ماكوان عيززهت – هەولێر
خەم هەستێکی ئاسایی و دەروونییە لە مرۆڤدا؛ ڕووداوەکانی ژیان وەک (لەدەستدانی ئازیزان، کۆچ و کۆچبار، یان لەدەستدانی شتێکی بەنرخ) وامان لێ دەکەن تووشی دڵتەنگی ببین. بەڵام ئەم جۆرە خەمە کاتییە و بە تێپەڕینی کات کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە و لەنێو دەچێت.
لە بەرامبەردا، کاتێک باسی خەمۆکی (Depression) دەکرێت، بارودۆخەکە بە تەواوی جیاوازە. خەمۆکی باری تەندروستیی دەروونی تێک دەدات؛ کەسی تووشیار چێژ لە ژیان و چالاکییەکان وەرناگرێت، بەردەوام هەست بە تەنیایی دەکات و ناتوانێت لەگەڵ خۆشییەکاندا بگونجێت. هەروەها ڕەتی هاوکارییەکانی دەوروبەری دەکاتەوە، بەردەوام چاوی پڕ لە گریانە (کە ئەم گریانەش ئازارەکەی کەم ناکاتەوە)، لە ڕووداوە ناخۆشەکانی ڕابردوو گیر دەخوات، شڵەژانی ڕەفتاری و دابەزینی ئاستی کارکردنی بەسەردا دێت و بە ڕەشبینییەوە سەیری ئایندە دەکات.
لەبارەی نیشانەکان و ڕێگەچەرەسەرەکانی ئەم جۆرە نەخۆشییە، د. نەسرەو مستەفا مەحموود، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، زانیارییە سەرەکییەکان دەخاتە ڕوو:
نیشانە سەرەکییەکانی خەمۆکی
• هەستی بەردەوامی خەم، دڵتەنگی، یان هەستکردن بە بۆشایی نێوخۆیی.
• لەدەستدانی ئارەزوو یان چێژنەنەبردن لە زۆربەی چالاکییەکانی ڕۆژانە.
• گۆڕانکاریی بەرچاو لە کێشی جەستەدا (دابەزین یان زیادبوونی کێش) و گۆڕانی ئارەزووی خواردن.
• تێکچوونی خەو (کەمخەوی یان زۆرخەوی).
• گۆڕانکاری لە جووڵەی جەستەدا (خاوبوونەوەی بەرچاو یان نائارامیی جەستەیی).
• هەستکردنی بەردەوام بە بێهێزی، ماندوێتی، یان کەمبوونی وزە.
• هەستکردن بە بێبەهایی، بێکەڵکی، یان تاوانباریی زۆرهۆکار.
• کەمبوونەوەی توانای تەرکیزکردن، بیرکردنەوە، یان بڕیاردان.
• بیرکردنەوەی بەردەوام لە مردن و خۆکوشتن، یان هەوڵدانی کرداری بۆ خۆکوشتن.
ڕێگەچارەسەرەکانی خەمۆکی
١. چارەسەری دەرمانی:
بەکارهێنانی دەرمانە دژەخەمۆکییەکان لەژێر چاودێریی پزیشک، بە مەبەستی هاوسەنگکردنەوەی ماددە کیمیاییەکانی مێشک (بۆ نموونە: سیرۆتۆنین).
٢. چارەسەری دەروونی (ڕەفتاری-تێگەیشتن):
پشتیوانیکردن لە ڕێگەی گفتوگۆی چارەسەرییەوە) وەک چارەسەری ڕەفتاریی زانیاری/ تێگەیشتن، بە مەبەستی دەستکاریکردن و گۆڕینی بیرۆکە نەرێنییەکان و فێربوونی شێوازی تەندروستانەی مامەڵەکردن.
٣. چارەسەرى کارەبایی (ECT):
بەکارهێنانی پەلکێشانی کارەبایی کۆنتڕۆڵکراو لەژێر هۆشبردندا (سڕکردن)؛ ئەم ڕێگەیە بۆ ئەو حاڵەتە زۆر توند و مەترسیدارانەی خەمۆکی بەکار دێت کە وەڵامی چارەسەری دەرمانییان نەبووە.

