رۆژنامەی ھەولێر

پێشانگای تایبەتی شێوەکاری “سەمای فڵچەکان لە سروشتدا” کرایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 2026.8.18، بە چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەلیم قادر، جێگری بەڕیوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و هۆگرانی هونەر، 14یەمین پێشانگای تایبەتی شێوەکاریی هونەرمەند (ڕەزوان قادر ) لەژێر ناونیشانی “سەمای فڵچەکان لە سروشتدا” لە گەلەری میدیا کرایەوە.
ئەم پێشانگایە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری و کاری دەستی ڕێکخراوە، کۆمەڵێک تابلۆی ناوازەی سروشتی تێدا نمایشکرا کە ڕەنگدانەوەی جوانی و قووڵایی سروشتی کوردستان و دەوروبەر بوون.
لە میانی بەسەرکردنەوەی پێشانگاکەدا، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە هونەرمەند و تەواوی ستافی ڕێکخەرانی ئەم چالاکییە هونەرییە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە شاری هەولێر هەمیشە لانکەی داهێنان بووە و پشتیوانی ڕەوتی هونەری و شێوەکاران دەکات، چونکە هونەر پەیامی ئاشتی و جوانی گەلی ئێمە بە جیهان دەگەیەنێت.
جێی ئاماژەیە ئەم پێشانگایە تاوەکو ڕێکەوتی 20ی ئاب بەردەوام دەبێت