سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (29ی تەممووزی 2026)، پێشوازی لە خاتوو هۆڵی ڤێر کونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە دیپلۆماسییەکەی لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا، سەفین دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی بەریتانیا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیدا. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەیی تەواوی فەرمانگەکەی و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک کە ببێتە هۆی سەرخستنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمدا.
سەفین دزەیی ئاماژەی بە پەیوەندییە پتەو و دۆستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەولێر خوازیارە لە ڕێگەی هەماهەنگیی بەردەوام و کاری پێکەوەیی، ئەم پەیوەندییانە لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر ببات.
لە بەرامبەردا، خاتوو هۆڵی ڤێر خۆشحاڵی خۆی نیشان دا کە وەک نوێنەری باڵای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە. کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانیان و ئاماژەی بە بایەخی پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و هەولێر کرد، هاوکات هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا بتوانێت دەورێکی کاریگەر بگێڕێت لە قووڵکردنەوە و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییە دوولایەنەکان.
بەریتانیا وەک یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکی و مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و لە چەندین بواری جیاوازی وەک ئەمنی، سەربازی، پەروەردەیی و ئابووریدا هاوکاریی نزیکی دامەزراوەکانی هەرێم دەکات. ئەم گۆڕانکارییە لە سەرۆکایەتیی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەماهەنگیی دیپلۆماسی لە ئەولەویەتی کارەکانی هەردوولادایە.

