رۆژنامەی ھەولێر

لە هەشتایەمین ساڵیادیشیدا هێشتا پێشەنگە و هەر پێشەنگ دەبێت

عەزیز وەیسی بانی*
لە ١٦ی ئابدا ئەمساڵ، تەمەنی پارتەکەمان؛ پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە هەشتایەمین ساڵی خۆی. ئەگەر سەرنج بدەینە مێژووی ئەم هەشتا ساڵە، دەبینین لە هەمان ڕێبازدا هیچ گۆڕانکارییەکی لە جەوهەری ستراتیژیی خەبات و تێکۆشانی خۆیدا نەکردووە. ئەمڕۆ پارتێکی مەزنە کە نەک تەنها لە چوار پارچەکەی کوردستان یان لە عێراقدا، بەڵکو دەتوانین بڵێین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنی جەماوەرێکی زۆر و کادری پێشکەوتووە.

ئەگەر سەیر بکەین، هەر لەو ڕۆژەوە ستراتیژ و پلانی ئامانجەکەی دانا، بەو گەرموگوڕی و جۆش و خرۆشەوە هەموو کوردێک لە هەر چوار پارچە بەرەو ڕیزەکانی هاتن و دەیانویست ئەم مۆدێلە لەسەر سێ پارچەکەی تریش پراکتیزە بکەن؛ چونکە ئەو دیفاکتۆیەی لە کوردستاندا هەیە جیاوازە لە وڵاتانی تر؛ وڵاتێکە پارچە پارچە کراوە و گەلەکەی بەسەر ئەو پارچانەدا دابەش کراوە، هەروەها داگیرکەرەکانیشی جیاوازن. لەبەر ئەوە پارتی ویستوویەتی ئەم مۆدێلە لە پارچەکانی تریشدا پراکتیزە بکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی یەکگرتوو لە نێوانیاندا دروست بکات. پارتی بە بێ‌ماندووبوون دەستی هاوکاری و پشتگیریی بۆ پارتەکانی تری کوردستانیش درێژ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ مەرج و بارودۆخی هەیاندا خەبات و تێکۆشان بۆ کوردستان بکەن، ئەگەر لە سەر خەتی پارتیش نەبن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەر لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە خاوەنی تێڕوانینێکی دووربین و تیۆرییەکی پێشکەوتوو بووە لەسەر ئەو هەڵسەنگاندنەی کە کردبووی؛ ئەگەر لەو کاتەدا پارتێکی سیاسی و پێشکەوتوو نەبێت بۆ ئەوەی پێشەنگایەتیی دۆزی کوردی بکات، ئەوا بە شێوازە کلاسیک و خۆڕسکییەکان، شۆڕشی کورد زۆر بە زەحمەت بەڕێوە دەچێت. هەر بۆیە ئەو تیۆرە سیاسی و شۆڕشگێڕییەی کە بنیات نرا، و ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆ کۆمەڵگەی کوردی، دۆخە سیاسییەکان و ڕەوشی ناوچەکە و جیهان کرابوو، گەیشتبووە ئەو پێوەرە کە ئەگەر بە شێوازێکی پێشکەوتوو و لەسەر بنەمای سیستەمێکی پێشکەوتوو نەبێت، ناتوانێت هەموو خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژێک، ئایین و مەزهەبێکەوە بە خۆیەوە ببەستێتەوە، و گەلی کورد بەرەو خنکان و لەناوچوون دەبات؛ کە ئەوەش ئامانجی ئەو پیلانەیە کە بە درێژای مێژوو لەسەر کورد داڕێژراوە بۆ ئەوەی گەلی کورد لەناو گەلانی دەوروبەریدا بتاوێننەوە (بۆ سەلماندنی ئەم وتەیەش، ئەوەیە کە ناکۆکییەکانی دەوڵەتانی دەوروبەری کورد هەرچەندە توندیش ببان، بەڵام لەسەر دۆزی کورد دەبوونە یەک و لەسەر یەک مێز دادەنیشتن بۆ ئەوەی کورد زیاتر لە ناو خۆیاندا بتاوێننەوە و متمانەیان بە دۆزەکەیان تێکشکێنن و وا بکەن کە شەرم لە خۆیان بکەن کوردن و خۆیان بە گەلانی سەردەستەی دەوروبەریانەوە ببەستنەوە). پارتی ئەم بابەتەی باش دەزانی، بۆیە بە شێوازێکی پێشکەوتوو تیۆرەکەی خۆی دابڕشت و پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیی خۆیشی داڕشت.
یەکەم بەرنامەی ئەوە بوو نەخشەیەک کێشایەوە کە تێیدا هەموو چین و توێژەکانی ناوچەکە پێویستیان بە ڕزگاربوون هەیە و هەر کەسێک باوەڕی بە دۆزی کورد هەبێت، مافی خۆیەتی خۆی لە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ببینێت. سەرەڕای هەموو پێوەرە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان کە دەڵێن هەمیشە ناکۆکی لە نێوان چین و توێژەکانی ناوچەیەکی دیاریکراودا دەبێت، چونکە بەرژەوەندییەکانیان جیاوازە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان توانی متمانە بۆ هەموو چین و توێژێک دروست بکات کە بەرژەوەندییان لە ناو پارتیدا هەیە بۆ ئەو ئامانجە مەزنەی کە ڕزگارکردنی کوردستانە.
