رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ دوازدە ساڵ بەسەر جینۆسایدکرنی کوردانی ئێـزدی تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و گوندەکانی دەوروبەری، دوور لە ھەموو بەھا مرۆییەکان بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە کەوتنە کۆمەڵکوژیی ھاووڵاتییان، بە ھەزارانی دیکەشیان ئاوارە و دەربەدەر کرد، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی نێوخۆیی و جیھانیی بەدوای خۆیدا ھێنا.

لە ١٢ ساڵەی کارەساتی شنگالدا، لە دھۆک، شنگال، کەمپەکان و کۆمەڵگەکان ئەم ڕۆژە بە چەندین شێواز و مەراسیم دەکرێتەوە، لەگەڵ مەراسیمەکانیشدا ژمارەیەک سیمینار بڕیارە بەڕێوەبچن کە تایبەتە بە ئێزدییەکان و پێکەوەژیان لەگەڵ لایەنەکانی تردا. بەگوتەی بەرپرسانی ئێزدی، ‌ھەموو ئەو مەراسیمانە گوزارشت لە کارەساتی شنگال و ئەو ئێش و ژانەی لە ئەنجامی کارەساتەکەدا دروست بووە دەکات، لە ساڵی ٢٠١٩دا، پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی ڕۆژی ٣ی ئابی وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژیی جینۆسایدی ئێزدییەکان ناساند.
بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانیش، جەخت لەوە دەکەنەوە ھەرچی لە توانادا بێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و باشترکردنی ژیانیان درێخی ناکەن و داھاتوویەکی گەش چاوەڕێیان دەکات.
کارەساتی شنگال بۆ کورد بەشێکە لە زنجیرەی ئەو نەھامەتییانەی بەسەر گەلی کورددا ھاتوون، درێژەی ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی شار و گوندەکانمان بوو. ئێزدییەکان، دەڵێن، ئێمەی ئێزدی فەرمانمان بەسەر ھاتووە، لە ٧٣ فەرمانی ڕابردوودا بێ پشت و پەنا بووین، بەڵام لەم فەرمانەی کۆتاییدا ھەموو خەڵکی کوردستان پشتیوان و ھاوخەممان بوون و ھەموو تواناکانیش بۆ ساڕێژکردنەوەی برینەکانمان خرایەڕوو.
جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی بەشێکی دیکەیە لەو کۆمەڵکوژیی و جینۆسایدەی، کە گەلی کورد بە درێژایی مێژوو لەژێر ناوی جیا جیا لە قۆناغە مێژوویەکاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە. دوژمنان و ناحەزانی گەلی کورد ھیچکات و سەردەمێک سڵیان لە پاکتاوی نەتەوەیی گەلی کورد نەکردۆتەوە، ھەر ئەوەش بووەتە ھەوێنی شۆڕش و بەرخودان و گەلی کوردیان بەھێزتر و خۆڕاگرتر کردووە، بۆیە ڕۆڵە گیانلەسەردەستەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان، لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بەسەرکردایەتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی قەزای شنگالیان ئازاد کرد. بەڵام بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی، شنگال لەلایەن گرووپە نەناسراوەکان داگیر کرایەوە، ڕۆژانە خەڵک لەو شارە ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە، چەندین جار ئیدارەی ناوچەکە داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە ڕێگە نەدات بە بوونی گرووپی چەکداری نادەستووری و ناشەرعی، کەچی حکوومەتی عێراق جگە لە بەڵێن، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لەم بوارە نەناوە.
قارەمانییەتی و ئازایەتی ھێزی پێشمەرگە لە کاتی ڕزگارکردنی شنگال بە شکۆوە لە میدیا جیھانییەکان پیشاندرا و باسکرا، شنگال بوو بە دەروازەیەک بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری شارۆچکەکە و دواتریش پارێزگای مووسڵ.
