ڕائیب جادر – هەولێر
پڕۆژەی ئۆڤەرپاسی زاخۆ یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کارکردن تێدا بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە ٨٥% کارەکانی تەواوبوونە و بڕیارە لە مانگی ئەیلوول پڕۆژەکە بکرێتەوە و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی سنوورەکە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش، دەڵێت: جگە لەوەی سیمایەکی مۆدێرن و شارستانی بە شارەکە دەبەخشێت، تا دەیان ساڵی دیکە کێشەی ھاتووچۆ لە شارەکە نامێنێت.
لەڕووی ئابوورییەوە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێگەیەکی گرنگی ھەیە، دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل کە یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە ھەرێمی کوردستان بە تورکیا دەبەستێتەوە و ڕێگەیەکی بازرگانیی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لەو چەند ساڵەی ڕابردوو بە سەدان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە، پڕۆژەکانیش جۆراوجۆرن، لە ماوەی ڕابردوو چەندین پڕۆژەی گرنگ بەردی بناغەیان بۆ دانرا، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش کرانەوە و کەوتنە خزمەت ھاووڵاتییان، پڕۆژەکانیش ھەموو سێکتەرەکان لە خۆ دەگرێت. ھاووڵاتییانیش سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ھەموو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژیانە.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، دەڵێت: پڕۆژەکە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە، تەنیا چەند کارێکی بچووک ماون وەکو کارەبا، ئاو، ھێلی ئینتەرنێت، کامێرای چاودێری و تابلۆی ئاگادار کردنەوە، ٨٥% پڕۆژەکە تەواو بووە و لە مانگی نۆ کۆتایی پێ دێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی سنوورەکە.
پاش ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بە کۆتا دێت و دەکرێتەوە قەرەبالغی لەناو شەقامەکانی زاخۆ کەم دەبێتەوە و لە ھەمان کاتدا سیمای شار بە تەواوەتی دەگۆڕێت، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گواستنەوە و ھاتووچۆکردنی ھاووڵاتییان و شۆفێران دەستەبەر دەکات. ھاووڵاتییانی سنوورەکەش، دەڵێن، زاخۆ ڕۆژبەڕۆژ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لێ جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش وای کردووە سیمای شارەکە بە تەواوەتی بگۆڕێت و پڕۆژەی ئەندەر پاس قەرەبالغی شارەکە ناھێڵێت و بە کەمترین کات دەگەینە شوێنی مەبەست.
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە ھەبوونی پڕۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس ڕێکخستنێکی باشی داوەتە شارەکە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە یەک لەو پڕۆژە گرنگانەیە کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم بۆ پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوت: ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییە وا دەکات کێشەی ھاتووچۆ بۆ ١٠٠ ساڵی داھاتوو نەمێنێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەشڵێ: لە زاخۆ کێشەی ھاتووچۆ ھەیە، ئەوەش ببووە کێشە بۆ پۆلیسی ھاتووچۆ و ھاووڵاتییان، بە کردنەوەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس وا دەکات ئەو کێشەیە بە تەواوەتی نەمێنێت، ئەو شوێنەشی پڕۆژەکەی لێ دروست کراوە، تیمی ئەندازیارانی ئیدارەی زاخۆ لەگەڵ شارەوانی و پۆلیسی ھاتووچۆ ھاوکار بوونە بۆ دیاریکردنی شوێنەکە، شوێنەکەش دەکەوێتە سەنتەری شاری زاخۆ بە تەواوبوونی پڕۆژەکە نەک ھەر کێشەی ھاتووچۆ چارە دەکات، بەڵکو دیمەنێکی جوانیش بە ناوچەکە دەبەخشێت، بۆیە زۆر گرنگ بوو ئەو ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسە دروست بکرێن.

