رۆژنامەی ھەولێر

پارتی حزبێکی بەسەنگە و ڕەگ و ڕیشەی چووەتە ناو قوڵایی دڵی خەڵکی کوردستانەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ ٨٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت کە لە ئێستادا لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە بەھێزترین پارتی جەماوەریی ھەژمار دەکرێت. سەروەرییەکانی مێژووش زۆربەیان بۆ پارتی دەگەڕێنەوە، ھەر بەم بۆنەیەوە لە ناوچە جیا جیاکانی کوردستان، مەڕاسیم و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.

لە ١٦ ئابی ساڵی ١٩٤٦ بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و بە ھەوڵ و کۆششی چەند کەسایەتییەکی دیکەی دیاری ھەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرێندرا. سەرەتا ناوی (پارتی دیموکراتی کورد) بووە و لە کۆنگرەی سێیەمدا کە لە ٢٦/١/١٩٥٣، لە شاری کەرکووک بەسترا بڕیاردرا ناوی حزب بکرێتە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ١٦ی ئابی ھەمان ساڵیش پارتی یەکەمین کۆنگرەی گرێدا و بارزانیی نەمر وەکو سەرۆک و ڕێبەری ئەو حزبە ھەڵبژێردرا.
جگە لەوەی ١٦ ئاب ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە ھەمان کاتدا ڕۆژی لەدایکبوونی کەسایەتییەکی کاریزمای نەتەوەیی کوردستانیشە، کە لە ھەمان ڕۆژدا لە شاری ساپڵاغی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ئەویش سەرۆک بارزانییە، ھەر لە منداڵییەوە ھەستی نیشتمانی و نەتەوەپەروەری لە دڵیدا خوڵقاوە.
لە ساڵی ١٩٦١ بەھۆی زوڵمی زۆری ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و پاشگەزبوونەوەیان لە پێدانی مافەکانی گەلی کوردستان، پارتی بڕیاری ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی دا، کە ئەو کات بەشێکی زۆر لە گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەژێر دەستەییدا دەیانناڵاند.
کوردستانیان لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول، تاوەکو ئێستا بەمتمانەی زۆرەوە پشتیوانیان لە پارتی کردووە و لە سەرجەم ئەو ھەڵبژاردنانەی کە لە کوردستان کراون پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی یەکەم بووە.
لە ساڵی ١٩٧٠ لە ئەنجامی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق بەرانبەر بە شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی بارزانی، حکوومەت ناچاربوو داوای دانوستاندن بکات، لە ١١ی ئاداری ھەمان ساڵیش ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕش و حکوومەت ڕاگەێندرا، کە تێیدا دان بە مافەکانی گەلی کورد نران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان قبوڵکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەکەدا حکوومەتی بەعس لەو بەڵێنانەی کە بە کوردی دابوو پاشگەزبووەوە و ھەوڵی تیرۆرکردنی ڕێبەری شۆڕشی کوردستان بارزانیی نەمردا، دوای ئەوەش جارێکی دیکە شەڕ لەنێوان کورد و ڕژێمی بەعس سەریھەڵدایەوە، لە ساڵی ١٩٧٥ ڕێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ ئێران ئیمزا کرد.
بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی و ئیدریس بارزانی جارێکی دیکە پارتی خەباتی چەکداری لەژێر ناوی شۆڕشی گوڵان دەستپێکردەوە.
لە ساڵی ١٩٧٩ دوای کۆچی دوایی بارزانیی نەمر، سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا. پارتی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی ھەبوو، کە بووە سەرەتاییەک بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتێکی نوی لەگەڵ ھێزە کوردستانییەکان و ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ لێھاتە بەرھەم.
لە ساڵی ٢٠١٧ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی ھەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی دەرکرد، پارتیش بە فراوانی پشتیوانی لەو پرۆسەیە کرد و بەشداری کارایان لە ھەڵمەتەکان و ڕۆژیکردنی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوول دا کرد، کە زیاتر لە ٩٣%ی کوردستانیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا.
لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان متمانەیان بە پارتی دایەوە و بە دەنگی خەڵک بووە ھێزی یەکەمی کوردستان و یەکێک لە ھێزە ھەرە کاریگەرەکانی عێراق، ئەو ئەنجامانەش دووپاتیانکردەوە کە پارتی ھەمیشە لە بەرەی خەڵک بووە و بە پشتیوانی خەڵک داکۆکیکاری سەرەکی مافەکانی خەڵکی کوردستانە.
کوردستانیان لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول، تا ئێستا بەمتمانەی زۆرەوە پشتیوانیان لە پارتی کردووە و لە سەرجەم ئەو ھەڵبژاردنانەی کە لە کوردستان کراون پارتی حزبی یەکەم بووە.
پارتی تا ئێستا چواردە کۆنگرەی بەستووە، چواریان لە بەغدا، چواریان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، دوانیشیان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سێ کۆنگرە لە ھەولێر و کۆتا کۆنگرەشی لە دھۆک بووە.
چاودێران و ئەوانەی خوێندنەوەیان بۆ بارودۆخی ناوخۆی پارتی و ھەلومەرجی کوردستان کردووە پێیانوایە، یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی پارتی بەھێزی، ڕێبەرایەتیکردنییەتی لە لایەن بارزانییەوە، چونکە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزراوە و ھێشتا حزبەکە لەژێر سایەی سەرۆک بارزانی بەردەوامە لە خەبات بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی.
