وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کرد، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی ڕێکارە کارگێڕییەکانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە پلە 10 تاوەکو پلە 1.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕێکەوتی 12ی ئابی 2026 دەرچووە، ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران (ژمارە 8429 لە 15/7/2026). ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە مێژووی 1/1/2016ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیرابوو.
وەزارەتی دارایی داوا لە سەرجەم فەرمانگەکان دەکات، دەست بکەن بە ئامادەکردنی لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی شایستەی پلەبەرزکردنەوەن بەپێی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت (ژمارە 22ی ساڵی 2008). جەختیش کراوەتەوە کە پێویستە تەواوی کارە پێشینەییەکان تاوەکو ڕێکەوتی 1/10/2026 کۆتاییان بێت، بۆ ئەوەی مافی دارایی فەرمانبەران فەوتاو نەبێت و حکوومەتی فیدراڵیش پابەند بکرێت بە دابینکردنی جیاوازیی مووچەکانیان.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە، کە ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی پێداچوونەوە و کاراکردنەوەی سەرەمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران، کە پێشتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگیرابوو. ئامانج لێی جێگیرکردنی مافی یاسایی و دارایی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە و ڕێگریکردنە لە هەر دواکەوتنێکی زیاتر لە خەرجکردنی شایستەکانیان لەلایەن بەغداوە.

