایە بچێتە واری جێبەجێكردن و پەكەكەش بە كردار چەك دابنێت و ئیدی زمانی چەك كۆتایی پێ بێت، بەهانەیەك نامێنێتەوە بۆ باكوورییەكان كە لە ئەورووپا داوای مافی پەنابەری بكەن، ئەوكات ئەو مافەیان نادرێتێ و پێیان دەڵێن ئێوە كێشەتان نییە و ئیدی لەسەر پەكەكەبوون دەستگیر ناكرێن.
بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەمە بۆ ئەو كەسانە خراپە كە دژی سیستەمی سیاسی توركیان، چونكە ئەگەر پڕۆژەیاسایە جێبەجێ بكرێت و ئیدی كێشەی پەكەكە و دەوڵەتی توركیا كۆتایی پێ بێت، بەهۆی ئەندامبوون لە پەكەكە، ناتوانن لە یەكێك لە وڵاتەكانی ئەورووپا مافی نیشتەجێبوون وەربگرن، ئەمەش بەزیانی باكوورییەكانە.
ئەڵمانیا كە زۆرترین باكووری لێ نیشتەجێیە، هەر لەسەرەتاوە پشتگیریی خۆیان بۆ پرسی چارەسەری كورد دەربڕی و گوتیان ئێمە لەگەل زمانی ئاشتین، بۆیە بۆ لەمەودوا سیاسەتی خۆی بەرامبەر بەو كەسانە دەگۆڕێت كە لە باكووری كوردستانەوە بۆ ئەو وڵاتە دەچن و داوای مافی نیشتەجێبوون دەكەن.
ئەگەرچی بەگوێرەی زانیارییەكان، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، ٩٠٪ی ئەو باكوورییانەی چوونەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەریان كردووە داواكەیان رەتكراوەتەوە، بەڵام بەجێبەجێكردنی چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، وەرگرتنی مافی پەنابەری بۆ باكوورییەكان لەو وڵاتە قورستر دەبێت.

