ئێوارەی ئەمڕۆ، پێنجشەممە 6.8.2026 بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، ڕێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەی خولی «پێشخستنی توانای یاساییەکانی فەرمانبەرانی یاسایی فەرمانگەکانی پارێزگای هەولێر» بەڕێوەچوو. ئەم خولە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان پارێزگای هەولێر و سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی ETTC ڕێکخرابوو.
خولەکە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی توانای یاسایی فەرمانبەران، فراوانکردنی زانیارییان سەبارەت بە ئەرک و بەرپرسیارییە فەرمییەکان، هەروەها پەرەپێدانی لێهاتووییان لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییە حکومییەکان، لەلایەن سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی ETTC و بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری دیوانی پارێزگای هەولێر، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئەنجامدرا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، بڕوانامەکانی خولەکەی بەسەر بەشداربوواندا دابەش کرد و پیرۆزبایی لێکردن، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن، و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە خولە تایبەتیانە کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕی و خزمەتگوزاریی فەرمانگە حکومییەکان.

