رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی کرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی و ڕێگری لە قۆرخکاری.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تەمووز، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، چارەسەری ئەم بابەتە بکەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:

یەکەم: نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆریی بەنزین.

دووەم: پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و محەسەن) بکرێت كه گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێم و ڕێگریش بکرێت له قازانجى ناڕەوا.هەروەها ئاسانکاریش بکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەهێنرێن.

سێیەم: داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین کە ڕێژەی پێویستی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە ، زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل بە پێی ڕێژەی %12.67ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دیاریکراوە.

چوارەم: ڕێگریی لە قۆرخکاریی لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت.