کاروانی جێبەجێکردنی پڕۆژی هەژماری بانکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە “هەژماری من” ناسراوە، خەریکە بە وێستگەی کۆتایی دەگات و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە لە کۆتایی ئەم مانگەوە بە تەواوی کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە بە شێوەی کاش و دەستی دەهێنرێت و تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە هەژماری بانکییان مووچە وەردەگرن.
لە نوێترین ڕاگەیەنراویدا پڕۆژەی هەژماری من داوای لە مووچەخۆران کردووە پەلە بكەن لە خۆتۆماركردن و وەرگرتنەوەی كارتە بانكییەكانیان، چونكە بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە کۆتایی ئەم مانگەوە چیتر مووچە بە شێوەی نەختینە دابەش ناكرێ.
بە گشتی سەد و پەنجا هەزار کارتی بانکیی هەژماری من ماون تا لە لایەن مووچەخۆرانەوە وەربگیرێتەوە و لەو ژمارەیەش هەشتا هەزار کارت ئامادەیە بۆ ئەوەی لە بانكە حكومییەكان وەربگیرێنەوە.
“هەژماری من” پڕۆسەی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی بردە قۆناغێکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە، دابەشکردنی مووچە لە ڕێی کارتی بانکی و لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی ”هەژماری من” هەنگاوێکی زۆر گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ کەمکردنەوەی رۆتینات و خێرایی لە دابینکردنی مووچە و گەشەپێدانی کەرتی بانکی و دارایی هەرێمی کوردستان.
لە ٢٨ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ حکوومەتی هەرێمی کورستان دهستپێكردنی دەستپێشخەریی ”هەژماری من”ی ڕاگهیاند کە وەک ئەو کات باسی کرد بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان.
لە جیهانی ئەمڕۆی ئابووری وەک چۆن سەرجەم پێوەندییەکان و گواستنەوەی زانیاری و داتاکان بە سیستمی ئەلیکترۆنی گرێ دراون، ئەوا هەموو جۆرە مامەڵەیەکی دارایی بە هەمان شت گرێ دراون، وڵاتانی پێشکەوتوو ئەگەر تەنیا سیستمی بانکییان لێ بستێنیتەوە هیچ واتایەکیان نامێنێت و بە سەدان ساڵ بۆ دواوە دەگەڕێنەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم سالانەی دواییدا هەستی بەو راستییە کرد، قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵی و توانی لە ماوەی سێ ساڵدا پلانەکە بە تەواوی سەربخات.
پێش ئەوەی ئەو پلانە رابگەیەنرێت دژایەتییەکی زۆر کرا و ژمارەیەکی زۆر میدیا و رۆژنامە بە تایبەتی میدیای ئوپوزسیۆن ئەم پلانەشیان تێکەڵی ململانێ و ناوکۆکی ناوخۆیی کرد و هیچ رێیەک نەما نەیگرنە بەر بۆ ئەوەی پڕۆژەکە تووشی شکست بکەن و نەهێڵن مووچە لە رێی هەژماری بانکییەوە دابەش بکرێت. ئەوان نەک لە کوردستان لە بەغداش هەموو هەوڵێکیان دا لە رێی حکوومەتی فیدراڵییەوە پێش بەو پڕۆژەیە بگرن بەڵام ئەمەش سەرکەوتوو نەبوو.
لە دوای پڕۆسەی بایۆمەتریی مووچەخۆران، دەست بە پێدانی هەژماری بانکی کرا و قۆناغ بە قۆناغ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کارتی بانکییان بۆ دەرهێنرا و لە رێی بانکییەوە مووچەکانی خۆیان وەرگرت. بانکی فیدراڵی دانی بە پڕۆژەکە نا و جگە لە بانکی ناوخۆیی کوردستان بانکی عێراقیش لە پڕۆژەکەدا بەشدارییان کرد.
بەگشتی تەنانەت لە ئاستی خەڵک و مووچەخۆرانیش جۆرێک بێ متمانەیی بەو پڕۆسەیە هەبوو و خەڵک وایان دەزانی بەو شێوەیە مووچەکانیان دەفەوتێت یان ناتوانن سوود لە مووچەکانیان وەربگرن. ئامێری ئەی تی ئێم کە تایبەتە بە راکێشانی پارە شتێکی نوێ بوو بۆ دانیشتووانی کوردستان و کەم کەس پێی ئاشنا بوو. ئامێرەکە لە تەواوی شارەکانی کوردستان داندرا و هەر زوو خەڵک پێی ئاشنا بوون و مووچەکانیان کە پێشتر بەدەست وەردەگرت ئەمجارە بەو ئامێرانە مووچەیان وەرگرت.
سەرەتا مووچەخۆران پێیان وابوو ئەگەر ئەو رۆژە مووچەکانیان لە ئەی تی ئێم رانەکێشن دەفەوتێت و تەواوی مووچەکەشیان رادەکێشا و هەر ئەوەش هۆکار بوو لەوەی قەرەباڵغی و ریزی درێژ لە بەردەم ئامێرەکان بێتە کایەوە. دواتر کە خەڵک بە تەواوی لە سیستمەکە تێگەیشتن هەژمارە بانکییەکەیان کردە سندووقێکی متمانەپێکراو بۆخۆیان و تەنیا ئەوەندە پارەیان راکیشا کە پێویستییان پێی بوو.
لە هەموو جیهاندا ئەو سیستەمە هۆکارێکی سەرەکییە لە گەشەسەندنی وەبەرهێنان و ئابووری وڵاتان، شەفافیەتی دارایی و ئاسایشی سامان و داهات، ئەمە وێڕای کەمکردنەوەی رۆتیناتێکی زۆری ئیداری.

