رۆژنامەی ھەولێر

نووسەرانی کورد و ژیریی دەستکرد

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ژیری دەستکرد، ئامرازێکی نوێی زانیارییە لە زۆربەی بوارەکاندا، کە پشت بە کۆکردنەوەی زانیاریی کۆلاژکراو دەبەستێت لەنێو لاپەڕەکانی نێتدا. ناتوانین بڵێین زانیارییەکانی دروست نین، بەڵام هەرگیز وەکو سەرچاوەی باوەڕپێکراو پشتی پێ نابەشترێت. هەڵەیە نووسەرێک بۆ نووسینی وتارێک، یان توێژینەوەیەک پشت بە زانیارییەکانی “ژیری دەستکرد” ببەستێ. بەدەرلەوەی هەڵەیە، من بە جۆرێک لە خیانەتی دەزانم لە سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفە، کە “کتێب”ـە.

ماوەیەکە بەبێ ویست چاودێری هەندێک وتاری نووسەران دەکەم، کە وتاری قەبە و ناوی گەورە بەکار دەهێنن، کە دەزانم ئاستی مەعریفی ئەو نووسەرانە لەو پێگەیە نییە، کە لە وتارەکاندا نمایشی دەکەن. لە یەکێک لە وتارەکاندا ئەو نووسەر ناوی کاراکتەری ڕۆمانێکی نووسی بوو، کە ئەو کاراکتەرە لەو ڕۆمانەدا نییە، واتە هیچ کاراکتەرێک لەو ڕۆمانەدا بەو ناوەوە نییە. (ئەمەش تاڕادەیەک ئاسایی بوو) لە هەمان وتاردا ئەو نووسەرە ناوی چەند کتێبێکی نووسەرێکی نووسی بوو کە من “کۆبەرهەمی ئەو نووسەرەم هەیە” هیچ کتێبێکی بەو ناونیشانانە نییە. بۆم ڕوون بوویەوە سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی تەنها و تەنها “ژیری دەستکرد” بووە. پاش کەمێک تێڕامان لە خۆمم پرسی ئایا ئەمە نەنگی نییە بۆ ئەو ڕۆژنامەیەی ئەو وتارەی بڵاوکردووەتەوە؟
من لەگەڵ بایکۆتکردنی ژیری دەستکرددا نیم (هەرچەندە خۆم تا هەنووکە هەر نازانم بەکاری بهێنم، بەڵام ئاگاداریی ئەو هاوڕێیانەمم کە بەکاری دەهێنن و چۆن دەیانخاتە هەڵەی سەمەرەوە)، بەڵام وەکو سەرچاوەی زانیاریی هەرگیز بەکار نایەت. (هەڵبەت من باسی ڤێرژنە کوردییەکان دەکەم و نازانم لە زمانەکانی دیکەدا چۆنە؟) نووسین پرۆسەیەکی ئۆتۆماتیکی نییە، من بڕیار نادەم ئەمشەو وتارێک بنووسم و ئیتر بکەومە خۆ تا ئەو وتارە تەواو بکەم، دەبێت بیرۆکەیەک ماوەیەک لە هزرمدا بمێنێتەوە و چەندین لایەنی ئەو بیرۆکەیە هەڵبەسنگێنم ئەوسا ببێتە کەڵکەڵە لە هزرمدا بنووسرێتەوە، ئەوسا توانای ئەوەم هەیە بیخەمە سەر کاغەز. هەرگیز لەبەردەم کاغەزی سپیدا نەوەستام، لێی ڕامکردووە بۆ ئەوەی نەنووسم و بخوێنمەوە، یان سەیری فیلمێک بکەم، بەڵام هەمیشە بیرۆکەکان ناچاریان کردووم بنووسم. نووسین هونەرێکی ئارەزوومەندانەیە لای من، نەک ناچارانە. بۆیە کە دەنووسم چێژ لە نووسین دەبینم و پێویستم بە کۆمەکی ژیری دەستکرد نییە، بەڵکو هەر وشەیەک دەینووسم لە هزرمەوە سەوز دەبێت و دێتە سەرخامە، لاموایە ئەمەیە نووسینی ڕاستەقینە، کە لەنێو پیت و وشە و دێڕەکاندا خۆمی تێدا بم، یان نیتچە گوتەنی بە خوێنی خۆمان بنووسین.
ئەگەر وتارێک، یان لێکۆڵینەوەیەک بۆچوونی منی تێدا نەبێت، تەنها کۆلاژکردنی ڕاوبۆچوونی ئەوانی تر بێت، ئیدی من نووسەری ئەو بابەتە نیم، بەڵکو ئامادەکاریی ئەو بابەتەم و پێویست ناکات لافی نووسەربوون لێ بدەم. نووسەربوون بریتی نییە لە ئامادەکردنی بابەتێک سەبارەت بە پرسێک، بەڵکو بریتییە لە بیرکردنەوە لە پرسێک، یان بابەتێک و دەشێ بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەو پرس و بابەتە کۆمەک لە سەرچاوەیەک، یان چەند سەرچاوەیەک وەربگرین، ئەمە ئاساییە، بەڵام نابێت بۆچوونی خۆمان (وەک نووسەر) لەسەر ئەو پرس و بابەتە فەرامۆش بکەین. کاتێک خۆمان لەوە دزییەوە ئێمە نووسەربوون بەجێدێڵین و دەبینە ئامادەکار.
ئێستا لەم سەردەمی ژیریی دەستکردەوەدا زۆر نووسەر، نووسەربوونی خۆیان بەجێهێشتووە و بەرەو “ئامادەکار”یی هەنگاو دەنین، ڕەنگە وا بزانن ئامادەکاریش هەر نووسەرییە و نازانن ئەوە خیانەتە لە هزر و بیرکردنەوە و نووسین. دێڕێک، وشەیەک، پیتێک، لە هزری منەوە نەڕژێت من خاوەنی نیم، بۆیە خیانەتە بەناوی خۆمەوە بڵاوی بکەمەوە.