کۆنسێرتی نوێی ئیبراهیم تاتڵیساس ٣ملیۆن دۆلاری پێ وەردەگرێت

هونەرمەندی ناسراوی توركیا و بەڕگەز كورد ئیبراهیم تاتڵیساس، بۆ سێ كۆنسێرت دەچێتە دەرەوەی توركیا، ئەو پارەیەی بۆ ئەو سێ كۆنسێرتەش وەریدەگرێت ٣ملیۆن دۆلارە.

لە 2011وە تاتڵیساس، هیچ كۆنسێرتێكی نەکردووە، ئەویش بە هۆی ئیفلیجبوونی بووە، دوای ئەوەی لە پەلامارێكدا نیوەی جەستەی لەدەست دا. بەڵام لە 24 و 25_9_2021، دوای 10 ساڵ، بۆ یەكەمجارە تاتڵیساس، توانیی دوو كۆنسێرتی رێکوپێک لە توركیا بکات و بە سەدان كەسیش بەشدارییان تێیدا كرد. رۆژنامەی (حوڕیەت)ی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، بۆ ئاهەنگی سەری ساڵی تازە، تاتڵیساس، لە لایەن كۆمپانیایەكی بیلاڕووسیا داوەت كراوە بۆ ئەنجامدانی كۆنسێرت و گرێبەستەكەشیان واژوو كردووە. بە گوێرەی زانارییەكانی حوڕیەت، بۆ ئەنجامدانی سێ كۆنسێرت لە ئاهەنگی سەری ساڵی تازەی 2022، تاتڵیساس بڕی ٣ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، كە تاكو ئێستا هیچ هونەرمەندێكی توركیا بۆ ئەنجامدانی كۆنسێرت ئەو پارە خەیاڵییەی وەرنەگرتووە. تاتڵیساس، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ئاماژەی داوە، بۆ سەری ساڵ دەچیتە بیلاڕووسیا و دەڵێت: ”ئیدی تەواو، دەرگای كۆنسێرت كرایەوە و لەگەڵتاندا دەبم و بێبەشتان ناكەم لە كۆنسێرت“.

ھەواڵی زیاتر