نزار سەعید، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا حزبێک نییە، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی کوردایەتییە، ھەروەھا پارتی تەعبیر لە نەتەوەی کورد دەکات و ڕابەرایەتی ھەموو شۆڕشەکانی کوردی کردووە.
ئەو چاودێرە، دەشڵێت: بارزانیی نەمر و سەرۆک بارزانی کوردیان بە ھەموو جیھان ناساند، ھەموو دەستکەوتە مێژووییەکانی کورد لەسەر دەستی پارتی بووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ داواکردنی مافی ڕەوای گەلی کورد و ھەروەھا پێشەنگی بەدەستھێنانی دەستکەوتەکانی گەلی کورد.
سەعید، جەختی لەوەشکردەوە، پارتی خاوەنی دۆزی ڕەوای میللەتی کورد بووە، ھیچ وڵاتێک لەسەر ئاستی جیھان نییە پارتی پەیوەندی لەگەڵ نەبووبێ و دۆزی ڕەوای میللەتی کوردی پێ نەناساندبێ، پارتی ھەمیشە کاری بۆ یەکڕیزی گەلی کورد کردووە، لەپێناو ئەو یەکڕیزییە گەلی کورد ھەمیشە قوربانی بە دەستکەوتەکانی خۆی داوە.
کامەران ئیسماعیل، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە کاتێکدا کە جیھان بەرەو گۆڕانکاری دەڕۆیشت، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی سەری ھەڵدا، کوردیش وەکو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و کیان، پێویستی بە حزبێکی ڕێکخراو ھەبوو، کە گەلی کورد ڕێکبخاتەوە، بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی و بەدەستھێنانی مافی نەتەوایەتی، بۆیە بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٤٦ ھەڵسا بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد، پێشتر چەند ڕێکخراوێک ھەبوون، لەگەڵ ئەم ڕێکخراوانە چەند دانیشتنێک کران، ئێدی بڕیاریان دا ھەموویان یەک بگرن و پارتی دیموکراتی کورد دابمەزرێنن، پارتی مایەی خۆشحاڵی ھەموو چین و توێژەکانی ئەم کوردستانەیە، بە ھەموو پێکھاتەکان ئایینی و مەزھەبیەوە، بە ھەموو چین و توێژەکان کە لە کوردستان دەژین، بۆیە پێویستە ھەموومان ڕێز لە دروستبوونی پارتی بگرین، بە بەردەوامی ئەو حزبە نوێ بکەینەوە، خزمەتی بکەین، چونکە ئەو حزبەیە توانیویەتی داکۆکی لە مافی گەلی کوردستان بکات، لە کاتە پێویستەکان و لە شکستەکان جارێکی دیکە ھێز بداتەوە خەڵکی کوردستان، ببێتە مایەی خۆشحاڵی ھەموو خەڵکی کوردستان، مێژووی کوردستان سەڵماندوویەتی ھیچ حکومڕانییەک، ھیچ خۆشی و ناخۆشییەک بەبێ پارتی نابێت، بۆیە پێویستە ھەموو کادیرەکانی پارتی بە ئەرکی خۆیان ھەستن، زیاتر پەڕە بە ڕێکخستنەکانی پارتی بدەن، ھەوڵ بدەن ڕۆژبەڕۆژ نوێ بکەنەوە و گەشەی پێ بدەن.
ئەو شرۆڤەکارە، ڕوونیشیکردەوە: ھەرچەندە دژومنان پیلانی نێوخۆی و نێودەوڵەتی زۆریان بۆ لاوازکردنی پارتی و لەناوبردنی سەرۆکەکانی گرتۆتەبەر، بەڵام خۆشبەختانە ھەموویان بێ ئەنجام بوون، پارتی بەھۆی ئەو پلانە سەرکەوتووانەی لەلایەن سەرۆکەکەی دادەڕێژرێت، ڕۆژبەرۆژ ئەندام و لایەنگری لە زیاد بووندایە، بۆیە تا پارتی ئەو خاوەنەی ھەبێت کە سەرۆک بارزانییە، ھەمیشە لە پێشکەوتن و سەرکەوتنە.
محەممەد سەبری، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پارتی حزبی ڕۆژە سەختەکان و ھیوای گەلی کوردستانە، پارتی بە گەیشتن بەو قۆناغەی ئێستا، قۆناغی زۆر سەختی بڕیوە، پارتی سوورە لەسەر دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی کە لە دەستووردا بۆ ھەرێم جێگیرکراون، ھەروەھا پارتی حزبی ئەرکە سەختەکانە، خۆی بە خاوەنی دۆزی کورد دەزانێت.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: پارتی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە جێگەی متمانەیە، پارتی بەھێز بێت تاکی کوردیش ھەست بە ئیرادەیەکی بەھێز دەکات، بۆیە ئەم حزبە ڕەگ و ڕیشەی چووەتە ناو قوڵایی خەڵکی کوردستان.
لەبارەی سەرۆک بارزانی، محەممەد سەبری، ئاشکراشی کرد: سەرۆک بارزانی بووەتە ڕەمزێک بۆ چوار پارچەی کوردستان و مەرجەعی باڵای کوردە.