عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین گوتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی گرنگ دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، عەلی حوسێن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زۆر قۆناخی گرنگدا هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و لە ماوەکانی ڕابردوودا هەندێک بەرز و نزمی لە سیاسەتدا هەبووە، ئاماژەی بەوە دا، لەبەر پێکنەهێنانی حکوومەت و کارانەکردنەوەی پەرلەمان، قۆناخەکە زۆر هەستیارە و بەرپرسیارەتیی هەموو لایەنەکانە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی وەکو دوو حزبی سەرەکی، بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنن.
دەربارەی نزیکبوونەوە و کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، باسی لەوە کرد، نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەردوولا هەیە و پێی وایە دانیشتنەکان ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان دەبێت. ئاشکراشی کرد، لە چەند ڕۆژی رابردوودا بێ ئەوەی بۆ ڕاگەیاندن ئاشکرا بکرێت دانیشتنمان هەبووە، لەم هەفتەیەشدا دانیشتنی دیکە دەکرێت و هەنگاوەکان بەرەو کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتن.
عەلی حوسێن ڕوونی کردەوە ، پارتی هەمیشە نەرمی نواندووە بەرامبەر یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی 1991ـەوە تا ئێستا و گوتیشی، “ئێستاش حیسابی ئەوەمان نەکردووە کە یەکێتی 23 کورسیی هەیە، بەڵکو حیسابی ئەوەمان کردووە کە یەکێتی هاوبەشی ئێمەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک هەڵبژاردن کراوە، دەبێت ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکیش بگیرێت.”

