رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخشەی ئابووریی دهۆک دەگۆڕێت

كه‌ررتی گه‌شتیاری كۆڵه‌گه‌یه‌كی به‌هێزی ژێرخانی ئابوورییه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری جیددی له‌و كه‌رته‌دا كردووه‌ و تا دێت شوێنی گه‌شتیاری زیادتر ده‌بن، لەم ڕووەوە دوو شاری گەشتیاری سەردەمیانە لە دهۆک بنیات دەنرێت و کاریگەری تەواوی لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری ناوچەکە و ڕەخساندنی هەلی کار دەبێت.

لەسەر فراوانیی شینایی بەنداوی دهۆک و لە سەر بەرزایی چیایی زاوا لە دهۆک، چیرۆکێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە دەستپێدەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماستەر پلانی دوو شاری گەشتیاریی نوێی ڕاگەیاندووە، کە بنەما کۆنەکانی گەشتوگوزار دەسڕێتەوە و چەمکێکی مۆدێڕنی جیهانی دەهێنێتە ئاراوە، ئەم هەنگاوە تەنیا دروستکردنی هۆتێل و مۆتێل و چەند کافێیەک نییە، بەڵکو هێنانەکایەی بزوێنەرێکی بەهێزی ئابوورییە کە پێشبینی دەکرێت، لە ماوەی سێ بۆ شەش ساڵی دی بێتە دی و هەزاران هەلی کار بڕەخسێنێت و بۆ هەمیشەش ڕووخساری پارێزگای دهۆک بگۆڕێت.
كه‌رتی گه‌شتیاری كه‌ كه‌رتێكی به‌هێزی بوژاندنه‌وه‌ی وڵات و سه‌رچاوه‌یه‌كی پڕداهاته‌ و ده‌كرێت پشتی پێ ببه‌سترێ، ساڵانێکە کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان بە سترابووەوە بە پڕۆژەی بچووکەوە، کە نەیدەتوانی وەڵامدەرەوەی خواستی گەشتیاران بێت، بەڵام پڕۆژە نوێیەکان فەلسەفەی کارکردنیان گۆڕیوە.
پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەر چیای زاوا و بەنداوی دهۆک، ڕاستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتی و بەدواداچوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخشەیان بۆ کێشراوە.
ئەم دوو ماستەرپلانە وا دیزاینکراون، وەک دوو شاری سەربەخۆ ڕۆدەنرێن، کە هەموو پێداویستییەکانی گەشتیاریی هەر لە حەوانەوە و کات بەسەربردنەوە تا کڕین و چێژ وەرگرتن لە سروشت تێیدا کۆکراوەتەوە و هەردوو پڕۆژەکە لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگن، کە ئامانج لێیان پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و دۆزینەوەی سەرچاوەی داهاتی نوێ و ڕاکێشانی گەشتیاری بیانییە.
پڕۆژەکانی چیای زاوا و بەنداوی دهۆک، دەرفەتێکی زێڕین بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکی دەستەبەر دەکات، بەوەی تێیدا شوێن و دەرفەت بۆ زنجیرەیەک چێشتخانە و کافێی براندی نێوخۆیی و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهانی هەیە، هاوکات تێیاندا مۆتێل و هۆتێلی ئەستێرەدار و کۆمەڵگەی گەشتیاریی تایبەت هەنە، هاوکات هەر لەو پڕۆژانەدا، ناوچەی سەرقاڵبوونی خێزانی و وەرزشی و یاری ئاوی هەیە.
لە ڕووی داراییەوە پڕۆژەکان دابەشکراون بەسەر چەند زۆن و پێکهاتەی جیاوازدا، کە دەرفەت دەدرێتە وەبەرهێنەران تا بەپێی توانا و تایبەتمەندییان بەشەک لە ماستەرپلانەکە جێبەجێ بکەن.
لە هەنگاوی کرداریدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک دەست دەکات بە دروستکردنی کۆڕنیشێکی پێشکەوتوو لە پشت بەنداوی دهۆک، تەواو بوونی کۆڕنیشەکە، دەبێتە دەروازەی ڕاگەیاندنی فەرمی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی سێ بۆ شەش ساڵی دی، تەواوی بەشەکانی ئەم دوو شارە گەشتیارییە تەواو ببن.
ئەم ماستەرپلانانە ستراتیژییەکە بۆ ڕزگاربوونی پلە بە پلە لە پشت بەستن بە تانیا سەرچاوەی نەوت، هاوکات ڕەخساندنی هەزاران هەلی کری ڕاستەوخۆ لە کەرتی میوانداری و خزمەتگوزاری، لەگەڵ هەزارهەلی کاری نا ڕاستەوخۆ لە کەرتی گواستنەوە و بازرگانی و کشتوکاڵ و بەرهەمە خۆماڵییەکان، بە تەواوبوونی پڕۆژەکانیش چیای زاوا و پشتی بەنداوی دهۆک، تەنیا وەک شوێنێکی دڵڕفێنی سروشتی نامێننەوە، بەڵکو دەبنە دوو ناوەندی گەورەی ڕاکێشانی گەشتیار لەسەر نەخشەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان.