رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر….. ڕێورەسمی کۆتاییهاتنی پڕۆژەی نیشتمانیی بەهێزکردنی بژێوی بەردەوام و یەکخستنەوەی گەڕاوەکان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە 2026.7.27، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ژمارەیەکی بەرچاوو لە بەرپرسانی ئیداری، و حکومی، ڕێورەسمی کۆتاییهاتنی پڕۆژەی ستراتیژیی “بەهێزکردنی بژێوی بەردەوام – پێشخستنی یەکخستنەوەی گەڕاوەکان بۆ خۆشگوزەرانی درێژخایەن لە عێراق ( 2023 – 2026 )” بەڕێوەچوو، کە لە لایەن دەزگای ڕوانگە، بە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک، حکومەتی عێراقی فیدراڵ، و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ( JCC ) وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێكرابوو.

لە ڕێورەسمەكەدا، خاڵە سەرەکییەکانی دەستکەوتی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە خرانە ڕوو، كە ئامانجی سەرەکی دابینکردنی هەلی کار و سەرچاوەی بژێوی بەردەوام بوو بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر کۆچبەربوون و گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی یارمەتیدانیان بۆ تێکەڵبوونەوەی تەواو لەناو کۆمەڵگادا، لەوانەش پەرەپێدان و پێشکەشکردنی ڕاهێنانی چڕ لەسەر نووسینی پلانی بازرگانی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە بچووکەکان و دابینکردنی بەخشینی دارایی ڕاستەوخۆ بۆ دەیان گەڕاوە بە مەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەی تایبەت و هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و ڕەخساندنی بەدیلی گونجاو لە ناوخۆدا.