رۆژنامەی ھەولێر

قوباد تاڵەبانی: هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران رێزنەگرتنە لە رۆڵی ئاشتیخوازانەی کوردستان

قوباد تاڵەبانی بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمە پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
جێگری سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە زۆر روون، راشکاوانە و ئاشتیخوازانە بووە.
قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە، ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنیا رێزنەگرتنە لە هەڵوێست و رۆڵی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراقە.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە شارۆچکەی پیرمام.
دژەتیرۆری کوردستان ئاشکرای کرد درۆنەکان ئێرانی بوون و بە مەبەستی تێکدانی ئارامیی ناوچەکە ئاراستە کراون.
دوای رووداوەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی، “بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبوڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم”. دووپاتیشی کردووەتەوە، “ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردووەتەوە، “ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن بمانوەستێنن لە بەردەوامبوونمان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان و پاراستنی هاووڵاتییانمان”.