لەڕووی جوگرافیاوە، ئێزدییەکان لەگەڵ پارچەبوونی کوردستانی گەورە پارچە بوون و زۆرترینیان لە عێراقن و ٩٠%یان دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە شێخان و شنگال، ١٠%یان دەکەونە ھەرێمی کوردستان و لە پارێزگای دھۆک نیشتەجێن، ئەوانیش لە باعەدرێ، شاریا، خانکێ و ناوچەی ھەوێریان، میرگەی ئێزدییەکان باعەدرێیە شوێنی میری ئێزدییان.
ئێزدییەکان بە کوردییەکی پەتی و کرمانجی دوعا و نزا دەکەن، لە ھەمان کاتدا ھەندێکی کەمیشیان بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیاوە بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن، بە تایبەت ئێزدییەکانی باشیک و نزیک پارێزگای مووسڵ، بەڵام نوێژ و ئەنجامدانی سرووتی ئایینی و کتێبە ئایینیەکانیشیان بە زمانی کوردییە، پیرۆزترین شوێنی ئایینیشیان پەرستگەی “لالش”ـە، کە دەکەوێتە قەزای شێخان لە نێوان سێ چیادا و گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگەیانە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لەڕووی کارگێڕییەوە قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت کە سەربەخۆ و پێشەیی بێت پاش دیاریکردنی قایمقام لەڕووی ئەمنییەوە چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، ھەروەھا پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن و ھەموو ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە، لەڕووی ئاوەدانکردنەوە لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان ھەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکراوە، گرووپە چەکدارەکان کێشەی گەورەیان بۆ خەڵکی شنگال دروست کردووە و شارەکە وێرانە و ھیچ ھەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەدراوە، بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە کەمتەرخەمییەکی زۆر ھەیە، لەگەڵ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان کێشەی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیان بۆ خەڵکی شنگال دروست کردووە و بوونەتە ڕێگر لەبەردەم ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە. پیر دیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: حکوومەتی عێراق شنگالی بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە، بەپێی ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە دەبوایە تا ئێستا ھەموو خەڵکی شنگال گەڕابانەوە و قەرەبوو کرابانەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا یەک خاڵ لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، چارەسەری بنەڕەتییش ئەوەیە کە کار بکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، چونکە کۆتایی بە ھەموو کێشەکان دێنێت، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر گرنگ بوو، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، ئەوەشی درکاند، ئەوە زیاتر لە ١٢ ساڵە خەڵکی شنگال دەربەدەر و ئاوارە بوونە، بەداخەوە ھەتا ئێستا ٢٠٨٠٠ خێزان لەناو کەمپەکان و ٣٥ ھەزار خێزانیش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە، ئەوە بۆ جاری یەکەمە لە مێژوودا دروست دەبێت خەڵکێک لەناو وڵاتی خۆیدا ئاوارە و دەربەدەر بێت، ئەوەش شەرمەزارییە بۆ حکوومەتی عێراق.
حوسێن قائید، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردانی ئێزدی بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، سەر بە نووسینگەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، ئامانجی سەرەکی ئەو نووسینگەیە ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدییە، لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی بەردەوام دەبین لەسەر کاری خۆمان تا یەک کەس لە دەست تیرۆریستاندا مابێت، ژمارەی ڕفێندراوەکان، ٦٤١٧ کەس، ڕەگەزی مێ، ٣٥٤٨ و ڕەگەزی نێر ٢٨٦٩ کەس، تاوەکو ئێستا ٣٥٩٥ ڕفێندراو ڕزگار کراون و چارەنووسی ٢٥٢٦ کوردی ئێزدی نادیارە، بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش ڕزگار بکرێن.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دھۆک، ئاشکراشی کرد: تا ئێستا نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی جیھان بە عێراقیشەوە ھاوکاری ئێمەیان نەکردووە سەرەڕای ئەوەی بەدەیان جار داوامان لێ کردوونە، ئەوەی ھاوکار بووە تەنیا نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم بوونە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە ھاوکاری ئێمە بکەن، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھاوکاری ئێمەیان نەکردووە، نە بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی، نە بۆ قەرەبووکردنەوەیان، ئەوەش ئەوە دەردەخات بابەتی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی بۆ حکوومەتی عێراق گرنگ نییە.