رۆژنامەی ھەولێر

(کورتیس سیتنفێڵد). ئەو ژنەنووسەرەی باوەڕی بە لەمپەر نییە لەکاتی نووسین

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

کورتیس سیتنفێڵد ـ Curtis Sittenfeld)، نووسەری ڕۆمانی (سیستەرلاند – Sisterland) لەم گفتوگۆیەیدا باس لە کارەکتەرە دەمارگیرەکانی و بەربەستی نووسین و (جودی بلوم – Judy Blume) دەکات.

ـ تۆ وتار بۆ گۆڤار و هاوکاتیش ڕۆمان دەنووسیت. ئایا شێوازی نووسینەکەت بە پێی ژانرەکە دەگۆڕێت؟ کامەیان ئاسانترە؟
کورتیس سیتنفێڵد: چێژی وتار خێراترە، چونکە دەتوانیت لە ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێکدا تەواوی بکەیت. هەروەها وتار پێویستی بە چوونە ناو خەڵک و ڕاپۆرت هەیە، بەڵام ڕۆمان ڕۆچوونە ناو خەیاڵ و مێشکی خۆمە. نووسینی چیرۆک و ڕۆمان ئاسانترە ئەگەر ڕۆژانە ئەنجامی بدەیت و بە نووسینی وتار نەیپچڕێنیت.
ـ تۆ چاوپێکەوتنت لەگەڵ (میشێل ئۆباما – Michelle Obama) کردووە. ئایا ئەو کەسێکی سەرنجڕاکێشە؟
کورتیس سیتنفێڵد: سەرسوڕهێنەرە. دڵنیام دەتوانێت ببێتە سەرۆک، هەرچەندە دڵنیا نیم خۆی ئەوەی بوێت.
ـ سێ کتێب بە خوێنەران پێشنیار بکە.
کورتیس سیتنفێڵد: کتێبی یەکەم کە پێشنیاری بکەم، (کچەکەی خوارەوە – The Girl Below) لە نووسینی (بیانکا زاندەر – Bianca Zander)ە کە چیرۆکی ژنێکی ئینگلیزی دەروونپەشێو و سەرگەردانە و دوای دە ساڵ لە نیوزیلاند دەگەڕێتەوە بۆ لەندەن. ڕۆمانی دووەمیان (پەروەردەی هەڵەی کامیرۆن پۆست – The Miseducation of Cameron Post)ە کە لە نووسینی (ئێمیلی دانفۆرت – Emily Danforth)ە باسی کچێکی هاوڕەگەزخوازی دەروونپەشێو لە ویلایەتی مۆنتانا دەکات کە دەنێردرێت بۆ قوتابخانەیەکی شەوانەی تایبەت بە گۆڕینی ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازی. هەروەها سێیەمیشیان ڕۆمانی (مرۆڤێکی تەواو نوێ – Brand New Human Being)ە لە نووسینی (ئێمیلی جین میڵەر – Emily Jeanne Miller) کە چیرۆکی پیاوێکی دەروونپەشێوی تەمەن سی و چەند ساڵە کە دوای ئەوەی باوکی کۆچی دوایی دەکات و هاوسەرەکەی خیانەتی لێدەکات، دەیەوێت ژیانی ڕێکبخاتەوە. هەموو ئەم کتێبانە زۆر زیرەکانە نووسراون و کارەکتەری سەرەکییان دەمارگیر و ناسەقامگیرە کە خوێنەر خۆشی دەوێن و چێژ لە خوێندنەوەیان دەگرێت.
ـ باسی پڕۆسەی داڕشتنی بیرۆکەی کتێبەکانت بکە پێش ئەوەی دەست بە نووسینیان بکەیت.
کورتیس سیتنفێڵد: ئەگەر بابەتێک بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام بۆ کەسانی تر وا نەبێت، ئەوە نیشانەیەکی باشە. ڕۆمان دەکرێت ڕێگەیەک بێت بۆ ڕوونکردنەوە یان پاساودانی ئەو شتانەی کە تۆ ئاڵوودەیان بوویت (بۆ نموونە: لاورا بووش – Laura Bush).
ـ باسی شێوازی نووسینت بکە، ئایا هیچ ڕێگەیەکی نامۆت هەیە لە کاتی نووسیندا؟
کورتیس سیتنفێڵد: تایمەری ئایفۆنەکەم دادەنێم تاوەکو بزانم کەی دەبێت بوەستم و بچم بە لای کارێکی ترەوە. لە ڕۆژە باشەکاندا، دەتوانم بۆ ماوەی سەعاتێک یان دوو سەعات بە تەواوی نوقمی کارەکەم بم بێ ئەوەی پێویست بکات هەموو دەقیقەیەک سەیری کاتژمێرەکە بکەم.
ـ ئایا هیچ شتێکی جیاواز لە شوێنی کارەکەت هەیە؟ چی لەسەر مێزەکەت دادەنێیت؟
کورتیس سیتنفێڵد: ماوەیەکی کەمە کۆمپیوتەرێکی دێسکتۆپ بەکاردەهێنم تەنها بۆ نووسینی ڕۆمان، و لاپتۆپێکیش لەسەر مێزێکی تر لە هەمان ژوور بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ئەو شتانە بەکار دەهێنم. ئەمە یەکێکە لە هەوڵەکانم بۆ پاراستنی خۆم لە دەست خۆم (واتە دوورکەوتنەوە لە بێزاربوون بە ئینتەرنێتەوە) و پێدەچێت ڕێگەیەکی سەرکەوتوویش بێت.
