رۆژنامەی ھەولێر

کۆڕنیشی کاولۆکان و چەند پڕۆژەیەکی دیکە لە ڕواندز جێبەجێ دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی گەشتیاری، پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان و چەند پڕۆژەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری لە قەزای رواندز دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، قایمقامی قەزاکەش، دەڵێت، بە تەواوبوونی ئەم ماستەرپلانە کەرتی گەشتیاری ناوچەکە دەچێتە قۆناخێکی نوێوە.

ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە چوارچێوەی ماستەرپلانی گەشتیاری کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە و لە چەند ناوچەیەک پڕۆژەکە چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە، پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان لە سنووری ڕواندز وەک تەواوکەری ماستەرپلانی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێت.
قایمقامی قەزای ڕواندز، گوتیشی، لە سنووری رواندز چەند ناوچەیەکی گەشتیاری دەکەونە ناو ماستەرپلانی گەشتیارییەوە و ئێستا دیزاینی سەرجەمیان تەواوکراوە و کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکرێت.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، ئاماژەی بەوەشکرد، بە تەواوبوونی ماستەرپلانی گەشتیاری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کەرتی گەشتیاری ناوچەکە و بە تایبەت ڕواندز دەچێتە قۆناخێکی نوێ و دەبێتە ھۆی ڕاکێشانی ھەزاران گەشتیار لە ھەر چوار وەرزی ساڵدا.
قایمقامی قەزای ڕواندز، ئەوەشی گوت: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زۆر جەخت لەسەر بەھەمەجۆرکردنی پڕۆژەکان دەکاتەوە و گرنگی تەواو بە کەرتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەدات.
سەبارەت بە جێبەجێکردن و تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش، ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، ڕایگەیاند، چەند پڕۆژەیەک بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ھەوڵی تەواوکردنیانین، یەکێک لەوانە پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیانە کە دەیان گوند لێی سوودمەند دەبن.
ماستەرپلانی گەشتیاری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پڕۆژەیەکی ستراتیژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و بە ھاوکاری پسپۆڕانی ناوخۆ و کۆمپانیا بیانییەکان جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکی پلانەکە گۆڕینی ناوچەکەیە بۆ ناوەندێکی گەشتیاری جیھانی و پارێزگاریکردن لە ژینگەی ناوچەکە، بە گوێرەی ماستەرپلانەکە، پڕۆژەکان سنووری قەزاکانی سۆران، چۆمان، ڕواندز و چەند ناوچەیەکی دیکە دەگرێتەوە.