ڕائیب جادر – هەولێر
پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی لە بواری ڕێگەوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوونەتە ھۆکاری سەرەکی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی بازاڕی خانووبەرە، دەرفەتی کاریشی زیاتر کردووە، کاتێک پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەگەنە گەڕەکێکی نوێ ئاستی ژیان تێدا باشتر دەبێت، ئەوەش وا دەکات داواکارییەکی زۆر لەسەر زەوی و خانووبەرە ھەبێت. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەڵێت: کاروانی ئاوەدانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە ھەموو گوند و شارەکانەوە بەردەوامە، ئەولەویەتیش دروستکردنی ڕێگەی نوێ، ئاو و کارەبایە.
خاوەنی نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە، دڵخۆشن بە پڕۆژەکان و ئەو ھەنگاوانەی حکوومەتی ھەرێم دەنێت لە بواری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئیدارەی زاخۆ ئێستا لەگەڵ پێش چوار ساڵ ١٠٠% گۆڕاوە ئەگەر کەسێک ماوەیەک بێت نەھاتبێتە شارەکە ئێستا بەو شارەدا ڕەت بێت، دەڵێت ئەو شارەکە لە چ وڵاتێکی ئەوروپییە.
مسکین حەجی، خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی خانووبەرە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، کاتێک خزمەتگوزارییەکان دەگەن بە کۆڵان و گەڕەکێکی نوێ بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە گەرم دەبێت و خەڵک زیاتر ڕووی تێ دەکەن.
حەجی، دەشڵێ: لە یەکێک لە گەڕەکەکان پێش گەیشتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نرخی زەوییەکی ٢٠٠ مەتری ١٠ ھەزار دۆلار بوو، بەڵام دوای گەیشتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نرخەکەی دوو قات گران بووە.
بەردەوام بوونی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە دەبێتە ھۆکارێکی سەرەکی بۆ ڕاکێشانی وەبەرھێنەران بۆ شارەکە بۆ زیاتر ئاوەدانکردنی کۆڵان و گەڕەکی نوێ لەگەڵ دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژی، ئێستا چەندین پڕۆژەی گرنگ و گەورە لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، ئەوەش قازانجێکی بەردەوام بۆ خاوەن زەوی و خانووەکان پەیدا دەکات، لە ھەمان کاتدا دەرفەتی کاریش زیاتر دەکات.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کاروانی ئاوەدانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە ھەموو گوند و شارەکانەوە بەردەوامە، ئەولەویەتیش قیڕتاوکردنی ڕێگەوبانەکان و دروستکردنی ڕێگەی نوێ، ئاو و کارەبایە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەشڵێ: بەپێی ئەو پلانەی کە دامان ناوە لە داھاتوویەکی نزیکدا ھیچ کۆڵان و گەڕەکێکی سنوورەکە نامێنێت کە پڕۆژەیان پێ نەگات و ئاوەدان نەبنەوە، بەتایبەتی ئەو گەڕەکانەی کە ئێستا دروست کراون.

