سەردار ئەکرەم _ بەریتانیا
شکسپیر دەڵێت نابێ مرۆڤ تەنها بە پێی ئەو دەمامکە کۆمەڵایەتییەی هەڵیپێچاوە، هەڵبسەنگێنرێ؛ چونکە ڕاستییەکان زۆرجار لە شوێنێکی تردا خۆی شاردووەتەوە
ویلیام شکسپیر ئەو بلیمەتەی کە بە قەڵەمەکەی سنوورەکانی کات و شوێنی بڕیوە لە شانۆنامەی پێوانە بۆ پێوانەدا یەکێک لە ئاڵۆزترین و قووڵترین وێنەکانی مرۆڤمان بۆ دەکێشێت کە تا ئێستاش وەک ئاوێنەیەک ڕاستییە تاڵەکانی دەسەڵات و ڕەوشتمان نیشان دەداتەوە. ئەم بەرهەمە کە ساڵی ١٦٠٣-١٦٠٤ نووسراوە و بە کۆمیدیایەکی تاریک یان شانۆنامەی کێشە ناسراوە، باسی چیرۆکی شارێکی وەک ڤیەننا دەکات کە لەوێ یاساکان شلۆق بوونە و دۆق ڤینسێنتیۆ بڕیار دەدات بە شێوەیەکی نهێنی شارەکە جێ بهێڵێت و دەسەڵات بداتە دەست ئەنجیلۆی جێگری کە بە پیاوێکی توند و خاوەن ڕەوشتێکی بەرز ناسراوە. ئەنجیلۆ دەستبەجێ یاسایەکی کۆن زیندوو دەکاتەوە کە سزای مەرگ بۆ هەرکەسێک دادەنێت کە لە دەرەوەی هاوسەرگیریدا سەرجێیی بکات؛ گەنجۆ کلاودیۆ دەبێتە یەکەم قوربانی بەڵام کاتێک ئیزابێلای خوشکی کلاودیۆ کە کاندیدی راهیباتیە و دەچێتە لای ئەنجیلۆ بۆ داوای بەزەیی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتدارە پاکیزەیە ئاشکرا دەبێت و دەکەوێتە داوی ئارەزووەکانی خۆیەوە و داوایەکی نائەخلاقی لە ئیزابێلا دەکات لە بەرامبەر ڕزگارکردنی ژیانی براکەی.
پەیامە سەرەکیەکەی شکسپیر لەم شانۆنامەیەدا لەو ململانێیەدا چڕ دەبێتەوە کە لە نێوان وشکی یاسا و گیانی زیندووی بەزەییدا هەیە چونکە نووسەر دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی جەوهەری کە ئایا دادپەروەری ڕاستەقینە دەتوانێت بەبێ بەزەیی و لێبوردەیی جێگیر بێت یان تەنها دەبێتە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن. شکسپیر لە ڕێگەی کەسایەتی ئەنجیلۆوە پەیامێکی توند دەربارەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و دووڕوویی مرۆڤ دەگەیەنێت و نیشانمان دەدات کە چۆن مرۆڤەکان کاتێک دەگەنە لوتکەی دەسەڵات و خۆیان بە پارێزەری ڕەوشت دەزانن دەکرێت لە ناوەوە پڕ بن لەو گەندەڵی و ئارەزووانەی کە خۆیان سزای خەڵکی تری لەسەر دەدەن. ئەمە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵات دەتوانێت ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان ئاشکرا بکات و پەردە لەسەر ئەو دووڕووییە لابدات کە زۆرجار لە پشت ڕواڵەتێکی پیرۆزەوە خۆی حەشار داوە.
هەروەها شکسپیر بە قووڵی لە سروشتی مرۆڤ و ئەو ململانێیە دەکۆڵێتەوە کە لە نێوان ئاوەز و ئارەزوودا هەیە و نیشانمان دەدات کە هیچ مرۆڤێک بە تەواوی لە هەڵە و لادان پارێزراو نییە و تەنانەت ئەوانەشی کە وەک فریشتە دەردەکەون لە ناوەوە هەمان ئەو ململانێیانەیان هەیە کە مرۆڤە ئاساییەکان هەیانە. ئەم تەوەری ڕواڵەت و ناوەڕۆکە یەکێکە لە پەیامە هەرە گرنگەکانی نووسەر کە تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت مرۆڤەکان تەنها بە پێی ئەو دەمامکە هەڵبسەنگێنرێن کە لە ناو کۆمەڵگادا پۆشیویانە چونکە ڕاستییەکان زۆرجار لە شوێنێکی تردا خۆیان شاردووەتەوە. دووک ڤینسێنتیۆ کە بە درێژایی شانۆنامەکە وەک چاودێرێکی نهێنی دەمێنێتەوە نوێنەرایەتی ئەو دیدگایە دەکات کە دەیەوێت هاوسەنگییەک لە نێوان سزادان و لێبوردەییدا بدۆزێتەوە وەک ئەوەی شکسپیر بیەوێت بڵێت کە حوکمڕانییەکی تەندروست پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە لاوازییەکانی مرۆڤ نەک تەنها جێبەجێکردنی کوێرانەی دەقە یاساییەکان.
گرنگی ئەم شانۆنامەیە لەوەدایە کە شکسپیر نایەوێت وەڵامێکی ئاسان و یەکلاکەرەوەمان بداتێ بەڵکو دەمانخاتە ناو جەرگەی دوودڵی و ململانێیەکی ئەخلاقییەوە کە تا ئێستاش لە هەموو سیستمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بوونی هەیە. پەیامی پێوانە بۆ پێوانە بانگەوازێکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی کە پێش ئەوەی حوکم بەسەر کەسانی تردا بدەن سەیری ناوەوەی خۆیان بکەن و تێبگەن کە هەمووان لەبەردەم یاسای سروشت و ئارەزوودا یەکسانن. ئەم بەرهەمە نەک تەنها وەک دەقێکی ئەدەبی بەڵکو وەک لێکۆڵینەوەیەکی دەروونی و سیاسی دەمێنێتەوە کە تێیدا شکسپیر بە لێهاتووییەکی بێوێنە پەردە لەسەر تاریکییەکانی دەسەڵات لا دەبات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دادپەروەری ڕاستەقینە ئەو کاتە دێتە دی کە بەزەیی وەک پێوانەیەک بۆ هەموو بڕیارەکان بەکار بهێنرێت.