ـ چ دەکەیت کاتێک تووشی بەربەستێک دەبیت و یەک وشەشت پێ نانووسرێت؟
کورتیس سیتنفێڵد: من باوەڕم بە بەربەست و لەمپەری نووسین نییە، پێموایە تەنها مرۆڤ هەندێک کات مەزاجی نییە. بەڵام ئەگەر لە دیمەنێکدا پەکم کەوت و نەمتوانی درێژە بە نووسینی بدەم، دەچمە سەر دیمەنی دواتر. کاتێک دەگەڕێمەوە بۆ دیمەنە کۆنەکە، پردێکی پەیوەندی دروست بووە کە ئاسانترە دەست بە نووسینەوەی بکەم و ئەمە تەنها یەک ڕێگەیە بۆ بەردەوامبوون.
ـ باسی بەرنامەی ئێوارانت بکە بۆمان؟
کورتیس سیتنفێڵد: مەودای خەوتنی منداڵەکانم و خەوتنی خۆم، تەنها سەعاتێک و ١٥ خولەکە. هەوڵ دەدەم ژیرانە بەکاری بهێنم بەڵام زۆربەی کات سەرکەوتوو نابم. زۆربەی کات خەریکی کۆکردنەوەی جلی شووراو و قسەکردن لەگەڵ خێزانەکەم بە تەلەفۆن یان سەیرکردنی زنجیرەیەکم کە مێردەکەم چوار مانگ لەمەوبەر تۆماری کردووە. ئەگەر بچمە ناو ئینتەرنێتەوە کاتەکە بە خێراترین شێوە دەڕوات. کاتێکیش زۆر بەکەیفین، ئایسکرێمی ساندویچی براندی (Ciao Bella) دەخۆین. دەزانم ئەم وەڵامەم وا نیشان دەدات کە دوو لەسەر سێی ژیانم بێزارکەرە و یەک لەسەر سێی پۆزە، کە بە داخەوە ڕاستییەکەش هەر وایە.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
کورتیس سیتنفێڵد: (لویس سی.کەی – Louis C.K) کاتێک باسی کێشەکانی گەدە و ڕیخۆڵەی دەکات.
ـ چی دەتگریێنێت؟
کورتیس سیتنفێڵد: یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد. هەروەها ئەو ڕیکلامانەی کۆمپانیای (Procter & Gamble) کە لە کاتی ئۆڵۆمپیاد پەخش دەکرێن.
ـ شتێک هەیە کە هەمیشە پێت بێت؟
کورتیس سیتنفێڵد: دەرزی (EpiPen)، چونکە یەکێک لە منداڵەکانم هەستیاری و حەساسیەی هەیە.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
کورتیس سیتنفێڵد: سێو. هەوڵ دەدەم نەهێڵم لە یەک کاتدا زیاتر لە چوار یان پێنج ناوکی سێوی کەڕووهێناو لەناو ئۆتۆمبێلەکەم کۆبێتەوە.
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
کورتیس سیتنفێڵد: (بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بم – To be honest). بیستوومە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە تۆ درۆزنێکی و دەتەوێت ئەو درۆیە داپۆشیت.
ـ چیرۆکی بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبت چۆن بوو؟
کورتیس سیتنفێڵد: لە کۆی ١٥دەزگای چاپ و بڵاوکەرەوە، ١٤یان کتێبی (پڕێپ – Prep)یان ڕەتکردەوە. دواجار کۆمپانیای (Random House) بە ٤٠ هەزار دۆلار کڕییەوە و بووە یەکێک لە پڕفرۆشترینەکان.
ـ ئەگەر نووسەر نەبوویتایە، چ کارێکت دەکرد؟
کورتیس سیتنفێڵد: بە ئەزموون دەزانم کە دەمتوانی وەک مامۆستای ئینگلیزیی قۆناغی ئامادەیی زۆر بەختەوەر بم.
ـ چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ نووسەرانێک کە تازە دەستیان بە نووسین کردووە؟
کورتیس سیتنفێڵد: ئەگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان چێژ لە خودی نووسینەکە نابینیت، مەیکە؛ چونکە هیچ کۆنتڕۆڵێکت بەسەر بەشەکانی تری پڕۆسەکەدا نییە.
ـ کەی هەستت کرد نووسەریت؟
کورتیس سیتنفێڵد: کاتێک (جودی بلوم)ی نووسەری ناودار، لە تویتەر نووسی: کتێبەکانتم بەدڵە.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
کورتیس سیتنفێڵد: بنووسرێت: جودی بلوم کتێبەکانی ئەوی بەدڵ بوو.

تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.