ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
نەخۆشییە زکماکییەکانی دڵی منداڵان یەکێک لەو بابەتە تەندروستییانەن کە پێویستیان بە ئاگاداری و دەستنیشانکردنی پێشوەختە هەیە. لەم بارەیەوە، د. نادین عەبدولڕەزاق مەحمود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان، چەند زانیارییەکی ورد دەربارەی جۆرەکانی تێکچوونی زکماکیی دڵ و شێوازی چارەسەرکردنیان ڕوون دەکاتەوە.
جۆرە سەرەکییەکانی نەخۆشیی زکماکیی دڵ
بەپێی وتەی پزیشکەکە، کێشە زکماکییەکانی دڵ لای منداڵان لە چەند جۆرێکدا خۆیان دەبیننەوە، لەوانە:
• کون لە دیواری دڵدا: بوونی کەلێن لە نێوان ژوورەکانی دڵدا (وەک نێوان گوێچکۆکەکان یان سکۆڵەکان)، کە دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی خوێنی ئۆکسجیندار (پاک) و بێ ئۆکسجین (پیس).
• تەسکبوونەوەی ڕێڕەوەکان: کاتێک زمانەکانی دڵ یان دەمارە گەورەکان تەسک دەبنەوە و ڕێگە بە ڕۆیشتنی ئاسایی خوێن نادەن.
• پێکهاتەی هەڵە: دروستبوونی شێوازی دڵ بە شێوەیەکی نائاسایی، وەک بەستنەوەی دەمارە گەورەکان بە ژووری هەڵەی دڵەوە.
قەستەرەی دڵی منداڵان؛ چارەسەرێکی پێشکەوتوو
د. نادین ئاماژە بەوە دەکات کە قەستەرەی دڵ ڕێگەیەکی پێشکەوتوو و بریتێکی نوێیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بەبێ پێویستی بە نەشتەرگەریی کراوە (بڕینی سنگ).
چۆنیەتیی ئەنجامدانی: پزیشک ڕێڕەوێکی باریک (بۆریی قەستەرە) لە ڕێگەی خوێنهێنەری قاچ یان دەستەوە ڕەوانەی ناو جەستە دەکات و دەیگەیەنێتە ناو دڵ.
ئەرکە سەرەکییەکانی قەستەرە:
1. داخستنی کونەکانی دڵ: لە ڕێگەی دانانی ئامێر یان پارچەیەکی بچووکی تایبەتەوە.
2. فراوانکردنی تەسکبوونەوەکان: بەکارهێنانی باڵۆنی تایبەت بۆ فراوانکردنی زمانە تەسکەکانی دڵ یان دەمارەکان.
3. دانانی پشتیوان (شەبەکە/Stent): دانانی بۆرییەکی مۆڕکی بچووک (کۆڵەکە) بۆ هێشتنەوەی خوێنهێنەرەکان بە کراوەیی.
سوودی سەرەکی: قەستەرەی دڵ دەبێتە هۆی چاکبوونەوەی زۆر خێراتری منداڵەکە، ئازاری کەمترە و مەترسییەکانی زۆر کەمترن بەراورد بە نەشتەرگەرییە گەورەکان.

