رۆژنامەی ھەولێر

دامەزراوەیەکی ئەمریکی: هاوکاریکردنی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پێویستییەکی ستراتیژییە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

نوێترین ڕاپۆرتی دامەزراوەی ئەمریکیی بەرگری لە دیموکراسییەکان FDD تیشک دەخاتە سەر ئەو قەیرانە داراییەی ماوەی چەند مانگێکە بەربینگی عێراقی گرتووە و بووەتە هۆی دابەزاندنی داهاتی ئەو وڵاتە بۆ ئاستێکی زۆر نزم. حکوومەتی عێراق چەند مانگێکە ناتوانێت لە کاتی خۆیدا مووچە بدات و بۆ ئەو مەبەستە هانای بۆ قەرز و یەدەگی دراو لە بانکی ناوەندی بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە زیاتر لە سەدا نەوەدی داهاتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت بەڵام بەهۆی ئەوەی کە نەوت تاکە داهاتی سەرەکیی عێراقە سەرجەم کەرتە ئابوورییەکانی عێراق کاریگەرییان وەرگرتووە و پێدانی مووچەش دواکەوتووە و تەنانەت ئەو مەترسییە لەئارادایە لە ئەگەری درێژەکێشانی قەیرانەکە حکوومەت نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئەمە ڕوون کراوەتەوە کە عێراق بۆ خۆدەربازکردن لەم قەیرانە هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی کە پەرە بە ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت بدات و تەنها پشت بە گەرووی هورمز نەبەستێت.
پێشی ئەوەی هورمز دابخرێت عێراق توانای ئەوەی هەبوو ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات بەڵام ئێستا ئەو هەناردەیە بۆ نیوە کەمی کردووە و هەر بۆیەش داهاتی نەوت بۆ دوو ملیار دۆلار دابەزیوە.
عێراق تەنیا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پێویستی بەوە هەیە مانگانە شەش ملیار دۆلار داهات بەدەستی بگات بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئامارانە هەموو مانگێک تەنیا لە دابینکردنی مووچە چوار ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبووە.
حکوومەتی عێراق ماوەی ڕابردوو گرێبەستێکی لەگەڵ تورکیا کرد بۆ هەناردەکردنی نەوت و بڕیارە لەرێی هێڵی نەوتی کەرکووک-جەیهان ڕۆژانە حەوتسەد و پەنجا هەزار بەرمیلک هەناردە بکرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە هاوکاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەستی بە ڕاکێشانی هێڵی نەوت لە بەسرە بۆ کەرکووک و پاشان لە کەرکووک بۆ فیشخاپور و حەدیسە کردووە کە لقێکیان بەرەو بانیاسی سووریا دەڕوات و ئامانجەکە ئەوەیە بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێڵی نەوت بگاتە دەریای ناوەڕاست و پشتئەستووریی بە هورمز کەم بکرێتەوە.
دامەزراوە ئەمریکییەکە ئاشکرای کردووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا عێراق بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و خۆدەربازکردن لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، دەستی بە فرۆشتنی نەوت بە کۆمپانیای ئیدنوکی ئیماراتی کردووە. کۆمپانیا ئیماراتییەکە بە کوژاندنەوەی جی پی ئێسی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی، ڕۆژانە هەوڵی گواستنەوەی نەوت لە هورمز دەدات و نەوتەکەش بۆ بازاڕەکانی ئاسیا دەگوازێتەوە.
هەرچەندە ئەوەی ئەو کۆمپانیا ئیماراتییە دەیکات مەترسیدارە و ئەگەری هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی هەیە بەڵام بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق و هەر ئەو ڕێگا مەترسیدارە خەریکە هەناسەیەک بە ئابووریی عێراق دەداتەوە.
کێشەکە لەوەدایە ئەو نەوتەی لە جەیهان یان لە بانیاسەوە هەناردە دەکرێت بڕەکەی کەمە و دیار نییە کەی پڕۆژەکانی ڕاکێشانی هێڵ تەواو دەبێت، ئەو هێڵەی کە عێراق وەک جێگرەوە بەتەمایە بەرەو تورکیا ڕایکێشێت توانای هەیە ڕۆژانە دووسەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بۆیەش ئەگەر حکوومەتی عێراق تەنیا پشت بەو نەوتە ببەستێت کە لە ڕێی تورکیا و سووریاوە بۆ بازاڕيکانی جیهانی دەگوازرێتەوە ئەوا ناتوانیت بەسەر قەیرانەکەدا زاڵ بێت.
دامەزراوە ئەمریکییەکە هاوکاریکردنی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی بە پێویستییەکی ستراتیژی ناوبردوە و پێی وایە ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی سەقامگیریی عێراق و لە کۆتاییدا هۆشداری داوە ئەگەر عێراق جێگرەوەی نوێ و متمانەپێکراو بۆ هەناردەکردنی نەوت نەدۆزێتەوە ئابوورییەکەی دادەڕمێت و تەنانەت ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانیشی دابین بکات.