رۆژنامەی ھەولێر

واشنتن لە یادی 12 ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا: دادپەروەری و ئاسایش بۆ کەمینەکان فەراهەم دەکەین

ئەمڕۆ دووشەممە (3ی ئابی 2026)، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دژی پێکهاتەی ئێزدی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی دادپەروەری و پاراستنی مافی کەمینەکان کردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە کە 12 ساڵ پێش ئێستا، ڕێکخراوی داعش گەورەترین تاوانی جینۆسایدی دژی ئێزدییەکان ئەنجامدا. باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ یادی ئەو قوربانییانە دەکەینەوە کە گیانیان لەدەستدا، هاوکات ڕێز لە خۆڕاگریی ڕزگاربووان دەگرین کە یادەوەریی ئەو کارەساتە بە زیندوویی دەهێڵنەوە.”

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە گەیشتن بە دادپەروەری لە بەرامبەر ئەو دڕندەییانەی ئەنجام دراون، بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دابینکردنی ئاسایشی بەردەوام و گەشەپێدانی ئابووری، تەنها ڕێگەن بۆ پاراستنی ئەو پێکهاتانەی کە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

ئەمریکا پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامیی کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. ئامانج لەم هاوکارییە، پاراستنی مافی بنەڕەتیی ئازادیی بیروباوەڕ و بونیادنانی داهاتوویەکە کە تێیدا سەرجەم عێراقییەکان بتوانن بە “سەلامەتی و کەرامەتەوە” تێیدا بژین.

کارەساتی شنگال لە 3ی ئابی 2014 دەستی پێکرد، کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و بووە هۆی کۆمەڵکوژیی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاوڵاتی. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو کاتەوە وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی، ڕۆڵی هەبووە لە تێکشکاندنی داعش و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ڕزگاربووانی ئێزدی.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە پەیامی ئەمساڵی باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە واشنتن دەیەوێت فشارەکانی بۆ سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاد بکات تاوەکو ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.