رۆژنامەی ھەولێر

سکرتێری گشتیی YNDK بەبۆنەی ١٦ی ئابەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، لە پەیامێکیدا بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان، بەبۆنەی ١٦ ی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، وێڕای پیرۆزبایی و هیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن خواستن بۆ جەنابیان، ئاماژە بە خەبات و تێکۆشانی پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆڵی کاریگەرانەی سەرۆک بارزانی بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان دەکات و، لەم پێناوەشدا پێشنیاری پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان) دەکات.

دەقی پەیامەکە:

برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی
رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان
سڵاوێکی برایانەی گەرم …
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی جەنابتان و 80 هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەكەین و هیوای تەمەن درێژی و پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ جەنابتان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوازین.
بێگومان ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ پێشەنگایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی کردووەو بەردەوام هەوڵیداوە تەبایی و یەکڕیزی و یەکدەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بپارێزێت، رێبەری شۆڕشی گەلی کوردستان (مستەفا بارزانی نەمر) لە شۆڕشی ئەیلوولی نیشتمانیدا هەمیشە چەتری هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان و کەسانی وڵاتپارێزو تێکۆشەرانی کوردستان بوو، بەردەوام هەوڵیدەدا ناوماڵی کوردستان رێک و یەک بێت.
ئێستایش ؛ لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کوردستان) دەكەینەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و، رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندایە، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێكخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش جەنابتان کە درێژەپێدەری رێبازی (بارزانی نەمر)ن وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن بۆ کۆکردنەوەی هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان، بە باوەڕی ئێمە پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان، بۆ ئەمەش جەنابتان دەتوانن رۆڵێکی کارا بگێڕن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK وەک هەمیشە ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای تەمەن درێژی و تەندروستییەکی باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنی زیاتر بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان.
دووباره‌ رێزو پیرۆزباییمان قبووڵ بفه‌رموون.
هەر بژین و تەندروست و سەرکەوتووبن.

برای دڵسۆزتان
غەفوور مەخمووری
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان