رۆژنامەی ھەولێر

ڕاهێنەری ڕاستەقینە، بیرکردنەوەی نەوەیەک و ئاییندەی نەتەوەیەک دەنووسێتەوە

بەکر کەریم حەسەن*
(كۆنفۆشیۆس) گەورە فەیلەسوفی چینی دەڵێ “نیوەی یەكەمی فێربوون بینینە، نیوەكەی تریشی ڕاهێنەرێكە بڕوای پێت بێت تا تواناكانت دەربێنێت”.
لەو سەردەمەدا كە سیستەمەكانی پەروەردە لە گۆڕانكاریی بەردەوامدان ڕۆڵی ڕاهێنەر لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا بووەتە كۆڵەکەی سەرەكی، تەوەری سەرەكی سەركەوتن، ڕاهێنەر تەنیا زانیاری ناگوێزێتەوە، بەڵكو وەبەرهێنەرە لە سەرمایەی مرۆییدا. ئەگەر مامۆستا وانەكە بڵێتەوە، ئەوا ڕاهێنەر رێگای بیركردنەوە، خۆڕاگری و گەیشتن بە لووتكەی تواناكان بە مامۆستایان و قوتابیان نیشان دەدات.
لەو سۆنگەیەوە، ڕۆڵی ڕاهێنەر و گرنگیدانی وەزارەتی پەروەردە بەم بواری پێشەنگە بنەمای هەر شۆڕشێكی پەروەردەیی ڕاستەقینەیە. وەزارەتی پەروەردە وەك باڵاترین دامەزراوەی نەخشە داڕێژ، بەرپرسیاریەتی سەرەكی لە سەر شانە لە دروستكردنی كادیری ڕاهێنەری شارەزا و كارامە. وەبەرهێنانی وەزارەت لە بەهێزكردنی توانای ڕاهێنەران. دابینكردنی خولی زانستی پەروەردەیی ئاستبەرز، ڕەخساندنی ژینگەی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنیان و پاڵپشتیكردنی دارایی و مەعنەوی بۆیان و هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانەی ورد بۆ ئاستی ڕاهێنەران و دابەشكردنی كارو ئەرك و ماف و بەرپرسیاریەتی بەسەریان، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كاریگەری لە سەر ئاستی پۆلەكان دەبێت. ڕاهێنەری توانا و شارەزا و پڕ كارامە كاتێك پاڵپشتی ڕێكخراوەیی و دامەزراوەیی هەبێت. دەبێتە دینامۆیەكی بەهێز بۆ گواستنەوەی نوێترین میتۆدەكانی وانە وتنەوە. چەسپاندنی دیسپلین و ئیتیكی كار بەگشتی و گەشەپێدانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و بنیاتنەرانە لەسەرانسەری سیستەمەكەدا.
ئالنگاری و ئاستەنگی گەورەی وەزارەت و دامەزراوە پەروەردەییەكان لەوەدایە كە چۆن ڕاهێنەری توانا و شارەزا و پڕ ئەزموون و ڕەسەن لەوانی تر جیا بكەنەوە. ڕاهێنەری ئاستبەرز بە چەند خەسلەتێكی دیار دەناسرێتەوە. وەك ڕاهێنەری بەتوانا و لێهاتوو پێوەرەكانی سەپاندنی ئەمركردن بەكار ناهێنێت، بەڵكو لە رێگەی دیالۆگی كراوە و گوێگرتنی كاراوە هاوكاری بەرامبەر دەكات تا خۆی چارەسەركان بدۆزێتەوە، هەروەها ڕاهێنەری كارامە و بەتوانا هەرگیز تیۆری ڕووت و وشك ناڵێتەوە، بەڵكو خاوەنی تێگەیشتنێكی قووڵە بۆ ئالنگاری و ئاستەنگەكانی ناو پۆڵ و چارەسەركردنی واقیعی و كرداری دەخاتە ڕوو، كە هەمیشە پشت بە ئەزموونی پراكتیكی و ڕەسەنایەتی دەبەستێت. هەمیشە بەرپرسیاریەتی و بەردەوامی هەیە لە گەشەكردندا، ڕاهێنەری ڕاستەقینە تەنها خولێك ناكاتەوە و بڕوات، بەڵكو بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەنجامەكان دەكات. هەڵسەنگاندنی بابەتییانە پێشكەش دەكات و كاریگەرییەكەی لە ڕەفتار و ئاستی وەرگردا دەپێوێت.
ڕاهێنەری ڕاستەقینە و پەروەردەیی مەبەستی ئەوە نییە لە زۆربەی خولەكاندا دووبارە بێتەوە لە پێناو بەرژەوەندی ماددی و قازانجی دارایی، بەڵكو دەیەوێ ڕاهێنەری تریش بە دادپەروەری لە خولەكاندا بەشدار بن و سوود لە بەرنامەی پەروەردەیی و زانستی ببینن، نەك پاوانكردن و قۆرخكردنی زۆربەی خولەكان بۆ چەند ڕاهێنەرێك كە ئەوەش ئەنجامی نەرێنی خراپی دەبێت.
هەمیشە ڕاهێنەری ڕاستەقینە ئیتیكی كار و دادپەروەری دەپارێزێ و پابەندە بە كۆمەڵێ بەها و بنەمای ڕەوشتی كە ڕەفتاری پیشەیی ڕێك دەخەن لە ناو ژینگەی پەروەردەدا، لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بە دوور دەگرن لە بەكارهێنانی دەستەواژەی ئاڵۆز و یان نواندنی دەسەڵات و نادادپەروەری. كار لە سەر دروستكردنی متمانەی بەهێز و گەشەپێدانی پەروەردەیی دەكەن.
لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم كۆڵەگەی گۆڕانكاری لە پەروەردەدا بە داڕشتنی ڕێنمایی و بڕیاری كارگێریی ڕووت و وشك جێبەجێ ناكرێت، بەڵكو بە ڕاهێنەری توانا و ڕاستەقینە و ئیلهامبەخشەوە دەست پێ دەكات. كە ئەوەش یەكێك بوو لە شاكارە جوانەكانی كابینەی نۆیەمی وەزارەتی پەروەردە.
كاتێك وەزارەتی پەروەردە ڕاهێنەری كارامە و ڕاستەقینە بكاتە ناوەندی ستراتیژییەكان. سیستەمی پەروەردە لە بازنەیەكی داخراوەوە دەگۆڕێت بۆ ژینگەیەكی زیندووی پڕ لە بەرهەم و داهێنان. ڕاهێنەری ڕاستەقینە تەنها ڕێنمایی ناكات، بەڵكو شێوازی بیركردنەوەی نەوەیەك و ئاییندەی نەتەوەیەك دەنووسێتەوە.

* ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی