ماكوان عيززهت – هەولێر
لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سوورێژە، پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی چەندین پەیام و وشیاریی زانستی ئاراستەی هاووڵاتییان و دایک و باوکان دەکەن. جەخت لەوە دەکرێتەوە کە سوورێژە یەکێکە لە سەختترین و خێراترین نەخۆشییە ڤایرۆسییە گوازراوەکان، تەنها لە ڕێگەی هەڵمەتەکانی کوتان (ڤاکسین) دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگە لە ماکە مەترسیدارەکانی بگیرێت.
د. زانا دزەیی، پسپۆڕی وردی کۆئەندامی هەناسە و سییەکان، چەند خاڵێکی زانستیی گرنگی دەربارەی نەخۆشییەکە و ڤاکسینەکەی دەخاتە ڕوو:
* . گوێزرانەوەی خێرا: سوورێژە بە خێراترین نەخۆشیی درمیی ڤایرۆسی دادەنرێت. ئەگەر کەسێکی تووشبوو بەرکەوتەی لەگەڵ ١٠ کەسدا هەبێت، ٩یان تووشی ڤایرۆسەکە دەبن. هەروەها هەوکردنی سییەکان و مێشک هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانن لەم نەخۆشییەدا.
* . کەمبوونەوەی ڕێژەی مردن بە هۆی ڤاکسینەوە: پێش دۆزینەوەی ڤاکسینی سوورێژە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ساڵانە نزیکەی ٥ملیۆن و ٢٠٠هەزار منداڵ لە جیهاندا بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دەدا. بەڵام ئێستا بە هۆی ڤاکسینەوە، ڕێژەکە بۆ کەمتر لە ١٤٠هەزار مردن لە ساڵێکدا دابەزیوە.
* . ڕێژەی پێویست بۆ بەرگری: تەنها ڤاکسین دەتوانێت بە تەواوی کۆتایی بە نەخۆشییەکە بهێنێت؛ بە مەرجێک زیاتر لە سەدا ٩٠ـی ئەو منداڵانەی پڕۆگرامی کوتان دەیانگرێتەوە، ڤاکسینەکە وەربگرن.
* . سەلامەتیی ڤاکسینەکە: ڤاکسینی سوورێژە یان ڤاکسینی سیانی (MMR) ڤاکسینێکی تەواو سەلامەتە و، ئەو باوەڕەی دەڵێت “تووشی ئۆتیزمی دەکات” هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە. بە پێچەوانەوە، ئەو منداڵانەی تووشی هەوکردنی سوورێژە و ماکەکانی سەر مێشک و دەمار دەبن، ڕێژەی تووشبوونیان بە ئۆتیزم بەرزتر دەبێتەوە.
د. زانا ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها هەندێک گرووپی ڕادەبەدەر دیاریکراو نابێت ڤاکسینەکە وەربگرن، وەک ئەوانەی هەستیاریی توندیان بەرامبەر پێکهاتەی ڤاکسینەکە هەیە، یان ئەوانەی سیستەمی بەرگریی جەستەیان زۆر دابەزیوە (وەک تووشبووانی شێرپەنجە، ئەو کەسانەی دەرمانی دابەزاندنی بەرگری بەکاردەهێنن یان چاندنی ئەندامیان بۆ کراوە). لە کۆتاییدا بانگەوازی بۆ هاووڵاتییان کرد کە بڕوایان بە زانست هەبێت و گوێ لە کەسانی نابەرپڕس نەگرن و بە زووترین کات منداڵەکانیان لە هەڵمەتەکانی کوتاندا بەشدار پێ بكەن.
نیشانەکان، ڕێگەکانی گواستنەوە و خۆپارێزی
لە لایەکی دیکەوە، د. بیلال عەبدوڵڵا محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان ڕوونی کردەوە کە نیشانەکانی سوورێژە دوای ١٠ تا ١٤ ڕۆژ لە تووشبوون دەردەکەون، کە بریتین لە:
نیشانە سەرەکییەکان: تای بەرز، کۆکە، لووتەچۆڕە (ئاوی لووت)، ئازاری قوڕگ، سووربوونەوەی چاو، پەیدایشتی پەڵەی سوور لەسەر پێست و پەڵەی سپی لە ناودەم و سەر زمان.
د. بیلال جەختی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە:
• ڕێگەی گواستنەوە: ڤایرۆسەکە بە ئاسانی لە ڕێگەی کۆکە، پژمین، قسەکردن و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە. هەروەها ڤایرۆسەکە دەتوانێت لەسەر مێز، کورسی و بەتانی بمێنێتەوە و لە ڕێگەی دەستلێدانەوە بگوێزرێتەوە.
• چارەسەرنەبوونی نەخۆشییەکە: سوورێژە چارەسەرێکی ڕاستەوخۆی دیاریکراوی نییە؛ چونکە دەبێت نیشانەکانی سووڕی سروشتیی خۆیان (٢ تا ٣ هەفتە) تێپەڕێنن. بۆیە خۆپاراستن و کوتان باشترین و تاکە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەیە.
• خۆپارێزی لە شوێنە قەرەباڵغەکان: پێویستە خۆ لە بردنی منداڵ بۆ شوێنی قەرەباڵغ (وەک ئاهەنگ، ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتی و باخچەی ساوایان) بپارێزرێت. ئەگەر منداڵێک لە باخچەی ساوایان تووش بوو، دەبێت لە ماڵەوە بهێڵرێتەوە تا بە تەواوی چاک دەبێتەوە.
• ڕۆڵی ڤیتامین (A): ئەو منداڵانەی ڤیتامین (A) لەشیان کەمە، نیشانەکانی سوورێژەیان لێ توندتر دەبێت. بۆیە پێویستە خۆراکی دەوڵەمەند بەم ڤیتامینە (وەک گێزەر، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەردێنەی هێلکە)یان پێ بدرێت.
سەرەڕای ئەوەی بە هۆی کوتانەوە ڕێژەی مردن لە جیهاندا زۆر کەمی کردووە، بەڵام بە پێی ئامارە جیهانییەکان هێشتا ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠هەزار کەس (کە زۆربەیان منداڵانن) بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن، ئەمەش گرنگیی هەڵمەتی بەردەوامی کوتان دووپات دەکاتەوە.

