ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
نەخۆشییەکانی دڵ لە منداڵاندا بە یەکێک لە کێشە تەندروستییە هەستیارەکان دادەنرێت کە نیشانەکانی بەپێی تەمەنی منداڵەکە، جۆری نەخۆشییەکە و توندییەکەی جیاوازە. لە زۆربەی بارەکاندا، ئەم کێشانە نیشانەی ئاشکرایان پێوە دیار نیە، هەربۆیە دایک و باوک زوو پێی نازانن و، زەحمەتیشە.
د. بیلال عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، لەم بارەیەوە ڕوونی دەکاتەوە کە گرفتی دڵ لە هەندێک منداڵدا هیچ نیشانەیەکی ئەوتۆیان نییە و زۆرجار دایک و باوک ئاگاداری کێشەکانی دڵی منداڵەکەیان نین تا ئەو کاتەی نەخۆشییەکە پەرە دەسێنێت.
نیشانەکانی گرفتی دڵ لە نۆبەران و ساواکاندا
بەپێی وتەی پسپۆڕان، هەندێکجار نیشانەکانی بوونی گرفت لە دڵی منداڵدا لە چەند هەفتەی سەرەتای لەدایکبوونیدا دەردەکەون، کە زۆربەیان بەهۆی کەمبوونی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێن و جەستەی منداڵەکەدا دروست دەبن.
باوترین نیشانەکان لەم تەمەنەدا بریتیین لە:
• شینبوونەوە: شینبوونی ڕەنگی لێو، زمان و پێستی منداڵەکە.
• ماندوێتی و بێهێزیی بەردەوام: بەتایبەت لە کاتی شیرخواردندا.
• گرفتی هەناسەدان: هەناسەتوندی یان خێرا هەناسەدان.
• ئاوسان: ئاوسانی قاچ، سک، یان ناوچەکانی دەوروبەری چاوی منداڵەکە.
• کەمیی گەشە: دواکەوتنی گەشەی جەستەیی و زیادنەکردنی کێشی منداڵەکە.
• زەردهەڵگەڕانی پێست.
نیشانەکانی گرفتی دڵ لە منداڵانی گەورەتر و هەرزەکاراندا
گەشەکردنی منداڵ و زیادبوونی چالاکیی ڕۆژانەی، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی ڕوونتر لەو منداڵانەی گرفتی دڵیان هەیە.
گرنگترین نیشانەکان لەم تەمەنەدا بریتیین لە:
1.کەمبوونەوەی توانای جەستەیی: کەمجووڵەیی و توانای بەشداریکردن لە یاریکردن لەگەڵ منداڵانی دیکەدا.
2.شینبوونەوە: پەیدایشتی ڕەنگی شین لە چواردەوری پووک، زمان و پێستدا.
3.ئازاری سنگ: بەتایبەت لە کاتی ئەنجامدانی ڕاهێنان یان چالاکیی جەستەییدا.
4.نیشانەکانی سووڕی خوێن: سەرگێژخواردن لە کاتی وەرزشکردندا، ئارەقکردنەوەی زۆر، یان لەهۆشخۆچوونی کوتوپڕ.
5.ناڕێکی لە لێدانی دڵدا: هەستکردن بە خێرابوون یان ناڕێکیی لێدانەکانی دڵ.
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە تێبینیکردنی هەر یەکێک لەم نیشانانە لەلایەن دایک و باوکانەوە، پێویستی بە سەردانیکردنی ڕاستەوخۆ و بەپەلەی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان هەیە، تاوەکو دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چارەسەری پێویست بۆ منداڵەکە بکرێت.