پارتی تەنها خۆی نەکردبوو بە خاوەنی تیۆرێکی دیموکراتی کە ئامانجی گەیشتن بێت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق، بەڵکو تێگەیشتبوو کە دەبێت دیموکراسیش لە ناو خۆیدا پراکتیزە بکات، بۆیە ئەو خەڵکەی کە خاوەنی ئایدۆلۆژیای جیاواز بوون و هاتبوونە ناو ڕیزەکانی پارتییەوە، توانییان بە هەناسەیەکی فراوانەوە دەربڕین لە هزر و بۆچوونەکانی خۆیان بکەن.
پارتی گەیشتبوو بەو باوەڕەی کە دیموکراسی بێ ئازادی هیچ مانایەکی نییە، بۆیە دەبینن ئەو فراوانی و پانتاییەی ئازادیی بیروڕا کە لە ناو پارتیدا هەیە لە ناو هیچ پارتێکی تردا نابینرێت. بە ڕاستیش پارتی گەیشتبوو بەو باوەڕەی کە پێویست ناکات خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە خاوەنی هزرێکی فراوان و هەموو هزر، بیروڕا و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان لە خۆیدا کۆ بکاتەوە.
بەم ڕێبازەی کوردپەروەرییەی خۆیەوە، توانی پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و خۆبەخش دروست بکات کە بە حەز، خۆشەویستی و داواکاریی خۆیان دەهاتنە ناو ڕیزەکانی پارتییەوە. لە بەرامبەریشدا پارتی بەو دڵسۆزییەوە نزیکی پێشمەرگە دەبوو و مافەکان و داهاتووی بەرچاوان دەگرت؛ ئەگەر کەسێک خوێندنەکەی بەجێهێشتبا و هاتبا بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە، پارتی دیسانەوە دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی خوێندنەکەی تەواو بکات و پاشان بێتە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە؛ چونکە دیار نەبوو شۆڕش چەندە دەخایەنێت تاوەکو دەگاتە ئامانجەکەی. هەروەها چۆن پێویست بە کەسی بوێر و چاونەترس دەكات، ئاواش پێویست بە کەسی زانا و تێگەیشتوو دەکات. لە لایەکی تریشەوە، ئەو کەسانەی کە دایک و باوک و خێزانەکەیان پێویستیان پێیان هەبووبا، پارتی سەرەڕای حەز و گەرموگوڕییان، دیسانەوە دەگەڕاندەوە بۆ ئەوەی چاودێریی خێزانەکەی بکات؛ ئەمەش پێچەوانەی لایەنەکانی تر بوو کە بە زۆر خەڵکیان دەگرتن و چەکداریان دەکردن لە ژێر هەموو هەڕەشەیەکدا بۆ ئەوەی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەوان بجەنگن.
هەڵبژاردنی فەرماندەکان لە لایەن پارتییەوە لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بوێری، شارەزایی، پێگەی کۆمەڵایەتی و خەمخۆرییان بوو بۆ پێشمەرگە و چەندین خاڵی تر. با ئەوەش لەبیر نەکەین کە ئەو گرووپانەی لەگەڵ بارزانیی نەمردا بوون لە شۆڕشی بارزانەوە تاوەکو چوونە مهاباد و یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و پاشان گەڕانەوەیان؛ هەر ئەوانە بوون کە شۆڕشیان بەڕێوە برد و نموونەیەکی مەزن بوون کە لە کەسایەتیی بارزانیی نەمر فێر ببون و لەسەر دەستی پەروەردە بوون. بارزانی خۆیشی ئەوانی بە باشی دەناسین کە چەندە بە ئاخی کوردستانەوە بەستراونەتەوە و خاوەنی ئەزموون و قوربانیدانن، بۆیە هەر یەکێک لەوان ڕۆڵێکی مەزنی لە ناو پێشمەرگەدا هەبوو.
ئەمڕۆش هەموومان دەبینین کە دیموکراسی ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات؛ لە سەرۆککۆمارێکەوە بگرە تاوەکو دەگاتە کەسێکی بێکار لەناو حکوومەتدا، هەموویان پێکەوە دەتوانن دەنگی خۆیان بدەنە بەربژێری خۆیان، ئەجا هەر کەسێک بێت یان پارتێکی سیاسی بێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پارتی چۆن پێش هەشتا ساڵ لەسەر بنەمایەکی پێشکەوتوو بنیات نرا و دامەزرا کە دوێنێ بارزانیی نەمر سەرکردایەتی دەکرد و ئەمڕۆش سەرۆک مەسعوود بارزانی سەرکردایەتیی دەکات، و بە سایەی ئەوانەوە ئێمە لە پێش و پێشەنگداین. هەر لە بواری تێگەیشتنی گشتیشدا، پارتی بە هەموو پێوەرەکان باشترین، دڵسۆزترین و خەمخۆرترین لایەنە بۆ خەڵک و کۆمەڵگەکەی خۆی.
لەو بۆنە مەزن و پڕ شانازییەدا، جوانترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادە سەربەرزەکانی شەهیدان، جەنابی ڕێزدار «سەرۆک بارزانی»، ڕێزداران «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و «مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەم. پەیمانی خۆمان بۆ گیانی بارزانیی نەمر و شەهیدان دووپات دەکەینەوە کە گیانباز و فیدایی خاك و ئاڵای کوردستان بین.

* فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و میحوەرێ خازر