رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی عێراق بۆ پڕۆژەکانی گواستنەوەی نەوت پێویستی بە چوار ساڵ کات و پازدە ملیار دۆلار هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق بۆ خۆ دەربازکردن لە قەیرانی دارایی و دۆزینەوەی دەروویەک بۆ بەرزکردنەوەی داهات و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەستی بە کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ کردووە و بۆ هەندێک لەو پڕۆژانە تەنانەت هەنگاویشی ناوە و بانگهێشتی ژمارەیەک کۆمپانیای جیهانی کردووە و دەخوازێت تۆڕێکی هێڵی نەوت لە عێراقەوە بەرەو سووریا و تورکیا ڕابکێشێت و بیانکاتە جێگرەوەی هورمز بەڵام کێشەکە لەوەدایە پێویستی بە پازدە ملیار دۆلار و چوار ساڵ کات هەیە.

وەک ئاشکرایە داهاتی نەوتی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەو نەوتەی عێراق بەرهەمی دەهێنێت ناتوانێت هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکات. گەرووی هورمز بە گرنگترین هەناسەدەری ئابووریی عێراق هەژمار کراوە و زیاتر لە سەدا نەوەدی ئەو نەوتەی عێراق بەرهەمی هیناوە هەر لەو گەرووەوە هەناردەی کردووە.
لە سەرەتای مانگی ئادارەوە کە نزیکەی شەش مانگ تێدەپەڕێت عێراق نەیتوانیوە لە نەوت و داهاتەکەی سوودمەند بێت، بەر لە داخرانی هورمز عێراق دەیتوانی ڕۆژانە لەو چوار ملیۆن بەرمیل نەوتەی بەرهەمی دەهێنا، سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیل هەناردە دەکرد کە لە مانگێکدا دەگەیشتە سەرووی سەد ملیۆن بەرمیل بەڵام ئێستا لە مانگێکدا زیاتر لە سی و پێنج ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات ئەمەش یەک لەسەر سێی جارانە. ئەم هەناردەیەش لەم دواییانەدا زیادی کردووە ئەگەرنا لە مانگەکانی ئادار تا حوزەیران ئەوەندەشی هەناردە نەدەکرد.
ئەلترناتیڤ و جێگرەوەی هورمز بۆ نەوتی عێراق بریتییە لە هێڵەکانی کوردستان-جەیهان، کەرکووک-بانیاس، هێڵی کۆنی کەرکووک- جەیهان و ژمارەیەک هێڵی دیکە بووە.
لە مانگ و هەفتەکانی ڕابردوودا عێراق هەنگاوی ڕژدی ناوە بۆ ڕاکێشانی هێڵێکی نەوت لە بەسرەوە بۆ کەرکووک و حەدیسە و فیشخاپور کە لقی جیاوازیان لێ دەبێتەوە و بەرەو بانیاس و جەیهان و ئامانج ئەوەیە نەوتی باشووریش بەرەو دەریای ناوەڕاست بگوازنەوە.
هەموو ئەو هێڵ و جێگرەوانەی هەناردەی نەوت کە باس دەکرێن ئەوەندەی سیمای میدیاییان هەیە و وەک چارەسەر باس دەکرێن بە کردەوە بەمزووانە ناتوانن چارەسەری برینەکەی عێراق بکەن.
تاکە هێڵێک کە دەتوانێت بەشێک لە کورتهێنانی دارایی عێراق پڕ بکاتەوە هێڵی کوردستان-جەیهانە کە ئەگەر بە تەواوی سوود لە تواناکانی بۆ هەناردەکردنی نەوت وەرگیرێت دەتوانێت قەرەبووی یەک لەسەر چواری ئەو نەوتە بکاتەوە کە عێراق هەناردەی دەکرد.
ئەو هێڵانەی دیکە کە عێراق باسیان دەکات وەک هێڵی جیاواز و جێگرەوەی جۆراوجۆر بۆ هەناردەکردنی نەوت لە داهاتوودا وەک پلان زۆر ستراتیژین بەڵام نۆژەنکردنەوە و لە هەمان کاتدا بنیاتنانی سەرجەم ئەو هێڵانە لانی کەم چوار ساڵی دەوێت.
پرسەکە تەنیا کات نییە و بە پێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی ئەڵعەرەبی جەدید ئاشکرای کردووە عێراق پێویستی بە پازدە ملیار دۆلار هەیە و لەو دۆخە قەیرانە داراییەی تێیکەوتووە ناتوانێت ئەو بودجەیە دابین بکات. هەر خۆی عێراق لە دابینکردنی مووچە تووشی کەمیی نەختینەیی بووە و هانای بۆ یەدەگی دراوەکەی بردووە.
بە بۆچوونی پسپۆڕان و دامەزراوە تایبەتییەکانی بواری گواستنەوەی نەوت، هێڵی کۆنی نەوت کە لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ سووریا و پاشان بانیاس ڕاکێشرابوو بە تەواوی وێران بووە و نۆژەنکردنەنەوەی هێڵەکە جگە لە پارە و کات پێویستی بە ڕەزامەندی حکوومەتی نوێی سووریا هەیە و لێرەش بەو دەرەنجامە دەگەین هێڵی عێراق بانیاس بەمزووانە ناتوانێت هیچ چارەیەکی قەیرانی دارایی عێراق بکات.
ئەو پڕۆژەیەی ماوەی ڕابردوو بە بەشداریی کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە لە چوارچێوەی ڕاکێشانی تۆڕێکی گواستنەوەی نەوت لە باشوورەوە بۆ سنوورەکانی تورکیا و سووریا ڕاگەیەنرا، ئەگەر تەواو بکرێت ئەوا دەتوانێت ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی لێیەوە هەناردە بکرێت و ڕێژەی بەسترانەوەی عێراق بە هورمز لەسەدا پەنجا کەم بکاتەوە.