لیژنەی ناوەندیی پەرەپێدانی بانگی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی نوێی بۆ رێکخستنەوەی کاروباری بانگبێژان ئامادەکردووە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.
لەوبارەیەوە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند “بە ئامانجی پێشخستنی تواناکانی بانگبێژان و رێکخستنەوەی پرۆسەی بانگدان و بەرزکردنەوەی توانا و لێهاتوویی بانگبێژان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەک ئامادەکراوە و پرۆسەی بانگدان لە سەرجەم شارەکان رێکدەخرێتەوە.”
گوتیشی “پرۆسەی گۆڕانکاری لە بانگبێژان و رێکخستنەوەی کاری بانگدان لە هەولێر دەستی پێکردووە و هەفتەی داهاتوو لە زاخۆ و دهۆک گۆڕانکارییەکان دەست پێدەکەن، دواتریش لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و سلێمانی و تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن.”
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاشکراشی کرد، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتە بۆ گرنگیدانی زیاتر بە بانگدان و بانگبێژان، هەروەها ژمارەی بانگبێژان لە 33 بانگبێژەوە بۆ 22 بانگبێژ کەمدەکرێتەوە.
بڕیاریشە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشناکردنیان بە بنەماکانی دەنگخۆشی، خولێکی بانگبێژی بۆ بانگبێژان بکاتەوە، زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن و لە زۆرینەیان بانگ دەدرێت، زیاتر لە ساڵێکیشە پرۆسەی بانگدان لە تەواوی شارەکان ڕێکخراوەتەوە و لە ڕێگەی چەند بانگبێژێکەوە بانگ دەدرێت.

